Showing posts with label migration to Australia. Show all posts
Showing posts with label migration to Australia. Show all posts

Wednesday, August 13, 2014

په‌ناخوازێكى عێراقى له‌ ئوسترالیا سزا ده‌درێت

 هاوكات، میدیاكانی‌ نیوزله‌ندا بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌دادگای‌ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی‌ نیوزله‌ندا فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ بۆ هاوڵاتیه‌كی‌ به‌ڕه‌گه‌ز عێراقی‌ كه‌له‌ئێستادا دانیشتوی‌ ئه‌و وڵاته‌یه‌ ده‌ركردووه‌و پێده‌چێت  ڕاپێچی‌ دادگایه‌كی‌ ئوسترالیا بكرێت به‌ تۆمه‌تی‌ تێوه‌گلان له‌ هاوكاریكردن له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وتی‌ ماددیدا بۆ ئه‌و زیاتر 400 په‌ناخوازه‌ی‌ كردبوو كه‌له‌ساڵی‌ 2001 دا بوونه‌ قوربانی‌ شپۆله‌كانی‌ ده‌ریا و 353 كه‌سیان گیانیان له‌ ده‌ستدا له‌ ئه‌نجامی‌ تێكشكانی‌ به‌له‌مه‌كه‌یان له‌پێشگه‌شتنیان به‌ ئوسترالیا كه‌ به‌ ووته‌ی‌ به‌شێك له‌ ڕزگاربووانی‌ كاره‌ساته‌كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی‌ گیانیان له‌ ده‌ستدابوو به‌ڕه‌گه‌ز كورد بوون. 
ئه‌مه‌ش دووه‌م هاوڵاتی‌ به‌ڕه‌گه‌ز عێراقی‌ ده‌بێت كه‌له‌م ساڵدا له‌ ووڵاتانی‌ تره‌وه‌ گێڕداونه‌ته‌وه‌ بۆ ئوسترالیا چونكه‌ له‌ ئوسترالیا داواكراون به‌مه‌به‌ستی‌ دادگایكردنیان به‌ تۆمه‌تی‌ تێوه‌گلان  به‌ قاچاخبردنی‌ په‌ناخوازان بۆ ئه‌و ووڵاته‌.
هه‌ژار ته‌ها

Sunday, June 29, 2014

گروپێكى ترى كۆچبه‌ران ڤیزاى په‌نابه‌ریان پێدرا له‌ ناورو

كۆچى كوردان و كۆچ بۆ ئوسترالیا
دووه‌م گروپى په‌ناخوازان ڤیزاى په‌نابه‌ریان پێدرا له‌ ناورو و له‌ ناوه‌نده‌كانى ده‌ستبه‌سه‌ركردنه‌كان ئازادكران بۆئه‌وه‌ى تێكه‌ڵى كۆمه‌ڵگا ببن، هه‌روه‌ها ماوه‌ى 4 ساڵ ڤیزاى مانه‌وه‌یان پێدرا.
ژماره‌ى ئه‌و گروپه‌ 19 كه‌س ده‌بوون كه‌ مافى به‌نابه‌ریان پێدرا له‌لایه‌ن حكومه‌تى ناورو، و چوار له‌وانه‌ى داوایان پێشكه‌ش كردبوو و داواكه‌یان ڕه‌ت كرایه‌وه‌. ئه‌وانه‌ى كه‌ مافى به‌نابه‌ریان پێدرا 15یان له‌ پێنج خێزان بوون و یه‌ك ئافره‌تى ڕه‌به‌ن و سێ كوڕى ڕه‌به‌ن بوون. ئه‌وانه‌ى كه‌ مافى په‌نابه‌ریان پێ نه‌دراوه‌ له‌ ناوه‌ندى هه‌ڵسه‌نگاندنى هه‌رێمى ده‌مێننه‌وه‌.
حكومه‌تى ناورو ئه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ یه‌كلایى كردنه‌وه‌ى مافى په‌نابه‌رێتى ئه‌وانه‌ى داوایان پێشكه‌ش كردووه‌ له‌ چه‌ند هه‌فته‌ى داهاتوودا. حه‌وت كه‌سیان هه‌ڵسه‌نگاندنى نێگه‌تیڤیان وه‌رگرتووه‌، و كه‌ چواریان له‌ دوو خێزاندا بوون و سێیان كوڕى ڕه‌به‌ن بوون. له‌ئێستادا ئه‌وانه‌ له‌ ناوه‌ندى ده‌ستبه‌سه‌ركردن ده‌مێێننه‌وه‌.

سه‌ره‌ڕاى ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ى له‌نێوان حكومه‌تى ئوسترالى و ناورو و مانوس هه‌یه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌دواى واژۆكردنى ڕێككه‌وتنى ئوسترالیا و كامبۆدیا هه‌ندێك له‌ په‌ناخوازه‌كان ڕه‌وانه‌ى كامبۆدیا بكرێن و له‌وێ مافى مانه‌وه‌یان پێ بدرێت.

Thursday, June 26, 2014

حكومه‌تى ئوسترالى گۆڕانكارى گه‌وره‌ له‌یاساى مافى په‌نابه‌رى ده‌كات


كۆچى كوردان و كۆچ بۆ ئوسترالیا
حكومه‌تى فیدراڵى ئوسترالیا گۆڕانكارى گه‌وره‌ ده‌كات له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى داخوازى مافى په‌نابه‌راندا. ئه‌گه‌ر ئه‌و یاسایه‌ له‌ په‌رله‌ماندا په‌سه‌ند بكرێت ئه‌وا، به‌رپرسیارێتى په‌ناخوازه‌ كه‌ به‌ته‌واوى داخوازیه‌كه‌ى خۆى بسه‌لمێنێت. هه‌روه‌ها ڤیزاى پاراستن نابه‌خشرێت كاتێك كه‌سه‌كه‌ به‌ته‌واوى پێناسى خۆى ناسه‌لمێنێت.
وه‌زیرى كۆچ سكۆت مۆریسۆن ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌ندێك له‌ په‌ناخوازه‌كان وه‌كو ئه‌وانه‌ى كه‌ بێ نیشتمانن، دۆكیومێنتى فه‌رمیان نیه‌، به‌ڵام به‌رپرسیارێتى ته‌واوى سه‌لماندنى ناسنامه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى په‌ناخوازه‌وه‌.
له‌لایه‌كى تره‌وه‌ ئه‌و یاسایه‌ ڕێژه‌ى مه‌ترسى ڕه‌وانه‌كردنه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى ده‌گه‌ن به‌ ئوسترالیا بۆ وڵاتانى تر زیاتر ده‌كات. له‌ئێستادا، ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى كه‌ چانسى 10٪ى ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ى مه‌ترسیان هه‌یه‌ له‌و وڵاته‌وه‌ى بۆى هاتوون ڕه‌وانه‌ ناكرێنه‌وه‌. حكومه‌ت له‌ئێستادا ئه‌و ڕێژه‌یه‌ زیاتر ده‌كات بۆ زیاتر له‌ 50٪. ئه‌گه‌ر ئه‌و یاسایه‌ جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌وا یه‌كگرتنه‌وه‌ى خێزانى په‌ناخوازان له‌دواى گه‌یشتنیان به‌ به‌له‌م ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه‌.

