خوێندکارانى تواناسازى لە زانکۆکانى میسر، رەخنەى توند لە وەزارەتى خوێندنى باڵاو تویژینەوەى زانستى دەنگرن و ئاماژە بەوەدەن کە ئەو وەزارەتە بێدەنگى کردوە لەجێبەجێکردنى داواکاریەکانمان و بەردەوامە لە غەدرەکانى لە فێرخوازانى تواناسازى.
لەبەیاننامەیەکیاندا کە وێنەیەکى بۆ سایتى هاوڵاتى نێردراوە، ئەو خوێندکارانەى توناسازى دەڵێن ” لە مانگى شوباتى رابردودا دژ بە بڕیارێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەربارەى خەرجنەکردنى مافە داراییەکانى خوێندکارانى ماستەر لە میسر لە ساڵى سێیەمدا نارەزاییمان دەربرى، بەڵام وەزارەت بێدەنگى لێکرد و بەیاننامەکەمانى بە هەند وەرنەگرت و بەردەوامە لە غەدرەکانى.”
خوێندکارانى تواناسازى لە زانکۆکانى میسر، لەبەشێکى ترى بەیاننامەکەیاندا داوادەکەن کە گرفتى مافە دارییەکانیان بۆ چارەسەر بکەن، ئەویش بە خەرجکردنى کرێى خوێندن و تێچوى ساڵى سێیەم و بەش بەشنەکردنى پارەى ساڵى دووەم، هاوکات دەڵێن “چونکە بە هیچ شێوەیەک بیدەنگ نابین لە بەرانبەر کەمکردنەوەى ماوەى خەرجکردنى مافە داراییەکانمان لە سێ ساڵەوە بۆ دوو ساڵ”.
دەقى بەیاننامەکە
دووەم بەیاننامەی نارەزایی خوێندکارانى تواناسازى لە زانکۆکانى میسر.
هەروەک ئەزانن لە مانگى شوباتى رابردودا دژ بە بڕیارێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەربارەى خەرجنەکردنى مافە داراییەکانى خوێندکارانى ماستەر لە میسر لە ساڵى سێیەمدا.
بە یاننامەى ژمارە یەکمان بڵاوکردەوە کە تیایدا بە شێوەیەکى زانستى نا زانستى بونى ئەو بریارەى وەزارەتمان سەلماندبو . هەروەها ئاماژەمان بە هۆکارەکانى خوێندنى ماستەر لە میسر کردبو کە بۆچى سێ ساڵ ئەخایەنێت. .
بەڵام وەزارەتى خوێندنى باڵاو تویژینەوەى زانستى بێدەنگى لێکرد و بەیاننامەکەمانى بە هەند وەرنەگرت و بەردەوامە لە غەدرەکانى لە فێرخوازانى تواناسازى لە میسر.
بۆ نمونە ئەو فێرخوازانەى ساڵى سێیەمى خوێندنیانە تەنها رێژەیەکى کەم لە خەرجیەکانى ساڵى سێیەمیان بۆ خەرجکراوە و تەنانەت ئەمە ئەو خوێندکارانەشى گرتۆتەوە کە ساڵى دووەمیانە و تەنها بەشێک لە مافە دارارییەکانیان بۆ خەرجکراوە.
ئێمە نازانین بۆچى وەزارەتى خوێندنى باڵا لە برى هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنى ئەو هەمو کێشە و گرفتانەى ئێمە لەم وڵاتە رووبەرومان دەبێتەوە، بۆچى هەمو خەمى بوەتە ئەوە کە سزاى ئێمە بدات.
لە کاتێکدا ئێمە کە بە سەدان قوتابى و خوێندکار کە لەم وڵاتە ئەخوێنین، ئەگەر وڵاتێکى ئەوروپامان هەڵبژاردایە ئایا وەزارەت ناچار نە ئەبو دوو هێندەى ئێستا کرێى خوێندن و تێچوى خەرجیەکانمان بۆ دابین بکات.
کەچى سەرەراى ئەوەى ئێمە بە هاتنمان بۆ میسر بوەتە هۆى گێڕانەوەى داهاتێکى زۆر بۆ حکومەت ، کەچى هەر جارەى بە بریارێک هێندەى دیکە بارى سەرشانمان قورس ئەکات. ئەمە جگە لەوەی ناچارکردنی خوێندکارو مانەوەى بۆ ماوەی 9 مانگ لە میسر لە ساڵی سێیەمدا و لە کاتی نوسینی تویژینەوەدا وا لە خوێندکار ئەکات بابەتێک هەڵنەبژێرێت کە پەیوەندی بە کوردستانەوە هەبێت.
بۆیە لە کۆتاییدا داوا لە وەزارەتى خوێندنى باڵاو تویژینەوەى زانستى و بەرپرسانى بەرنامەى تواناسازى ئەکەین کە گرفتى مافە دارییەکانمان بۆ چارەسەر بکەن ئەویش بە خەرجکردنى کرێى خوێندن و تێچوى ساڵى سێیەم و بەش بەشنەکردنى پارەى ساڵى دووەم چونکە بە هیچ شێوەیەک بیدەنگ نابین لە بەرانبەر کەمکردنەوەى ماوەى خەرجکردنى مافە داراییەکانمان لە سێ ساڵەوە بۆ دوو ساڵ و هەروەها خەرجکردنى تەنها رێژەیەکى کەمى پارەى ئەو خوێندکارانەى کە ئێستا لە ساڵى سێیەمدان.چونکە ساڵانە بەرنامەى تواناسازى بودجەى تایبەتى بۆ تەرخان ئەکرێت و بە پشت بە ستن بە چى یاسایەک خوێندکار دواى ناردنى بۆ دەرەوەى وڵات باجى بریارێکى لەم جۆرە بدات.
ماوەتەوە بڵین بۆچى بە فەرامۆشکردنى رەخنە و نارەزاییەکانمان بە شێوەى ، ناچارى چونە سەرشەقامان ئەکەن.
ژمارەیەک لە فێرخوازانى
تواناسازى لە زانکۆکانى وڵاتى میسر.
هاوڵاتى