Wednesday, March 27, 2013

بۆخوێندن له‌ زانكۆكانی ئه‌ڵمانیا


له چوارچێوه‌ی رِێككه‌وتنامه‌ی نێوان (MHE-DAAD)  وه‌زاره‌ته‌كه‌مان و ریێكخراوی دادی ئه‌لمانی  (German Academic Exchange Service))  و زیاتر هاوكاری كردنی كاندیده‌كانی به‌رنامه‌ی تواناسازی به‌ گشتی, وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی , رِای ده‌گه‌ینێت كه‌ پرۆژه‌ی (KurdDAAD) به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌ش كردنی خزمه‌ت گوزاریه‌كانی بۆ كاندیده‌كانی به‌رنامه‌ی تواناسازی. ئێمه هانى سه رجه م كانديده كانى به‌رنامه‌ی HCDP ده ده ين كه  وڵاتى ئه ڵمانیا وه كو ئامانج ديارى بكه ن بۆ ته واوكردنى خوێندن  وه هه روه ها پێداويستى و داواكارى به رز وبه ر به ستى زمان وه كو ئاسته نگ نه بينن به ڵكو وه كو هه لێك بو په ره سه ندن و به‌ره وپێش برد‌نى لايه نى  تايبه تى و ئه كاديمى سه‌یری بكه‌ن. 

له‌م رِووانگه‌وه‌ به‌ خۆشحالیه‌وه‌ به‌ كاندیده‌كانی به‌رنامه‌ی ناوبراو (ئه‌وانه‌ی ئاره‌زووی ته‌واوكردنی خوێندنیان له‌ ووتی ئه‌ڵمانیا هه‌یه‌) رِایده‌گه‌ێنین كه‌ تۆماركردن بۆ پرۆژه‌ی ناوبراو تا به‌ر‌واری 20/4/2013 به‌رده‌وامه‌.


شایانی باسه‌ / رِێكخراوی ناوبراو هه‌ڵده‌ستێ به‌ :
  1.  دابین كردنی ڤیزه ,هاوكارى له لايه ن نوسينگه ى زانيارى DAAD  له هه ولێر  
  2.  دابین كردنی شوێنی حه‌وانه‌وه‌ له ماوه ى كۆرسی زمان و كۆرسی ئاماده كارى.
  3.  كۆرسی زمانی (6 مانگ كۆرسی زمانی ئه‌ڵمانی و 6 مانگ كۆرسی ئاماده كارى).
  4.  دابین كردنی بیمه‌ی ته‌ندروستی.
  5.  ۆركشۆپ,سيمينار, هاوكاريكردن ويارمه تى تايبه تى بۆ هه رتاكێك هه تا كۆتاى مانه وه يان له ئه‌ڵمانیا 
  6. به‌لاَم سه‌ره‌رِای پێشكه‌ش كردنی ئاسانكاری له‌ لایه‌ن رێكخراوی ناوبراو، خودی خوێندكار یه‌كه‌م و دوا به‌رپرسه‌ بۆ دابینكردنی ئۆفه‌ری ئه‌كادیمی نه‌ك رێكخراوی(DAAD) ی ئه‌لمانی.


ئه‌مه‌و سه‌ره‌رِای سه‌رپه‌رشتی كردنی به‌رده‌وامی خوێندكار له‌ وولاَتی ئه‌لمانیا به‌ مه‌به‌ستی ئاسان كردن و باشتركردنی ژیانی ئاسایی و ئه‌كادیمی خوێندكار له‌ وولاَتی ناوبراو.
بۆیه‌ ئاگاداری كاندیده‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی به‌رنامه‌ی تواناسازی ده‌كه‌ین , ئه‌وانه‌ی خوازیارن كه‌ له‌ زانكۆكانی ئه‌ڵمانیا خوێندنی ماسته‌ر یان دكتۆرا ته‌واوبكه‌ن ,  ، (وه هه روه ها خوازیار نابیت پله‌ی توانستی زمانی ئینگلیزی له‌  (5) IELTS  يان (500) TOEFL که متر بيت)
، ئه‌وا به‌ زووترین كات فۆرمی پێشكه‌شكرنی داواكاری تایبه‌ت به‌ پرِۆژه‌ی (MHE- DAAD Application form ) له‌ ماڵپه‌رری وه‌زاره‌تی خوێندنی بالاَ و توێژینه‌وه‌ی زانستی دابگرن و دوای پركردنه‌وه‌ی فۆرمه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆكیومێنتانه‌ی خواره‌وه‌ بینێرن بۆ (daad.hcdp@mhe-krg.org <mailto:daad.hcdp@mhe-krg.org>) به‌رێوه‌به‌رایه‌تی په‌یوه‌ندیه‌ رِۆشنبیریه‌كان له‌ دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی بالاَ و توێژینه‌وه‌ی زانستی.