مۆریسۆن ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ خزمى كه‌سێك كه‌ خاوه‌نى ڤیزاى پاراستنه‌، هه‌مان ڤیزاى پێنادرێت ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ى كه‌ له‌هه‌مان خێزانن. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ گۆڕانكاریه‌كان واده‌كه‌ن كه‌ ئه‌ندامانى خێزانى خاوه‌ن ڤیزاى پاراستن هان نادرێن كه‌ بگه‌نه‌ ئوسترالیا. 

Wednesday, June 25, 2014

له‌ شه‌ش مانگى ڕابردوودا هیچ به‌له‌مێكى په‌ناخوازان نه‌گه‌یشتۆته‌ ئوسترالیا

كۆچى كوردان و كۆچ بۆ ئوسترالیا

فه‌رمانده‌ى سه‌ربازى ئۆپه‌راسیۆنى سه‌روه‌رى سنووره‌كانى ئوسترالیا، ژه‌نه‌ڕاڵ ئانگیوس كامپبێڵ له‌وبڕوایه‌دایه‌ كه‌ ئوسترالیا هه‌ڵوێستى به‌خشندانه‌ بووه‌ به‌رامبه‌ر په‌نابه‌ران. كامپبێڵ ڕایگه‌یاند ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ى سه‌رپه‌رشتى ده‌كات ژیانى چه‌ندانى ڕزگار كردووه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و لێدوانه‌ى وه‌زیرى كۆچى ئوسترالى سكۆت مۆریسۆنى دووباره‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگى ڕابردوودا هیچ به‌له‌مێك نه‌گه‌یشتۆته‌ ئوسترالیا. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو كه‌ هیچ گیان له‌ده‌ستدانێك له‌ناو ده‌ریادا له‌و ماوه‌یه‌دا ڕووینه‌داوه‌. له‌كاتێكدا بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ داتا و ژماره‌كان نزیكه‌ى 180 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ له‌ 2012-2013. هه‌روه‌ها كامپبێڵ ئه‌وه‌ى ڕایگه‌یاند كه‌ قاچاخچیه‌كان گروپى ڕێكراوى تاوانن كه‌ ڕووبه‌ڕووى مه‌ترسى بوونه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌ر گۆڕانكاریه‌ك له‌ ڕێوشوێنه‌كانى حكومه‌تى ئوسترالی بۆ پاراستنى سنووره‌كان. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌ر پشوودانێكیان له‌و پڕۆسه‌یه‌ ده‌رفه‌ت ده‌به‌خشێت به‌ قاچاخچیه‌كان. كه‌ له‌ماوه‌ى نۆ مانگى ڕابردووى ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا 203 كه‌س ده‌ستگیركراون. 

Monday, November 4, 2013

خولی تایبەت لەبارەی کۆچی نایاسایی بۆ ڕۆژنامەنوسانی سلێمانی و دەوروبەری

ڕێکخراویIMCK بە هاوکاری رێکخراوی نێودەولەتی (STATT) هەڵدەستێت بە سازدانی 3 خولی 1 ڕۆژی لە سلێمانی بۆ ڕۆَژنامەوانان. خولەکە بۆ دەوڵەمەندکردنی زانیاری ڕۆژنامەوانانە لە بواری کۆچی نایاسایی. خولەکە ڕۆژنامەوانانی نوسراو و بینراو و بیستراو و مالپەر و بلۆگەرەکانیش دەگرێتەوە. لە کۆتایی خولەکەدا نامەی بەشداری دەدرێت بە بەشداربوان.
ئەو بەشداربوانەی لە ناوچەکانی دەرەوەی ناوشاری سلێمانیەوە دێن پارەی هاتووچۆیان بۆ دەگێردرێتەوە. بۆ ڕۆژنامەوانانی گەرمیان دواتر هەمان خول لە کەلار دەکرێتەوە.
دوای خولەکە داوا لە بەشداربوان دەکرێت بابەتە بڵاوکراوەکانیان لەسەر ئەم تەوەرە بۆ بنێرن بۆمان و باشترین 3 بابەت خەڵاتی ماددی وەردەگرن.
خولەکە ڕۆژانی 6 و 7 و 9 ی مانگی 11 لەناو بینای ڕێکخراوی میدیای سەربەخۆ دەبێت بەرامبەر کەنیسەی مار یووسف. لەگەڵ دابین کردنی نانی نیوەڕوان و پێداویستیەکانی خولەکە. دەوامیش ڕۆژانە کاتژمێر 09:00 بۆ 16:00 دەبێت لەگەڵ برێکی چا و قاوە له نێوانیاندا.
بۆ زانیاری زیاتر و بەشداری کردن ئیمەێڵ بنێرە بۆ imckiraq@gmail.com یان لە فەیسبووک www.facebook.com/IMCKIRAQ
تێبینی: خولەکە بێ بەرامبەرە

