|
گواستنه‌وه‌ی خه‌ڵکی به‌قاچاخ فۆتۆ: daily mail |
له‌راپۆرتێكدا كه له‌لایه‌ن هه‌ر سێ رۆژنامه‌نوس (SUE REID، FIGEN GUNES، FARUK ZABCI) بۆ رۆژنامه‌ی (daily mail)ی به‌ریتانی ئاماده‌كراوه به‌هاوكاری كه‌سێكی دیكه كه له‌راپۆرته‌كه‌دا به(a) ناسێنراوه‌و هاوڵاتییه‌كی به‌ره‌گه‌ز توركه‌و 20 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی‌و به‌پاسپۆرتی قوبرسی هاتۆته به‌ریتانیاوه، ئێستا له‌باكوری له‌نده‌ن ده‌ژی.
(a)له‌لایه‌ن رۆژنامه‌كه‌وه كامێرایه‌كی نهێنی‌و ریكۆرده‌رێكی پیده‌درێت، تا وه‌ك په‌نابه‌رێكی نایاسایی، بچێته ناو قاچاغچییه‌كان‌و به‌شێك له‌نهێنی‌و چۆنیه‌تی كاركردنیان تۆماربكات بۆ رۆژنامه‌نوسان‌و رۆژنامه‌كه. هاتنی كه‌سێكی نزیك له‌خێزانی (a) بۆ گه‌یشتن به‌به‌ریتانیاو پێدانی بڕێكی زۆر پاره به‌قاچاغچییه‌كان، تا خزمه‌كه‌ی بۆ بپه‌ڕێننه‌وه، وا ده‌كات چیرۆكه‌كه‌ی به‌رۆژنامه‌كه رابگه‌یه‌نێت، ئه‌وانیش ده‌ینێرن بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه خزمه‌كه‌ی‌و قاچاغچییه‌كان، لێی نیشته‌جێن. ئه‌ویش بۆ ماوه‌ی چل‌و پێنج خوله‌ك وێنه‌ی نهێنی‌و گفتگۆی نێوان قاچاغچییه‌كان‌و خۆی تۆماركردوه.
وه‌ستان له‌سه‌ر تاشه به‌رده‌كان، گه‌ڕان به‌ناو گژوگیاو دارستانه‌كانی ئه‌و سنوره‌ی كه حه‌فتاو پێنج كیلۆمه‌تر، به‌ره‌و كه‌ناره سپییه‌كانی شاری دۆڤه‌ری به‌ریتانیا ده‌ڕوانێ، پیاوێكی نه‌خشه‌دانه‌ری كورد، به‌خۆی‌و چاكه‌ته‌كه‌ی به‌رییه‌وه، به‌بێ سڵه‌مینه‌وه وشه‌كانی ده‌رده‌بڕێ، پێیوایه ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌ریتانیا، ناتوانن به‌ر به‌لێشاوی په‌نابه‌رانی نایاسایی بگرن، بۆ گه‌یشتن به‌زه‌مینی هیواكان.
ئه‌و خۆی به‌فه‌ره‌یدون ناوبرد، یان كاكی گه‌وره، كه خۆی به‌سه‌رده‌ستی قاچاغچییه‌كانی ئه‌و به‌نده‌ره ده‌زانێ، چه‌ندین كه‌سی دیكه له‌به‌رده‌ستی ئه‌و كاروباره‌كانی بۆ راده‌په‌ڕێنن. له‌رێگای گواستنه‌وه‌ی هه‌مو ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی له‌زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانه‌وه، كه نیازیان وایه له‌باكوری فه‌ره‌نساوه روبكه‌نه به‌ریتانیا، ساڵانه چه‌ندین ملیۆن پاوه‌ندی به‌ریتانی پاشه‌كه‌وت ده‌كه‌ن.
"10 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر سێ گه‌نجی تورك، نۆ هه‌زارو پێنج سه‌د پاوه‌ندیان داوه تا ئه‌وان بكه‌مه ناو لۆرییه‌كه‌وه‌و به‌ڕێی كه‌شتییه‌كان، بگه‌نه یه‌كه‌م شاری به‌ریتانیا، به‌ناوی دۆڤه‌ر.