دۆكیومێنته‌كان بریتین له‌ :
  1.     نوسراوی پشتگیری دارایی (Support Letter) له لايه ن وه زاره تى خوێندنی بالاَ وه.
  2.    كۆپییه‌ك له‌ برِوانامه‌ی توانستی زمانی ئینگلیزی.
  3.    كۆپییه‌ك له‌ برِوانامه‌ی ئه‌كادیمی (بكالۆریوس یان ماسته‌ر).
  4.    بۆ PhD, كۆپییه‌ك له‌ (Research Proposal).
  5.    بۆ PhD , نوسراوی قبول (Letter of acceptance) له‌ لایه‌ن سه‌رپه‌رشتیاری به‌رنامه‌ی PhD.
  6.    كۆپییه‌ك له‌ پاسه‌پۆرتی عیراقی له‌ جۆری (A یان G).
  7.    كۆپییه‌ك له‌ ناسنامه‌ی باری شارستانی و رِه‌گه‌زنامه‌ی عێراقی.
  8.    CV. 

تێبینی:
  1.  بۆ زیاتر زانیاری سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ی ناوبراو تكایه‌ كلیكی ئه‌م لینكه‌ی خواره‌وه‌ بكه‌ن.
  2.  تكایه‌ لە خوارەوە زانیاریەکە دابەزینە  Study_in_Germany_information_sheet.docx
  3. هه‌روه‌ها بۆ دابه‌زاندنی فۆرمی تایبه‌ت به‌ به‌رنامه‌ی (Kurd-DAAD)، تكایه‌ لە خوارەوە فۆرمەکە دابەزینە  Study_in_Germany_App.Form_German.docx.
  4.  سه‌باره‌ت به‌ كاندیدانی به‌رنامه‌ی ماسته‌ر، تكایه‌ به‌لایه‌نی كه‌م دوو كۆرسى دياريكراوى ماسته‌ر‌ و زانيارى له سه ر ‌زانكۆكه له‌ كاتی پركردنه‌وه‌ى فۆرمه‌كه‌ دياريبكن

AttachmentSize
Application_form KurdDAAD301 KB
Info Flyer KurdDAAD254.55 KB

Monday, March 25, 2013

ئاماری‌ كورد له‌ئه‌وروپا


به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاشكرایكرد، به‌گوێره‌ی‌ ئاماره‌كان (یه‌ك) ملیۆن‌و (300) هه‌زار كورد، له‌وڵاتانی‌ سه‌ر به‌كێتی‌ ئه‌وروپادا ده‌ژین، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، له‌هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاوكاریی‌ ئه‌و خێزانه‌ كوردانه‌ بكرێت، كه‌ له‌ئه‌وروپا‌و ئه‌مریكا‌و ئوسترالیاوه‌ كۆچی‌ پێچه‌وانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ هه‌رێم.