Monday, October 21, 2013

ئوسترالیەکان ڕایان چۆنە لەسەر پەناخوازان؟


کۆچ بۆ ئوسترالیا و کۆچى کوردان
ئوسترالیەکان دەڵێن کە ئەوان پشتگیرى لە فرە کەلتورى دەکەن بەڵام ڕاپرسیەکى نوێ ئەوە ئاشکرا دەکات کە یەک لە سێى ئوسترالیەکان لەو بڕوایەدان کە نابێت ئەو پەناخوازانەى بە بەلەم دەگەنە وڵاتەکەیان لەوێ نیشتەجێ بکرێن. 
ڕێکخراوى زەماپینگ سۆشیەڵ کۆهیژن، ئەوە ڕادەگەیەنێت کە ژمارەى ئەو خەڵکانەى کە دەڵێن ئەو پەناخوازانەى کە بە بەلەم دەگەنە وڵاتەکەیان دەبێت بگەڕێنرێنەوە لە 23%ـەوە لە 2010دا زیادى کردوە بۆ 33% لە ئەمساڵدا. 
تەنها 18%یان دەڵێن ئەو پەناخوازانەى کە دەگەنە ئوسترالیا دەبێت ڕێگەیان پێبدرێت بۆ هەمیشە بمێننەوە، هەرچەندە ئەو ژمارەیە دەگاتە 70% لەلایەن ئەوانەى دەنگیان بۆ سەوزەکان داوە. 
ڕاپۆرتەکە هەڵوێستی بەشداربووان لەبارەى فرەکەلتورى و کۆچ و متمانە بە سیاسییەکان و جیاکارى دەخاتەڕوو و هەروەها ئاماژە بەوەدەدات کە جیاکارییەکان لەسەر بنەماى ڕەگەز و نەژاد و ئاین زیادى کردووە بۆ بەرزترین ئاست لەوکاتەوەى لە 2007ـەوە ڕاپرسیەکان دەستیان پێکردووە. 
بەڵام نووسەرى ڕاپۆرتەکە، کە پڕۆفیسۆرزى زانکۆى مۆناش ئاندریو مارکیوس دەڵێت 84%ى وەڵامدەرەوەکانى ڕاپرسیەکە دەڵێن کە فرەکەلتورى بۆ ئوسترالیا باش بووە. 
پشتیوانى فرەکەلتورى لە ئاستێکى ئاوا بەرزدا مایەى سەرسوڕمانە لەکاتێکدا پشتیوانى لە کۆچکردن ناکەن، بەتایبەت لە هەندێ ناوچەى هەرێمیدا، بەگوتەى پڕۆفیسۆرەکە. 
ئەو ڕاپرسیە هەروەها ئەوەى ئاشکرا کردووە کە متمانەى ئوسترالییەکان بە حکومەت کەم دەکات، کە چارەگێکى هاوڵاتیان ڕەزامەندن لەسەر ئەوەى کە سیاسییەکانى کانبێرا دەکرێت متمانەیان پێ بکرێت. 
ئەو ڕاپرسیە ئەوەى ئاشکرا کردووە کە خەڵکى دکتۆرەکان و نەخۆشخانەکان و پۆلیس و هەواڵى تەلەفزیۆن زیاتر بەجێى متمانە دەزانن وەکولە پارتە سیاسیەکان.

Sunday, October 13, 2013

كۆچ به‌ره‌و ئوسترالیا سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه‌



ئه‌و ده‌مه‌ی‌ عه‌باس ته‌میمی‌ گه‌یشته‌ ئوستورالیا، ئاهێكی‌ به‌به‌ردا هاته‌وه‌و گه‌یشته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی‌ خه‌ونه‌كه‌ی‌ هاتووه‌ته‌ دی‌، عه‌باس له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ری‌ نایاسایی‌ ساڵی‌ 2011 خۆی‌ گه‌یانده‌ ئه‌ندۆنیسیاو له‌وێشه‌وه‌ بۆ ئوستورالیا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ وه‌كو سه‌ردانكه‌ر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ی‌ خۆی‌ كه‌ربه‌لا.

ته‌میمی‌ ده‌ڵێت "بۆ سه‌ردانی‌ كه‌سوكاره‌كه‌م گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌و نیازم وایه‌ دوو مانگ بمێنمه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ بارگه‌و بنه‌ ئه‌پێچمه‌وه‌و ده‌چمه‌وه‌ بۆ ئوستورالیا، چونكه‌ پێم وایه‌ ئه‌وێ‌ وڵاتی‌ خه‌ونه‌كانمه‌و هه‌ر له‌وێ‌ ئازادی‌‌و كه‌سایه‌تی‌‌و كیانی‌ خۆمم دۆزیوه‌ته‌وه‌".

 حازر جه‌میل كه‌ دانیشتوویه‌كی‌ تری‌ ئه‌و پارێزگایه‌یه‌و پاش گه‌شتێكی‌ پڕ له‌ده‌رده‌سه‌ری‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ئه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "گه‌شته‌كه‌مان هیچ ئاسان نه‌بوو، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ دوانزه‌ هه‌زار دۆلارم خه‌رجكرد، له‌كه‌ناره‌كانی‌ ئه‌ندۆنیسیاوه‌ به‌گه‌شتێكی‌ پڕ له‌سه‌ركێشی‌ ده‌ریایی‌ گه‌یشتمه‌ ئوستورالیا".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "حه‌ڤده‌ رۆژ له‌ناو زه‌ریای‌ ئارامدا بوین، پاش گه‌یشتنم چوار مانگ له‌كامپی‌ په‌نابه‌ران مامه‌وه‌و پاش ئه‌وه‌ی‌ پشكنیكی‌ ته‌ندروستیم بۆ كراو لێكۆڵینه‌وه‌م له‌گه‌ڵ‌ كرا، ئینجا ئازادیان كردم، ئه‌مڕۆش له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دام خێزانه‌ پێنج كه‌سییه‌كه‌م ببه‌مه‌ ئه‌وێ‌".
نبراس تالیب له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ له‌بیری‌ ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ربه‌لا به‌ره‌و ئوستورالیا جێبهێڵێت، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "زۆرشت هه‌یه‌ پاڵم پێوه‌ ده‌نێت بۆ كۆچكردن، له‌نێویاندا بێكاری‌، چونكه‌ ئه‌مڕۆ كه‌س به‌بێ‌ واسیته‌ دانامه‌زرێت".

 هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "كاتێك كه‌وتمه‌ پرسیاركردن، تێگه‌یشتم گه‌یشتن به‌ئوستورالیا سیانزه‌ هه‌زار دۆلاری‌ ده‌وێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ گه‌شتێكی‌ پڕ له‌سه‌ركێشییه‌‌و ده‌یان كه‌س به‌وهۆیه‌وه‌ بوونه‌ته‌ قوربانی‌، منیش له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ پاره‌كه‌م بۆ كۆناكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ده‌زانم كه‌ قاچاخچییه‌كان قۆڵبڕن، بۆیه‌ له‌و هه‌نگاوه‌ په‌شیمان بوومه‌ته‌وه‌".

 چه‌ندین كه‌سی‌ تر له‌هاوڵاتیانی‌ كه‌ربه‌لا له‌وانه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكیشه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتن، خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینن رۆژێك بێت‌و بتوانن بگه‌نه‌ ئوستورالیا.