چه‌ند شه‌وێك به‌ر له‌ئێستا بیست‌و یه‌ك په‌نابه‌ری ئێرانی‌و ئه‌فغانی به‌هه‌مان شێوه گه‌یشتونه ئه‌وبه‌ری سنور"، به‌مه‌ش فه‌ره‌یدون نزیكه‌ی په‌نجا هه‌زار پاوه‌ندی ده‌ستكه‌وتوه. بۆ شه‌وی سێ شه‌ممه، فه‌ره‌یدون په‌یمانی داوه كچێكی توركی ته‌مه‌ن 29 ساڵ‌و دو كه‌پڵی خه‌ڵكی وڵاتی (چین) به‌ڕێگای شه‌مه‌ندفه‌ر، له‌شاری Dunkirkی فه‌ره‌نساوه بۆ شاری Kent ی به‌ریتانیا به‌ڕێ بكات، ئه‌گه‌ر بێت‌و كه‌سوكاریان بڕی پاره‌ی دیاریكراو وه‌ك بارمته لای سوپه‌رماركێتی هاوڕێكه‌ی له‌ناوچه‌ی wood green له‌باكوری له‌نده‌ن دابنێن، كه ئه‌ویش كورده.
فه‌ره‌یدون به‌كچه توركه‌كه ده‌ڵێ "مه‌ترسه ئه‌گه‌ر پاره‌كه بده‌ی پشت به‌خوا ده‌گه‌یته لای كه‌س‌و كاره‌كه‌ت له‌وبه‌ر، كێ پاره‌ی پێشه‌كی بدا ده‌چێته ریزی پێشه‌وه‌ی به‌ڕێكردن. من هه‌مو شه‌وێ نه‌فه‌ر به‌قاچاغ ده‌په‌ڕێنمه‌وه، من زۆر سه‌ركه‌وتوم له‌كاره‌كه‌مدا. چه‌ند شه‌وێك له‌مه‌وبه‌ریش چل‌و پێنج كه‌سم خسته ناو لۆرییه‌كانه‌وه، كه له‌دانكیغ‌و كاڵاسه‌وه ده‌چون بۆ دۆڤه‌ر، 21 كه‌سیان به‌سه‌لامه‌تی گه‌یشتنه ئه‌وبه‌ر، ئه‌وانی دیكه‌ش دوباره سه‌رده‌خه‌مه‌وه."
فه‌ره‌یدون كوردێكی عێراقییه‌و له‌سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی 20 ساڵیدا، له‌ساڵی 2007 هاتۆته به‌ریتانیاو مافی په‌نابه‌ری به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌و كه ئێستا گاڵته به‌قسه‌كانی ده‌یڤد كامیرۆنی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا ده‌كات، كه گوتویه‌تی "سنوره‌كانمان له‌به‌رامبه‌ر په‌نابه‌ری نایاسایی كۆنترۆڵ كردوه"، به‌ڵام خۆی‌و قاچاغچییه‌كانی به‌رده‌ستی، شه‌وانه به‌نهێنی چه‌ندین كه‌س به‌شێوه‌ی قاچاغ، ده‌خه‌نه پشتی ئه‌و لۆرییانه‌ی وه‌ستاون بۆ په‌ڕینه‌وه له‌به‌نده‌ره‌كانی باكوری فه‌ره‌نسا، له‌نزیك شاره‌كانی كاڵاس‌و دانكیغ، تا به‌كه‌شتی بگه‌نه شاری دۆڤه‌ری به‌ریتانیا.
هه‌رچه‌نده ساڵانی پێشوتر به‌شێوه‌كی فه‌رمی كامپی په‌نابه‌ران له‌و به‌نده‌ره كرابوه‌وه، له‌لایه‌ن خاچی سوره‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا، به‌ڵام به‌هۆی ناڕه‌زایی به‌ریتانیا، كه‌مپه‌كه داخرا. له‌ئێستادا باندی قاچاغچییه‌كان، له‌چه‌ندین شوێنی ناو دارستانه‌كان، له‌گه‌ڵاو لقی داره‌كان، شوێنی حه‌وانه‌وه‌یان دروستكردوه، كه له‌شێوه‌ی ژیانی سه‌ره‌تایی مرۆڤ ده‌چێت، به‌مه‌ش به‌ئاسانی جێگاكانیان نادۆزرێنه‌وه. به‌پێی وته‌ی یه‌كێك له‌پۆلیسه‌كان، كه بۆ رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یڵ قسه‌ی كردوه ده‌ڵێ: زۆربه‌ی قاچاغچییه‌كان له‌گروپی كورد‌و عێراقی پێكهاتون‌و، ئه‌وان زۆرترین كه‌س به‌نایاسایی ده‌رباز ده‌كه‌ن، هه‌ندێكجار شه‌وانه بیست كه‌س ده‌گه‌یه‌ننه به‌ریتانیا.