(شاكر یاسین) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ NNA ڕاگه‌یاند، له‌هه‌وڵی‌ به‌رده‌وامدان بۆ هاوكاریكردنی‌ ئه‌و خێزانه‌ كوردانه‌ی‌ كه‌ له‌ئه‌وروپا‌و ئه‌مریكا‌و وڵاتانی‌ دیكه‌ی‌ جیهانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، وتیشی‌:"سه‌ره‌تا پێویسته‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامبده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ بزانین كه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ كۆچیانكردووه‌، بۆ وڵاتانی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا‌و ئوسترالیا‌و ئه‌مریكا".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ گشتی‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌هاوكاری‌ له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی‌ (IOM)، توێژینه‌وه‌یه‌كی‌ ئه‌نجامداوه‌، له‌پێناو زانینی‌ ئاماری‌ ئه‌و كوردانه‌ی‌ كه‌ له‌وڵاتانی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپادا ده‌ژین، وتیشی‌:"به‌گوێره‌ی‌ توێژینه‌وه‌كه‌ (یه‌ك) ملیۆن‌و (300) هه‌زار كورد هه‌یه‌ له‌یه‌كێتی‌ ئه‌وروپادا، به‌ڵام هێشتا پۆلێن نه‌كراون، بۆیه‌ پێویسته‌ بۆمان ڕوونبكرێته‌وه‌، ئایا چه‌ند له‌و كوردانه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ كۆچیانكردووه‌‌و چه‌ندیان خه‌ڵكی‌ پارچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستانن".

له‌ئێستادا به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ گشتی‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، (20) ملیۆن دینار وه‌ك قه‌ره‌بوو ده‌داته‌ هه‌ر خێزانێك كه‌ له‌ئێران‌و وڵاتانی‌ دیكه‌ی‌ دراوسێی‌ عێراقه‌وه‌، گه‌ڕابێته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان.
-----------------------------------------------------------------
فوئاد جه‌لال – NNA

Sunday, March 24, 2013

پێشانگاى زانکۆکانى بەڕیتانیا لە هەولێر


کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا

سەرەتاى مانگى داهاتوو ژمارەیەک لە زانکۆى بەناو بانگ و پێشەنگى بەڕیتانیا لە شارى هەولێر پێشانگایەکى تایبەت دەکەنەوە بۆ پێدانى ئۆفەرى خوێندن و ڕێنمایى خوێندکاران لە بوارە جیاوازەکانى خوێندنى باڵا.
پێویست دەکات خوێندکار بەر لە بەشدارى کردنى ناوى خۆى تۆماربکات.. 
بۆ زانیارى زیاتر و تۆمارکردنى ناوى خۆتان ئەم لینکەى خوارەوە بکەنەوە:
http://uket-erbil2013.eventbrite.com/



سەردانى گروپ و پەیجەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى کۆچ، مینحەى خوێندن، دەرفەتى کار لە وڵاتانى دەرەوە و کۆچى یاسایى:
https://www.facebook.com/kochikurdan
https://www.facebook.com/groups/102175996536494/
http://kochikurdan.wordpress.com/
http://immigration2australia1.blogspot.com/
https://twitter.com/Kurd_Migration

Wednesday, March 20, 2013

ژنێكی‌ هۆڵه‌ندی‌ یه‌كه‌مین ڕێبەری‌ گەشتیاری کوردستان ئامادە دەکات


خانمێکی هۆڵەندی هەڵدەستێت بە ئامادەکردنی یەکەمین ڕێبەری گەشتیاری دەربارەی هەرێمی کوردستان و ڕایدەگەێنێت "کوردستان خاوەنی کەلتورێکی نەتەوەییە و ئامانجەکەم لە دروستکردنی ئەم ڕێبەرە بەمەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیارانە لە ئەوروپا و تەواوی جیهان تا سەردانی کوردستان بکەن".
 
ئەمڕۆ دووشەممە ماڵپەری کوردش گڵۆب لە هەواڵێکدا بڵاویكرده‌وه‌، ئیڤۆن ڤاندێر بیژل-ی بەڕەگەز هۆڵەندیی لەهەوڵی کۆکردنەوەی زانیاریدایە دەربارەی کوردستان بەمەبەستی ئامادەکردنی یەکەمین ڕێبەری گەشتیاری لەسەر هەرێم بە زمانی ئینگلیزی و ئەم بیرۆکەیەش لەکاتێکدا دێت کە پێشتر و لەساڵی ٢٠١١دا ڤاندێر بژیل لەلایەن پەروێز زەبیحی هاوڕێیەوە زانیاری دەربارەی گرنگی ناوچەکە بۆ خراوەتە ڕوو. 
 