 حسێن قوسه‌ی‌ كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ كه‌ربه‌لای‌ جێهێشتووه‌و له‌یۆنان نیشته‌جێیه‌، له‌بیری‌ ئه‌وه‌دایه‌ ئه‌ویش به‌ره‌و ئوستورالیا به‌ڕێبكه‌وێت تا له‌وێ‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت خه‌ونی‌ مانه‌وه‌و كاركردن بێنێته‌ دی‌، حسێن هۆكاری‌ جێهێشتنی‌ یۆنان ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ بێكاری‌‌و داڕمانی‌ ئابوری‌.
 له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "پاش ئه‌وه‌ی‌ ساڵێك به‌ر له‌ئێستا گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ عێراق، نه‌متوانی‌ دابمه‌زرێم، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بزانم سه‌ریشم داده‌نێم ئه‌وا هه‌ر به‌ره‌و ئوستورالیا ده‌كه‌ومه‌ ڕێ‌".

 موهه‌نه‌د فازل دۆخێكی‌ تری‌ به‌سه‌ردا هاتووه‌ كاتێك هاوشێوه‌ی‌ كه‌ربه‌لاییه‌كانی‌ تر رووی‌ كردووه‌ته‌ ئه‌ندۆنیسیا تا له‌وێوه‌ به‌ره‌و ئوستورالیا بكه‌وێته‌ ڕێ‌، به‌ڵام له‌وێ‌ قاچاخچییه‌كان قۆڵیان بڕیوه‌و كاتێكی‌ زانیوه‌ نۆ هه‌زار دۆلاریان لێبردووه‌.

موهه‌نه‌د ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ‌ قاچاخچییه‌كدا رێكه‌وتووه‌ بیگه‌ێنێته‌ دورگه‌ی‌ كریسمسی‌ سه‌ر به‌ئوستورالیا كه‌ 300 كیلۆمه‌تر له‌ئه‌ندۆنیسیاوه‌ دووره‌، به‌ڵام هه‌ر له‌وێ‌ قاچاخچییه‌كان پۆلیسیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌و سه‌رجه‌م كۆچبه‌ره‌كان گیراون‌و پاره‌كان خواردوون.

موهه‌نه‌د ده‌ڵێت "به‌رهه‌ر حاڵێك بوو له‌ئه‌ندۆنیسیا نه‌جاتم بوو، ئێستا له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دام جارێكی‌ تر پاره‌ كۆبكه‌مه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بكه‌ومه‌وه‌ رێ‌".

 ئه‌یمه‌ن عامری‌ كه‌ ئه‌ویش خاوه‌نی‌ كارگه‌یه‌كی‌ ئه‌له‌منیۆمه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ دووچاری‌ فێڵ لێكردن بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌میان له‌لایه‌ن كه‌سێكی‌ عێراقییه‌وه‌، كاتێك پێی‌ وتووه‌ ئه‌گه‌ر دوانزه‌ هه‌زار دۆلاری‌ بداتێ‌ بۆ ئوستورالیا رایده‌كێشێت، به‌ڵام پاره‌كه‌شی‌ خوراوه‌و نه‌یشگه‌یشتووه‌ته‌ جێ‌.

 ئه‌یمه‌ن ئه‌مڕۆ هه‌موو بیری‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ چۆن ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌ده‌ست بهێنێته‌وه‌ كه‌ حه‌واڵه‌ی‌ كردووه‌، به‌ڵام پێناچێت ئه‌نجامی‌ هه‌بێت.

ئه‌زموونێكی‌ تری‌ گه‌یشتن به‌ئوستورالیا فازیل جبوری‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌، كاتێك به‌شانزه‌ رۆژ له‌ناو ئاودا ئینجا گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و وڵاته‌و له‌وێ‌ مافی‌ مانه‌وه‌ی‌ كاتی‌ بۆ سێ‌ مانگ وه‌رگرتووه‌.

جبوری‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت نه‌یتوانیوه‌ به‌رگه‌ی‌ غه‌ریبی‌ بگرێت، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ خێزانه‌كه‌ی‌ له‌كه‌ربه‌لا ماونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ بڕیاری‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ داوه‌و ئێستا له‌عێراق نیشته‌جێیه‌.

گه‌یشتن به‌ئوستورالیا ئه‌مڕۆ بووه‌ته‌ خه‌ونی‌ زۆرێك له‌دانیشتوانی‌ كه‌ربه‌لا، به‌شێكی‌ زۆر له‌وانه‌ هه‌وڵیان داوه‌و به‌ده‌ستی‌ به‌تاڵ‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌شی‌ گه‌یشتوون ده‌رده‌سه‌ری‌ زۆریان بینیوه‌، به‌ڵام تیاشیاندایه‌ وه‌ك عه‌باس ته‌میمی‌ كه‌ جێگیربوون له‌و وڵاته‌ هه‌موو ئێش‌و ده‌رده‌سه‌رییه‌كانی‌ بیر بردووه‌ته‌وه‌.

‌نیقاش-ئیبراهیم ئەلجبوری - كه‌ربه‌لا 

Thursday, October 3, 2013

(120) هاوڵاتی لە دورگەی كریسمیس نقوم بوون و زۆربەیان منداڵن


ئاژانسە هەواڵییەكانی ئوستورالیا بڵاویانكردەوە، شەوی رابردوو لە دوورگەی كریسمسی ئەو وڵاتە، بەلەمێك بە(120) سەرنشینەوە نقوم بووە و تا ئێستاش چارەنووسی زۆربەیان نادیارە.
رۆژنامەی( ئوستورالیا نیوز) لە زاری بەرپرسێكی هێزی دەریایی ئەو وڵاتەوە گواستویەتییەوە، شەوی رابردوو لە دوورگەی كریسمسی ئوستورالیا، بەلەمێك بە (120) سەرنشینەوە نقوم بووە، تا ئێستاش تەرمی ئەوانەی دۆرزراونەتەوە، زۆربەیان منداڵن.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە، لەو كەسانەی كە نقووم بوون تەنها(22) كەسیان دۆزراونەتەوە.رۆژنامەكە نوسیویەتی، بە پشت بەست بە زانیارییەكانی هێزی دەریایی ئوستورالیا، ئەوانەی لەناو دوورگەكەدا نقووم بوون، پێدەچێت هاوڵاتیانی وڵاتەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بن.جێی ئاماژەیە،كۆچ كردن بۆ وڵاتانی ئەوروپا بۆتە دیاردە و تا ئێستاش بە هەزاران هاوڵاتی لەنێو دەریای نێوان توركیا و یۆنان، یۆنان ئیتالیا خنكاون و تەرمەكانیاشان بۆتە خۆراكی ماسییەكانی دەریا.
وەرگێرانی لە عەرەبیەوەبنار هیدایت

