Sunday, September 23, 2012

فیدراسۆن ئیدانەی ناردنی پەناخوازانی عێراقی دەكات بۆ دوورگەی ناورۆ


پاش ئەوەی ئەمڕۆ هەینی 21 ئەیلولی 2012، حكومەتی ئوسترالیا دووەم وەجبەی پەناخوازانی گواستەوە بۆ دورگەی ناورۆ، كە ژمارەیان 30 پەناخواز بوو كەلەناویاندا 6 پەناخوازی بەڕەگەز عێراقی هەن، فیدراسۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق بە توندی ئیدانەی ئەو ڕاگواستنە دەكات.

ئامانج عەبدوڵا، سەرۆكی لقی كوردستانی فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بە توندی ئیدانەی ئەو ڕاگواستنەی كرد و بەپێشێلكردنی مافی پەناخوازانی لەقەڵەمدا و داوای لە بەرپرسانی حكومەتی عێراق كرد كە هەڵوێست وەربگرن و داوا لە نوێنەرایەتیەكانی حكومەتی ئوسترالیا بكەن كە پلانی ڕاگواستنی پەناخوازان بۆ ئەو دوورگەیە ڕابگرێت.

ئامانج ووتی ” ئەم ڕاگواستنە بازرگانیكردنە بە گیانی پەناخوازانەوە و حكومەتی ئوسترالیا دەیان ملیۆن دۆلار دەداتە ئەو دورگەیە بۆ ئەوەی پەناخوازانی ووڵاتەكەی لێوەربگرێت.”

ڕاگواستنی پەناخوازان سیاسەتێكی پێشووتری حكومەتی ئوسترالیا بووە لە ساڵانی 2001 بۆ 2007 بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە شاڵاوی كۆچبەرانی نایاسایی بۆ ئوسترالیا و كۆتایهێنان بە مەرگی پەناخوازان كە ساڵانە لەپێش گەشتنیان بەبەلەم لەئاوەكانی نێوان ئوسترالیا و ووڵاتانی باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیاداو بەتایبەت ئەندەنوسیادا دەخنكێن.

بەگوێرەی ووردەكاری ڕاگواستنەكە، ئەو پەناخوازانەی كە ناتوانن بیسەلمێنن كە پەنابەری ڕاستەقینەن دیپۆرتی ووڵاتەكانیان دەكرێنەوە و ئەوانەش كە دەبنە پەنابەر هێشتا مەرج نیە ئوسترالیا مافی پەنابەرێتیان پێبدات و ڕەوانەی ئەو ووڵاتانە دەكرێن كە ئامادەن وەك پەنابەر پێشوازیان لێبكەن.

هاوڵاتی


No comments:

Post a Comment