ڤان دێر بژیل دەڵێت "پێشتر هەریەک لە شارەکانی گواتیمالا و بۆلیڤیا و مۆرۆکۆ-م کردبووە ئامانج بەهۆی تایبەتمەندێتی فەرهەنگی نەتەوەیی ئەو ناوچانەوە و، لەوە تێدەگەم کە کوردستانیش بەهەمان شێوە خاوەنی کەلتورێکی نەتەوەییە، هەربۆیە دروستکردنی ڕێبەرێکی گەشتیاری گرنگییەکی زۆری بۆ من و چەندین گەشتیاری دیکە هەیە لە سەرتاسەری جیهاندا".
 
وتیشی: " ئامانجی من لەم بیرۆکەیە بۆ ڕاکێشانی سەرەنجی گەشتیارانە لە ئەوروپا و تەواوی جیهان تا سەردانی کوردستان بکەن".
 
ڤان دێر بژیل وێنەگر و نوسەر و هونەرمەندی هۆڵەندی پێشتر چەندین ڕێبەری گەشتیاری لەسەر وڵاتانی جیهان ئامادەکردووە و تا ئێستا سێ سەردانی بۆ کوردستان ئەنجام داوە و پڕۆژەی ئامادەکردنی ڕێبەرەکەشی لەسەر کوردستان لەساڵی ٢٠١١ەوە دەست پێکردووە کە تێیدا زانیاری دەربارەی میوانخانە و چێشتخانە و شوێنەواری مێژووی و شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان تێدایە.




 
لە ئینگلیزییەوە هاوڕێ فەریق
خەندان

Sunday, March 17, 2013

ئەندام پەرلەمانێكی سكۆتلاندا بەجلی كوردییەوە یادی هەڵەبجەو ئەنفال كردەوە


بەپێی ئەو زنیارییانەی دەست لڤین پرێس كەوتووە ئەندام پەرلەمانێكی سكۆتلاندا بەجلی كوردییەوە یادی هەڵەبجەو ئەنفال كردەوە.

هەنزەڵا مالیك ئەندام پەرلەمانی سكۆتلاندا، بۆنەیەكی رێكخست لەپەرلەمانی ئەو وڵاتە، لەڕۆژی (١٤/٣/٢٠١٣) بۆ یادكردنەوەی تاوانەكانی هەڵەبجەو ئەنفال. 

ژمارەیەكی زۆری رەوەندی كوردی لەسكۆتلاندا ئامادەی بۆنەكەبوون، هەروەها ژمارەیەك لەئەندامانی تری پەرلەمانی سكۆتلانداو پارێزەرو پزیشك ئامادەی بۆنەكە بوون.

هەنزەڵا مالیك، كە جلی كوردی پۆشیبوو، بۆنەیەكەی بەچەند وتەیەك دستپێكرد، دوای ئەوە فیلمێكی دۆكومینتاری بەناوی 'ئەنفال'ەوە پێشكەشكرا كە لەدەرهێنانی هونەرمەندی ناسراو (گوین رۆبرتز)، فیلمە دۆكۆمینتارییەكە ئەو تاوانانەی پیشاندا كە دژی كوردەكانی عێراق ئەنجامدرابوو لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە. 

لەبەشێكی تری بۆنەكەدا، د. گۆران عەبدوڵڵا، خوێندكاری دكتۆرا لەزانكۆی ئەدەنبرە وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كردو لەوتارەكەدا وێرای سوپاسی ڕەوەندی كوردی بۆ هەوڵ‌و ماندبوونەكانی ئەو ئەندام پەرلەمانەی كە بۆنەكەی رێكخستبوو ئەندام پەرلەمانەكانی تر كە لەهەوڵی ناساندنی تاوانی جینوسایدی كوردن لەسكۆتلاندا، تیشكی خستە سەر ئەو بەربەستانەی هاتوونەتە پێش باشتركردنی بارودۆخی قوربانییەكانی ئەنفال‌و كیمیابارن لەئێستاداو چۆن سكۆتلاندا دەتوانێت هاوڕێ‌و هاوپەیمانێكی گرنگ بێت بۆ سەركەوتن بەسەر ئەو كێشانەدا. 