Monday, September 9, 2013

دواى هەڵبژاردنەکانى ئوسترالیا کۆچى نایاسایى سەختتر دەبێت


تایبەت بە کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا

تۆنى ئابۆتى سەرۆک وەزیرانى نوێى ئوسترالیا: لە ئەمڕۆوە ڕایدەگەیەنم کە ئوسترالیا لەژێر سەرکردایەتیەکى نوێدایە.
لە هەڵبژاردنە گشتیەکاندا ئۆپۆزسیۆنى ئوسترالى بەسەر پارتى کرێکاراندا سەرکەوت و بەمەش دواى شەش ساڵ هاوپەیمانى نیشتمانى لیبڕاڵى دەچێتە سەر حوکم
هاوپەیمانەکان 88 کورسى و پارتى کرێکاران 57 کورسیان بەدەست هێنا لەکۆى 150 کورسى پەرلەمان.
تۆنى ئابۆتى سەرکردەى لیبراڵەکان، کە دەبێتە سەرۆک وەزیران، پەیمانیداوە کە حکومەتێکى تایبەتمەند و خاوەن متمانە پێکبهێنێت. کێڤن ڕۆدى سەرۆک وەزیرانى پێشوو دانى بە شکستیدا ناو ڕایگەیاند کە چیتر سەرۆکایەتى پارتى کرێکاران ناکات.
گەرمترین بابەتى هەڵبژاردنەکان چۆنیەتى زاڵ بوون بەسەر هێواش بوونەوەى گەشەسەندنى ئابوورى و بابەتى باج دانان لەسەر دەرچوونى گازى کاربۆنى وڕێگرى کردن بوو لە گەیشتنى پەناخوازە نایاساییەکان بە بەلەم.
زیاتر لە 14 ملیۆن کەس تۆمارکرابوون بۆ دەنگدان لە ڕۆژى یەکشەممەدا. دەنگدان لە ئوسترالیا ئیجباریە. 
لەلایەکى ترەوە، گواستنەوەى ئەو پەناخوازانەى گەیشتوونەتە ئاوەکانى ئوسترالیا بەشێوەى نایاسایى بەرەو مانوس بەردەوامە. گواستنەوەى پەناخوازەکان لە سەردەمى حکومەتى تۆنى ئابۆت فراوانتر دەبێت. سى و پێنج پاکستانى و نۆ ئەفغانستانى ڕەوانەى ناورو کران لە ڕۆژانى کۆتایى هەفتەدا. هەروەها 20 ئێرانى و 10 ئەفغانى و 7 سۆماڵى و 4 پاکستانى و 2 سودانى ڕەوانەى دوورگەى مانوس کران

Tuesday, August 20, 2013

بەلەمێکى پەناخوازان بەرەو ئوسترالیا نوقم بوو


تایبەت بە کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا

ئەمڕۆ سێ شەممە بەلەمێکى پەناخوازان بەرەو ئوسترالیا لە نزیک دوورگەى کریسمس نوقم بوو. 106 پەناخواز ڕزگاریان بوو لە نقومبونى بەلەمەکە. پێنج سەرنشینى بەلەمەکە هێشتا چارەنووسیان دیار نیە و گومان دەکریت گیانیان لەدەستدابێت.
زۆرترین ئێرانى بەشێوەى قاچاخ بەرەو ئوسترالیا کۆچ دەکەن. ڕۆژنامەى ئەوسترالیان ڕایگەیاندووە کە ئێران سەرچاوەى زۆرترین کۆچى نایاساییە بەرەو ئوسترالیا. باڵیۆزى ئوسترالیا لەتاران ڕایگەیاند لەسەرەتاى ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 6500 پەناخوازى ئێرانى بەبێ ڤیزا و بەبەلەم گەیشتوونەتە ئوسترالیا. 
ساڵى ڕابردوو 17202 پەناخواز گەیشتوونە ئوسرالیا. ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 15000 پەناخواز گەیشتوونەتە ئوسترالیا لەڕێگەى دەریاوە.

Monday, August 5, 2013

مالیزیا ڤیزا لەسەر چەند وڵاتێک توند دەکات، عيراقيشى تيَدايه


تایبەت بە بلۆگى کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا
لەگەڵ گۆڕانکارییەکان لە یاساى کۆچى ئوسترالیادا، مالیزیاش ڕایگەیاندووە کە دەرفەتى پێدانى ڤیزا بۆ هاوڵاتیانى چەند وڵاتێکى جیاواز سنووردار دەکات. هۆکار ئەوەش ئەوەیە کە زۆرجار پەناخوازەکان مالیزیا وەکو وڵاتێک بەکاردەهێنین بۆ کۆچیان بەرەو ئوسترالیا. 


لە 1ى ئابدا وەزیرى ناوخۆى مالیزیا ئەحمەد زاهید هامیدى ڕایگەیاند کە وڵاتەکەى لەسەر داواى ئوسترالیا ئەو بڕیارەى داوە. ئاماژەى بەو وڵاتانە نەدا کە کاریگەر دەبن بەو گۆڕانکارییە لە یاساى پێدانى ڤیزادا. بەڵام زۆرێک لەو پەناخوازانەى کە لە ئەفغانستان و پاکستان و عێراقەوە گەشت دەکەن بۆمالیزیا کۆچ بەرەو ئوسترالیا دەکەن. پەناخوازە ئێرانییەکان زۆربەى کات بە فڕۆکە گەشت بەرەو ئیندۆنیزیا دەکەن و لەوشێوە بەبەلەم بەرەو ئوسترالیا کۆچ دەکەن.
لەبەرئەوە دەرفەتەکانى کۆچ بەشێوەیەى نایاسایى تاوەکو دێت توندتردەبێت بۆ کۆچ بەرەو ئوسترالیا.