هه‌ر به‌پێی وته‌ی ئه‌و پۆلیسه، به‌شێك له‌چه‌ته‌و قاچاغچییه‌كان، چه‌كی بچوكیان هه‌ڵگرتوه، زۆرجار پۆلیس به‌شه‌وان نه‌یوستوه بچێته شوێنه نهێنییه‌كانیان، تا توندوتیژی‌و كاره‌ساتی كوشتن رونه‌دات. له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و گفتوگۆیه‌ی كه له‌نێوان فه‌ره‌یدونی سه‌رده‌سته‌ی باندی قاچاغچییه‌كان‌و (A) تۆماركراوه هاتوه، فه‌ره‌یدون‌و هاوڕێكانی، چه‌ندین رێگای جیاواز به‌كارده‌هێنن بۆ گه‌یاندنی نه‌فه‌ره‌كان بۆ ناو به‌ریتانیا. سه‌رده‌ستی قاچاغچییه‌كان، دو هه‌ڵبژارده‌ی بۆ(a) داناوه، تا ئه‌و كچه‌ی كه به‌زڕناوی (رۆژ)دا له‌راپۆرته‌كدا ئاماژه‌ی پێدراوه‌و كه‌سێكی نزیكی،(a) به‌نهێنی بگه‌یه‌نێته ئه‌وبه‌ر.
یه‌كه‌م رێگا خستنه ناو ئه‌و لۆرییانه‌ی بۆ ئه‌وبه‌ر ده‌په‌ڕنه‌وه له‌كاتی نوستنی شوفێره‌كان‌و شكاندنی قفڵی ده‌رگاو چادری پشته‌وه‌ی لۆرییه‌كان، بێ ئه‌وه‌ی بهێڵن ئه‌وان هه‌ستی پێبكه‌ن، ئه‌مه هه‌رزانترین نرخه به‌دانانی دو هه‌زار پاوه‌ندی كاش، له‌سوپه‌رماركێتی هاوڕێكه‌ی له‌له‌نده‌ن.
شێوازێكی دیكه‌ش به‌ئاگاداری شۆفێری لۆرییه‌كه ده‌بێت، به‌هۆی پێدانی بڕێكی زۆر پاره بۆ شه‌ش هه‌زار پاوه‌ند، كه ئه‌م شێوازه‌یان گه‌ره‌نتی تێدایه به‌قسه‌ی فه‌ره‌یدون، به‌سه‌لامه‌تی راده‌ستی خێزانه‌كه‌ی ده‌كه‌ن له‌له‌نده‌ن. هه‌ر له‌درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌كانیدا (a) ده‌ڵێ: له‌ناو جه‌نگه‌ڵ‌و دارستانه‌كان توشی سێ هاوڵاتی تورك بوم، كه به‌پشتی لۆرییه‌كی پڕ له‌سه‌وزه، له‌شارۆچكه‌یه‌كی توركیا، نزیك به‌سنوری سوریا، زیاتر له‌سێ هه‌زارو دوسه‌د كیلۆمه‌تریان بڕی بو تا بگه‌ن به‌به‌ریتانیا، ئه‌وانیش بڕی نۆهه‌زارو پێنج سه‌د پاوه‌ندیان داوه به‌قاچاغچییه‌كان، تا له‌سنوری فه‌ره‌نساوه بیانپه‌ڕێننه‌وه بۆ به‌ریتانیا.
رێژه‌ی توركه‌كان نزیكه‌ی پێنج سه‌د هه‌زار كه‌س ده‌بێت له‌له‌نده‌ن، ئه‌مه‌ش هۆكارێكه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێكی ئه‌وانه‌ی مافی كاركردنیان نییه لای ماركێت‌و دوكانه‌كانی كه‌س‌و كار‌و هاوڕێكانیان به‌ڕه‌ش كاربكه‌ن.
په‌نابه‌ره‌كان زۆربه‌یان ئاره‌زو ده‌كه‌ن بگه‌ن به‌به‌ریتانیا، به‌پێی گوته‌ی فه‌ره‌یدون، كهEngland بهhope land ناو ده‌بات، "ئه‌گه‌ر جوابیش وه‌رنه‌گریت، ده‌توانی به‌ڕه‌ش كار بدۆزیه‌وه، چونكه به‌ریتانیا له‌زۆربه‌ی وڵاته‌كان باشتره بۆ كاركردن".
له‌م راپۆرته‌دا رونده‌بێته‌وه ساڵانه هه‌زاران په‌نابه‌ری نایاسایی، چه‌ند به‌ئاسانی له‌سه‌رده‌ستی قاچاغچییه‌كان دێنه ناو به‌ریتانیاوه، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی قسه‌و كرداره‌كانی ئاژانسی سنوری به‌ریتانی‌و ده‌یڤد كامیرۆن دێت، ده‌رباره‌ی كۆنترۆڵكردنی سنوره‌كانی وڵاتی به‌ریتانیا.
ئا: كاوه ره‌ش، به‌ریتانیا
Awene