لەكۆتایشدا، هەنزەڵا مالیك جارێكی تر جەختی لەسەر ئەوە كردووە كە ئەو چەند جارێك سەردانی كوردستانی كردووەو لەنزیكەوە ئاگای لەتواناو تینوییەتی كوردە بۆ پێشكەوتن‌و سەركەوتن بەسەر ئازارەكانی رابووردوودا، هەروەها ئومێدی خۆی دەڕبڕی بۆ هەبوونی چانسێكی گەورە لەبەردەم هەردوو گەلی كوردو سكۆتلاندا بۆ هاوكاری‌و پاڵپشتیكردنی یەكتری، ئامادەبووانیش خۆشاڵی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو پشتگیرییەی لەلایەن پەرلەمانی سكۆتلانداوە پێشكەشیان دەكرێت‌و ئامادەباشی خۆیان پیشاندا بۆ پێكەوە كاركردن لەپێناو خزمەتكردنی دۆزی كورد لەسكۆتلاندا. 
 لڤین پرێس 

Thursday, March 14, 2013

ژمارەی دیپۆرتكراوەكانی ئەوروپاوە ڕوو لە زیادبوونە


بەڕێوبەرایەتی نشیگەی سلێمانی ڕایدەگەیەنیێت ساڵانە ژمارەی ئەو پەناخوازانەی كە خۆبەخشانە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی ڕوو لە زیادبوونە، بەشێوەیەك لە ساڵی ڕابردوودا ، 1071 پەناخوازیش دیپۆرتی پارێزگاری سلێمانی كراونەتەوە.
كاردۆ عوسمان هەورامی بەپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكانی بەڕێوبەرایەتی نشیگەی سلێمانی لە بە واڵاپرێسی راگەیاند : بەپێی دوایەمین  ئاماری بەڕێوبەرایەتەیەكەمان ژمارەی ئەو پەناخوازانەی كە ساڵانە لە ووڵاتانی ئەوروپاوە خۆبەخشانە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان لەپاش ئەوەی كە كەیسەكانیان لەلایەن ووڵاتانی ئەوروپاوە ڕەتكراوەتەوە و روو لە زیاد بون دەكات ،وتیشی لە ساڵی 2011 دا "1016" پەناخواز گەڕاونەتەوە و لە ساڵی 2012 دا ژمارەكە بووە بە "1071" پەناخواز.
 
بەپێی زانیاریەكانی بەپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكانی بەڕێوبەرایەتی نشیگەی سلێمانی ، ئەو ژمارانە تەنها ئاماری ئەو پەناخوازانەن كەلە لەڕێگەی مەرزی باشماخی نێودەوڵەتی و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە پێشوازیان لێكراوە و گەڕانەوەكەشیان لەرێگەی ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتیەوە ئاسانكاری بۆكراوە.
لەكاتێكدا رۆژانە بە دەیان پەنابەری دەگەرێنەوە هەرێمی كوردستان ،بەڵام تا ئێستا هیچ خوێندنەوەیەك بۆ پڕۆژە یاساكەی تایبەت بەمافی پەناخوازە گەڕاوەكان لە ئەوروپاوە نەكراوە

 واڵاپرێس

Thursday, March 7, 2013

زێباری‌: له‌گه‌ڵ به‌ زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بۆ عیراق و هه‌رێم نین


یاریده‌ده‌ری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێن، له‌گه‌ڵ به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران نین بۆ عیراق و هه‌رێمی كوردستان، به‌ پێویستی ده‌زانێت گه‌ڕاوه‌كان خۆیان بڕیاربده‌ن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ (خه‌ندان) ناردوه‌، د. دیندار زێباری، یاریده‌ری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ خاتوو (لێنی‌ ڤان گۆر) به‌رپرسی‌ رێكخراوی‌ MBT هۆڵه‌ندی‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ره‌وشی‌ په‌نابه‌ر و ره‌وه‌ندی‌ كوردی‌ دانیشتووی‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا كه‌ چالاكیان له‌ 42 وڵاتدا هه‌یه‌ كۆبوویه‌وه‌. 