Saturday, July 20, 2013

ئەگەر کۆچى نایاسایى بۆئوسترالیا بکەيت بەکوێ دەگەیت؟

Papua_New_Guinea
تایبەت بە کۆچ بۆ ئوسترالیا و کۆچى کوردان

هەر پەناخوازێک بە قاچاخ و بەبەلەم بگاتە ئاوەکانى ئوسترالیا ڕەوانەى پاپوا نیو گینیا دەکرێت.
پاپوا نیو گینیا وڵاتێکە کە کەلتورى فرەچەشنى تێدایە. بەپێى دواهەمین داتاکان، 841 زمانى جیاواز لەو وڵاتەدا هەن. 
ژمارەى دانیشتوانى ئەو وڵاتە شەش ملیۆن و سێسەد هەزار کەس دەبێت. هەروەها شێوەى ژیانى زۆربەى خەڵکەکە دەشتەکین، و تەنها 18%ى هاوڵاتیانى لەناوەندى شارەکاندا دەژین. 
هاوڵاتیانى ئەو وڵاتە بەشێکى زۆریان لە هەژارییەکى سەختتدا دەژین، کە یەک لە سێى هاوڵاتیانى ئەو وڵاتە کەمتر لە 1.25$ یان هەیە لە ڕۆژێکدایە. 
مەلاریا نەخۆشییەکى سەرەکییە لە پاپوا نیو گینیا. بەپێى دواهەمین ڕاپۆرت کە لە ساڵى 2003دا بوو، 70هەزارو 226 هاوڵاتى تووشى ئەو نەخۆشییە بوون و 537 کەس گیانیان لەدەستدا. هەروەها گریمانەى 1 ملیۆن و 729 هەزارو 697 کەیسى ترى گوماناوى هەبوون بۆ ئەو نەخۆشییە. 
هەروەها پاپوا نیوگینیا ژمارەیەکى زۆرى نەخۆشى ئایدزى هەیە لە هەرێمى دوورگەى هادى و بەشێوەیەکە کە مەترسى بڵاوبوونەوەى پەتایەکى زۆرى لێدەکرێت.
سەدا 96ى هاوڵاتیانى کریستیانن و نزیکەى 4هەزار موسڵمان لە وڵاتەکەدا هەن. 
پاپوا نیو گینیا کەشوهەوایەکى زۆر جیاوازى هەیە. لە مانگى دیسەمبەرەوە تاوەکو مارس وەرزێکى زۆر سەختەو لە مانگى مەیەوە تاوەکو ئۆکتۆبەر زۆر وشکە. مانگەکانى جون تاوەکو سێپتەمبەر ساردترو وشکترن بەڵام بەشێوەیەکى گشتى زۆربەى ساڵ کەشوهەوایەکى گەرم و ناجێگیرى هەیە.
tours-papua-new-guinea-tribesmen_33573_600x450Image-from-the-stunning-Papua-New-Guinea-yacht-charter-destination-welder-dancersOLYMPUS DIGITAL CAMERALARGE_Port_Moresby_CBD_from_Touaguba_Hill

Friday, July 19, 2013

گۆڕانکارى گەورە لە یاساکانى کۆچى ئوسترالیا ڕوویدا


Kevin Ruddتایبەت بە بلۆگەکانى کۆچ بۆ ئوسترالیا و کۆچى کوردان

کێڤین ڕود سەرۆک وەزیرانى نوێى ئوسترالیا ڕایگەیاند کە چیتر ئەو پەناخوازانە وەرناگرێت کە بەبەلەم دەگەنە ئوسترالیا. حکومەتى ئوسترالیا و پاپوا نیو گینیا ڕێککەوتننامەیەکیان ئەنجامداوە. هەموو ئەوانەى بە بەلەم دەگەنە ئوسترالیا ڕەوانەى دوورگەى مانوس دەکرێن یاخود ناوەندەکانى ترى دەستبەسەرکردن کە لە پاپوا نیو گینیا کراونەتەوە و ئەگەر دەرکەوت کە پەنابەرن و مافى پەنابەرێتییان هەیە ئەوا دەتوانن ڤیزا بەدەست بهێنن و لە پاپوا نیو گینیا بژین. هەروەها بەرەو ئوسترالیا ڕەوانە ناکرێن چونکە ئوسترالیا قبووڵى ناکات.
ڕود ڕایدەگەیەنێت کە ئوسترالیا ناتوانێت شایەدى بینینى نوقم بوونى ئەو پەناخوازانە بێت کە بەشێوەیەکى ناسەلامەت لەڕێگەى بەلەمەوە دێنە ئەو وڵاتەوەو دەبێت خەڵکى تەنها لەڕێگەى یاساییەوەو لەڕێگەى کۆمسیۆنى پەنابەرانى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە داواى مافى پەنابەرى بکەن. ڕود دەڵێت کە یاسا نوێیەکانى ئوسترالیا ڕێگا دەدات بەو وڵاتە کە زیاتر یارمەتیدەرى ئەو پەناخوازانە بێت کە بەشێوەى یاسایى لەڕێگەى کۆمسیۆنى پەنابەرانى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەگەنە ئەو وڵاتە.
هیچ سنووردارییەک نییە بۆ ژمارەى ئەو پەناخوازانەى کە ڕەوانەى ناوەندى دەستبەسەرکردنى دوورگەى مانوس دەکرێن. پێداویستییەکانى ناوەندەکە زیاد دەکرێت تاوەکو بتوانێت 3000 پەناخواز لەخۆى بگرێت کە ئەمەش هاوشێوەى ناوەندێکى دەستبەسەرکردنى دوورگەى کریسمس دەبێت.
ڕوود ئەوەش ڕادەگەیەنێت کە ئەگەر خەڵکى هەزاران دۆلار بدەن بە قاچاخچییەکان ئەوا پارەى خۆیان بەهەدەر دەدەن چونکە لەدواجاردا هەر دەگەنە پاپوا نیو گینیا نەک ئوسترالیا. 
Image-from-the-stunning-Papua-New-Guinea-yacht-charter-destination-welder-dancers
OLYMPUS DIGITAL CAMERAPapua_New_Guineatours-papua-new-guinea-tribesmen_33573_600x450

Tuesday, January 22, 2013

کەنەدا 5هەزار پەنابەرى عێراقى و ئێرانى وەردەگرێت


بلۆگى کۆچى کوردان
لەکاتێکدا وەزیرى کۆچى کەنەدى جاسۆن کێنێى سەردانى ئۆفیسى نیشتەجێ بوون و کۆچى کەنەدا لە ئەنکەرەى پایتەختى تورکیا کرد ڕایگەیاند کە حکومەتى فیدڕاڵى 5هەزار پەنابەرى عێراقى و ئێرانى نیشتەجێ دەکات کە لەئێستادا لە تورکیا نیشتەجێن. 
ئەو هەنگاوە مەبەست لێى کەمکردنەوەى فشارەکانى سەر تورکیایە کە لەئێستادا ژمارەیەکى پەنابەرى سوورى لەو وڵاتەدان. 
کێنى ئەوەشى وت کە حکومەتى فیدڕاڵى کەنەدا تەنها ئەو پەناخوازانە وەردەگرێت کە لەلایەن کۆمسیۆنى باڵاى پەنابەرانى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکو پەنابەر دەناسێنرێن. 
ئەو ئۆفیسەى کەنەدا لەو وڵاتە ڕایگەیاندووە کە پلانى نیشتەجێ کردنەکە مەبەست لێى تەواو کردنى بەشێکى ترى ئەو پلانەیە کە لە 2009 بۆ 2010دا ئەنجامدرا بۆ نیشتەجێکردنى 20هەزار پەنابەرى عێراقى لەماوەى ئەو ساڵانەدا. 
پڕۆگرامى پەنابەرى کەنەدى یەکێکە لە کراوەترین پڕۆگرامەکان لە جیهاندا کە تەنها وڵاتێکە لەگەڵ ئوسترالیاشدا کە زۆرترین ڕێژەى پەنابەران ساڵانە وەردەگرن.
حکومەتى ئەو وڵاتە ساڵانە ژمارەى پەنابەرەکان زیاد دەکات کە لەماوەى سێ ساڵى ڕابردوودا ژمارەى پەناخوازە نیشتەجێکراوەکان 14هەزارو 500 پەناخواز بوون و جگە لەوەى چەندین پەناخوازى تریش لەسەر بنەماى مرۆیى و لایەنى تر لە 2013دا وەردەگیرێن.


Tuesday, January 1, 2013

پشتیوانانى مافى پەناخوازان ڕەخنە لە بەزۆر ناردنەوە دەگرن لەلایەن ئوسترالیاوە

وەزارەتى کۆچبەران سوود وەردەگرێت لەماوەى پشووەکان

کۆچ بۆ ئوسترالیا و کۆچى کوردان

ڕێکخراوەکانى پشتیوانى مافى پەناخوازان نیگەرانن لەوەى کە لەماوەى سەرى ساڵدا بەزۆر ناردنەوەى پەناخوازان لەلایەن وەزارەتى کۆچبەرانى ئوسترالییەوە زۆر زیاد بکات و بگاتە سەدان پەناخواز.
پامێلا کیوڕ لە سەنتەرى سەرچاوەکانى پەناخوازان لە مێڵبۆرن ڕادەگەیەنێت کە وەزارەتى کۆچبەران سوود وەردەگرێت لەماوەى پشووەکاندا بۆئەوەى چالاکییەکان بە بێ دەنگى ئەنجام بدات. 
کیوڕ هەروەها ڕایگەیاند بۆماوەیەک دەبێت کە حکومەتى ئوسترالى کێشەى نەبووە لەگەڵ کەیسى جیاوازدا. ئێمە هەندێ جار کەیسى زۆر جیددیمان بەدى کردووە کە ڕەت کراونەتەوەو ڕەوانەى وڵاتەکەیان کراونەتەوە بەڵام میدیا و دەزگا یاساییەکان هیچ چالاک نەبوون، چونکە کاتى پشوو بووە. 
بەگوتەى ئەو چالاکوانە هەندێجار ئاسانترە کە بەخێرایى بجووڵێیت بەرلەوەى خەڵکى هەست پێ بکەن.
بالا ڤیگنێسواران کە چالاکوانێکى ترە دەڵێت زۆرێک لەپەناخوازەکان ڕەت کراونەتەوە چونکە هۆکارى ئابووری مەبەستى پەناخوازیان بووە، لەکاتێکدا زۆربەیان مافى یاساییان هەیە کە داواى پەنابەرى بکەن. 
وتەبێژێکى وەزارەتى کۆچبەران ڕاگەیاند ئەگەر خەڵکى هیچ بنەمایەکى یاساییان نەبێت بۆئەوەى لە ئوسترالیا بمێننەوە، ئەوا ئامادەکارى دەکەن بۆ ڕەوانە کردنەوەیان. 
سەرچاوە: ئەى بى سى نیوز

Tuesday, November 27, 2012

ناوەندى دەستبەسەرکردنى ناورو بە گوانتانامۆى ئوسترالیا ناودەبرێت


کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا
پەناخوازانى ناورو دووبارە دەستیان کردەوە بە مانگرتن لە خواردن، لەکاتێکدا کە 5 ئێرانى بۆماوەى 24 ڕۆژە بەردەوامن لە مان گرتنیان. ئۆمید یەکێکە لەو ئێرانیانەى کە مانگرتنەکەى بۆماوەى 44ـەمین ڕۆژ دەچێت و هەروەها لەئێستادا ڕەتى دەکاتەوە کە ئاو بخواتەوەو بڕیارى قۆڵ بڕینى خۆیشى داوە.
لەلایەکى ترەوە 33 ئەفغانى و پاکستانى لە نەژادى هەزارا نوقم بوون لەئاوەکانى نزیک ئوسترالیا لەمانگى ڕابردوودا. لەکاتى ڕووداوەکەدا دەسەڵاتداران بەو ڕووداوەیان نەزانیبوو لەبەرئەوە بەشێکى زۆر لەوانەى نوقم بووبوون لەو کۆچە مەترسیدارەدا ڕزگار نەکران. 
لەهەمانکاتدا یەکێک لەوەزیرەکانى حکومەتى ئوسترالى ڕایدەگەیەنێت کە ڕێوشوێنى ڕووبەڕووبوونەوەى پەناخوازان سیاسەتێکى زۆر توندە بەڵام ئەو ڕێسایە پێویستە بۆئەوەى ڕێگرى لەخەڵکى بکرێت لە ئاوەکاندا نوقم ببن. 
لەگەڵ فشارە ناوخۆییەکان و مەترسییەکانى کۆچ بۆ ئوسترالیاش، لەهەمانکاتدا ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى داوا دەکات ناوەندى دەستبەسەرکردنى پەناخوازان لە ناورو دابخرێت. ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى لە بەیاننامەکەیاندا وتەى یەکێک لە پەناخوازەکانیان خستۆتەڕوو کە وتوویەتى: ئەمە وەکو سزادانى سەختى تاوانبارانە. لەوبڕوایەدام، لە ئوسترالیا تاوانباران باشتر لە ئێمە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. تەنانەت تاوانباران دەزانن کە چەند ساڵ لە زیندانیدا دەمێننەوە بەڵام ئێمە هیچ بیرۆکەیەکمان نییە.
پشتیوانان لە پەناخوازانن ڕایدەگەیەنن کە حکومەتى ئوسترالى لاپەڕەیەکى داوەتە پەناخوازەکان لەناورو بەشێوەیەکە کە واڕێکخراوە خەڵکى ناچاربکات بەشێوەیەکى خۆبەخشانە بگەڕێتەوە وڵاتەکەى خۆى. 
لەگەڵ هەموو ئەوانەدا و لەم بارودۆخە سەختەدا دەکرێت و وتراویشە کە ناورو بە گوانتانامۆى ئوسترالیا ناوبنرێت. 