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، خاتوو (لێنی‌ ڤان گۆر) به‌رپرسی‌ رێكخراوی‌ MBT  هۆڵه‌ندی خۆشحاڵی‌ خۆی‌ ده‌ربڕیوه‌، سه‌باره‌ت به‌و پێشكه‌وتنه‌ به‌رچاوه‌ی‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌دی‌ ده‌كرێت و هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ به‌جیا له‌ به‌شه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عیراق به‌ هه‌رێمی‌ سه‌قامگیری‌ وه‌سف كردوه‌، كه‌ ئاواره‌كانی‌ ناوخۆی‌ عیراق و په‌نابه‌ری‌ وڵاتانی‌ دراوسێ‌ بۆ سه‌لامه‌تی‌ ژیانیان رووی‌ تێ‌ ده‌كه‌ن، هه‌روها باس له‌ چۆنیه‌تی‌ یارمه‌تی‌ دانی‌ ره‌وه‌ندی‌ كوردی‌ له‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا كرا و له‌ هه‌مان كاتدا باس له‌ كێشه‌كانی‌ په‌نابه‌رانی‌ كورد كرا له‌ ده‌ره‌وی‌ وه‌ڵات. 

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ هاتووه‌: "یاریده‌ده‌ری‌ به‌رپرسی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ جه‌ختی له‌وه‌كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ په‌نابه‌ری‌ كورده‌كان له‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا یان له‌ هه‌ر وڵاتێكی‌ تر بن، ئه‌وا ئه‌زموون و شاره‌زاییه‌كی‌ باشیان هه‌یه‌ له‌ بواری‌ جۆرا و جۆردا، ئێمه‌ باوه‌شمان كراوه‌ته‌وه‌ بۆیان هه‌روه‌ها باوه‌شمان كراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی‌ تریش چونكه‌ كوردستان وڵاتی‌ خۆیانه‌".

وتیشی: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین كه‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ به‌ زۆری‌ بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ بۆ عیراق و كوردستان، پێویسته‌ گه‌ڕاوه‌كان خۆیان بڕیاربده‌ن و گه‌ڕانه‌وه‌یان خۆبه‌خشانه‌ بێت بۆ كوردستان، هه‌روه‌ك ئاگادارن له‌ كوردستان په‌نابه‌ری‌ زۆر هه‌یه‌ له‌ وڵاته‌ دراوسێكانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمه‌وه‌".   

خه‌ندان ـ

Wednesday, March 6, 2013

زه‌ماله‌ی خوێندن له‌به‌رنامه‌ی فولبرایت به‌ده‌ست بهێنه‌


ئاگاداری له‌ بالویزخانه‌ ی ئه‌ مریكا له‌ به‌ غدا سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ی خوێندنی " فولبرایت" بۆ ساڵی 2014-2016
باڵیوزخانه‌ ی ئه‌ مریكا پیخۆش حاله‌ كه‌ ئاگادارتان كاته‌وه‌  به‌ مه‌به‌ستی پێشكه‌ش كردنی داواكاریتان بو به‌شداری كردن له‌ كۆنتیرین به‌رنامه‌ی ریكابه‌ری له‌ جیهان بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌ی خوازیارن بو دریژدادنیان له‌ ئاستی خوێندنی باڵایان له‌ زانكۆ ئه‌مریكیه‌ كان بۆ سالی 2014-2016 
به‌رنامه‌ی فولبرایت به‌رنامه‌یه‌كه‌ بۆ به‌دی هینانی ئامانجه‌كانی ریكه‌وتنامه‌ی ستراتیژی موركراو له‌ نێوان عیراق وئه‌مریكا بۆ بته‌وكردن و گه‌شه‌پیدانی  تواناسازی رۆڵه‌ی داهاتووی عیراق له‌ به‌رنامه‌ ئاڵو گۆری زانستی.
مینحه‌ی خوێندنی فولبرایت بۆماوه‌ی دوو ساڵ خوێندن دابین ئه‌كریت له‌ زانكۆیه‌ك له‌ زانكۆكانی ئه‌ مریكا كه‌ له‌ پایزی 2014 ده‌ستپێئه‌كات ، بێجگه‌ خوێندن له‌ بواری پزیشكی هه‌موو بواركانی تری خوێندن هه‌یه‌.
دوامۆڵه‌ت بو پیشكه‌ش كردنی داواكاری رۆژی 30/4/2013 
به‌شداربوانی به‌رنامه‌ی فولبرایت ده‌رفه‌تێكیان ئه‌بێت بۆ ئاشنا بوون له‌ ژیانی كومه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكا وه‌ هه‌روه‌ها ده‌رفه‌تیكه‌ بۆ خۆیندكاران كه‌ بتوانن كه‌لتوورو وڕۆشنبیری وڵاتی خۆیان بو خه‌لكانی ئه‌مریكا و به‌شداربوانی تر ئاشنا بكه‌نه‌وه‌.
لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت هه‌یه‌ كه‌ پیكهاتوه‌ له‌ عیراقی وئه‌مریكاكیه‌ن بو هه‌ڵبژاردنی خوینكاره‌ به‌تواناكان.
مه‌رجه‌كانی پێشكه‌ش كردن:-
1. ئه‌بێ پیشكه‌شكار عیراقی بێت وه‌ له‌ عیراق نیشته‌جێ بیت وه‌ به‌َلینی گه‌رانه‌وی بۆ عیراق نیشان بدات.
2. هه‌َلگری بروانامه‌ی بكالوریوس بیت له‌ كاتی پیشكه‌شكردنی داواكاری.
3. شاره‌زا بیت له‌ زمانی ئینكلیزی وه‌ له‌ تاقیكردنه‌وكانی توفل له‌ 80 /100 یاخود 550 /600 هه‌بێت ، وه‌ هه‌روه‌ها ئامه‌ده‌بێت بۆ به‌شداری كردن له‌ هه‌ر تاقیكردنه‌وه‌یكی زمان له‌ دواتر.
4. پیویسته‌ ئامانجی كولینه‌وه‌كه‌ی نووسبێت به‌ جورێ له‌ نه‌نترنیت كوبی یان رانه‌كێشابێت.
یاخود پێشنیارو پرسیاره‌كانتان بنێره‌ن بۆ ئیملی:-
 fulbrightiraq@amideast.org

ئه‌مریكا‌و چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپی مه‌رجیان هه‌یه‌ بۆ پێدانی‌ ڤیزا به‌ هاوڵاتییانی‌ هه‌رێم

فه‌لاح مسته‌فا- به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم

به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ینێت "ئه‌مریكا و هه‌ندێك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا داوایان لێكرد‌ووین په‌نابه‌ره‌ نایاساییه‌كان به‌رینه‌وه‌ ئه‌وجا ده‌توانن ڤیزامان پێبده‌ن"، به‌ وته‌ی‌ فه‌لاح مسته‌فا-ش ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌و مه‌رجانه‌ی‌ كه‌ بوونه‌ته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م پێدانی‌ ڤیزا به‌ ها‌وڵاتییانی‌ هه‌رێم.  

له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا كه‌ هه‌فته‌نامه‌ی (باس) له‌ ژماره‌ (132)ی ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 5ی ئازار) بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی پێدانی ڤیزا به‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ڵێت: "ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌شێوه‌ی نایاسایی چونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، بونه‌ بارگرانی، بۆیه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ هۆكاری سه‌ره‌كیه‌ له‌ پێنه‌دانی ڤیزا به‌ هاوڵاتیان".

ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو: "هه‌ر وڵاتێك كه‌ داوایان لێده‌كه‌ین ئاسانكاریی ڤیزامان بۆ بكه‌ن، ده‌ڵێن خه‌ڵكانێكی زۆر به‌ نایاسایی له‌ وڵاتانی ئێمه‌ن، با ئه‌وانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌وجا ڤیزاتان ده‌ده‌ینێ، بۆیه‌ ئه‌و حكومه‌تانه‌ بڕوایان به‌و كه‌سانه‌ نییه‌ كه‌ ده‌ڕۆن بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵام بۆ وه‌فده‌كانی حكومه‌ت و قوتابیان و هه‌ندێك نه‌خۆشی، ڤیزا دراوه‌و به‌رده‌وامیشه‌".

فه‌لاح مسته‌فا رایده‌گه‌یه‌نێت "هه‌ر كه‌سێك له‌وانه‌ی ڤیزای پێده‌درێت نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم، كاریگه‌ری له‌سه‌ر متمانه‌ی ئێمه‌ ده‌بێت، ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا، روسیا، توركیاو ئێران له‌ هه‌رێمی كوردستان ڤیزا ده‌ده‌ن، ئه‌وانی تر له‌ به‌غدا ده‌یده‌ن".

پۆڵ ستیفن، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر پێشتر  رایگه‌یاندبو له‌مانگی ئایاری ئه‌مساڵه‌وه‌ ڤیزا ده‌ده‌ن به‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، له‌وباره‌یه‌وه‌ فه‌لاح مسته‌فا ده‌ڵێت: "بڕیاربوو مانگی 11ی ساڵی رابردو ئه‌مریكا ڤیزا بدات، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یانكرد‌ووه‌، ده‌ڵێن تاوه‌كو ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵ به‌ هه‌ندێك مه‌رجه‌وه‌ ڤیزا ده‌ده‌ین، ڤیزای ئه‌وان گرنگه‌، به‌ڵام ناشكرێت مه‌رجی زۆریان هه‌بێت كه‌س نه‌توانێت وه‌ریبگرێت، هه‌ندێك وڵاتی دیكه‌ش پێیان وتووین ڤیزا ده‌ده‌ین، به‌ڵام تا ئێستا هیچیان نه‌كرد‌ووه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له‌ سیاسه‌تدا هیواو ئومێد ناخوات، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌و لایه‌نه‌ی رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ كردوین بێته‌سه‌ر مێز و رێككه‌وتنه‌كان جێبه‌جێ بكات و ده‌ستوور په‌یڕه‌و بكات".

خه‌ندان 

Monday, March 4, 2013

هۆڵه‌ندا (200) په‌نابه‌ری‌ عێراقی دیپۆرت ده‌كاته‌وه‌


حكومه‌تی‌ هۆڵه‌ندا بڕیاریداوه‌ له‌چه‌ند ڕۆژی‌ داهاتوودا، ژماره‌یه‌ك په‌نابه‌ری‌ عێراقی‌ كه‌ زۆربه‌یان كوردن دیپۆرت بكاته‌وه‌.

ڕۆژنامه‌ی‌ (ئه‌لموئته‌مه‌ر) بڵاویكرده‌وه‌، حكومه‌تی‌ هۆڵه‌ندا ئاگاداری‌ حكومه‌تی‌ عێراقی كردووه‌، له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ڕۆژی‌ داهاتوودا (200) په‌نابه‌ری‌ عێراقی‌ كه‌ زۆربه‌یان كوردن، به‌زۆر ڕه‌وانه‌ی‌ عێراق ده‌كاته‌وه‌.

(دیندار دۆسكی‌) وه‌زیری‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ عێراق ڕایگه‌یاند، ئه‌و ئاگادارییه‌ی به‌فه‌رمی‌ له‌لایه‌ن هاوتا هۆڵه‌ندییه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌‌و له‌م ڕۆژانه‌دا سه‌ردانی‌ هۆڵه‌ندا ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌وڵبدات  حكومه‌تی‌ هۆڵه‌ندا له‌و بڕیاره‌ی‌ په‌شیمان بێته‌وه‌ یان دوای بخات.
-----------------------------------------------------------------
سەرچاوە: سایتى بەڕێوەبەرایەتى نشینگەى پارێزگاى سلێمانى
و: شادمان عه‌زیز