Friday, November 9, 2012

دەقى یاساى نوێى ئوسترالیا بۆ مامەڵە لەگەڵ پەناخوازاندا چییە؟


بلۆگەکانى کۆچ بۆ ئوسترالیا و کۆچى کوردان

حکومەت و ئۆپۆزسیۆنى ئوسترالیا لیژنەیەکى بێ لایەن و پسپۆڕو سەربەخۆى دیارى کرد بۆ گەڵاڵە کردنى چەند پێشنیارێک کە هەردوولا لەسەرى ڕێکبکەون تاوەکو بکرێتە یاسایەک و بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ پەناخوازاندا بکرێت. 
وا لەخوارەوەشدا دەقى ئەو 22 ڕاسپاردەیەى کەلەلایەن پەرلەمانى ئوسترالیاوە پەسەندکرا بۆ چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پەناخوازانەى کە لەڕێگەى بەلەمەوە دەگەنە ئوسترالیا، دەخەینەڕوو: 

1- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات کەپێویستە ئەم پرەنسیپانەى خوارەوە ببن بەبەشێک لە سیاسەتى ئوسترالیا لە مەسەلەکانى تایبەت بە پەناخوازان کە ئەوەش بە ئامانجى جێبەجێکردنى ڕێوشوێنێکى ستراتیجى و گشتگر و و تۆکمە کە بتوانێت ئەوەلیەتى کورتخایەن و درێژخایەن و مام ناوەند بدات بە چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵ مەسەلەى پەنابەرێـى و شاڵاوى کۆچ لە ناوچەکەدا. 

هەروەها دابینکردنى ڕێوشوێنى تازەوگونجاوە بۆ پەناخوازان بۆ بەدەستهێنانى پارێزگاریکردن لەڕێگەى سیستەمێک لەسەر ئاستى ناوچەکە و دابینکردنى ئاسانکارى بۆ هەمئاهەنگى لەسەر ئاستى ناوچەکە و هەبوونى چوارچێوەیەکى پارێزگاریکردن کە گونجاوبێت لەگەڵ داواکاریەکان بۆ وەرگرتنى مافى پەنابەرێتى و دابینکردنى هاوکارى بۆئەوانەى کە کەیسەکانیان هەڵسەنگاندنیان بۆکراوە و بەدەستێنانى دەرئەنجامى درێژخایەن لەو بارەیەوە.  تەتبیقکردنى پرەنسیپى " بێ سود" بۆئەوەیە کە بڵێن بەخۆدزینەوە لە هەبوونى سیستەمێکى ڕێکخراو بۆ مەسەلەى کۆچ هیچ سودێکى نیە. هەروەها باشترکردنى پڕۆگرامى مرۆیى ئوسترالیا کە زیاتر دەبێت ببێتە جێگەى باوەڕ و دادپەروەرانە بێت و ملکەچى ئوسترالیاش بۆ پابەندبوونە نێودەوڵەتیەکان دووپاتبکاتەوە.    
لەو 20 هەزار پەنابەرەى لەچوارچێوەى پڕۆگرامى مرۆییدا وەردەگیرێن ، بەلایەنى کەمەوە 12 هەزار مافى پەنابەرێتى بدرێت بە بەشى پەنابەران (کەلەلایەن یوئێنەوە دەنێنرێن بۆ ئوسترالیاوە) و بەمەش  ڕێژەکە دووهێندەى جاران دەبێت.  

پڕۆگرامى مرۆیى ئوسترالیا :

2- لیژنەکە پێشنیارى ئەوە دەکات کە دەستبەجێ ژمارەى وەرگیراوان لەم پڕۆگرامەدا زیادبکرێت بۆ 20 هەزار کەس لە ساڵێکدا. بەپشتبەستن بە باردۆخى ئابوورى ئێستا (ى ئوسترالیا) و گەشەکردنى زیاتر لەمەڕ هاریکارى لەسەر ئاستى ناوچەکە سەبارەت بە پەناخوازان ، پێشنیاردەکرێت کە ژمارەکە زیادبکرێت بۆ 27 هەزار کەس لە 5 ساڵى داهاتوودا . ئەم پڕۆگرامە دەبێت زیاتر جەخت لەو پەناخوازانە بکاتەوە کە خۆیانگەیاندۆتە ووڵاتانى باشورى ئاسیا. 

هاریکارى لەسەر ئاستى ناوچەکە :
3- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات کە بەئامانجى پەرەپێدانى هاریکارى لەسەر ئاستى ناوچەکە بۆ سیستەمى وەرگرتنى پەنابەرێتى ، حکومەتى ئوسترالیا سەرچاوەکانى زیاتر و فراوانتر بکات لە ناوچەکەدا. 

4- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات کە هاریکاریە دووقۆڵیەکانى لەگەڵ ئەندەنوسیا زیاتر بکات سەبارەت بە پەناخوازان ئەویش لەڕێگەى زیادکردنى بەشى ئەندەنوسیا بۆ پڕۆگرامى مرۆیەکەو هەروەها زیادکردنى چاودێرى لەڕێگەى دەوریە دەریایەکان و گەڕان و چەسپاندنى یاسا سەبارەت بە پەناخوازان و کردنى گۆڕانکارى لە یاساکانى ئوسترالیادا سەبارەت بە کەمینە ئەندەنوسیەکان و ئەوانەى کە سەرپەرشتى گەشتە دەریایە نایاسایەکان دەکەن لە ئەندەنوسیاوە بۆ ئوسترالیا.  

5- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات کە ئوسترالیا بەردەوام بێت لە پەرەپێدانى هاریکاریەکانى لەگەڵ ئەندەنوسیا سەبارەت بە پەناخوازان کە ئەوەش وەرگرتنى ژمارەیەکى بەرچاو لە پەنابەران لەو ووڵاتەوە بەسێوەیەکى ساڵانە. 

6- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات کە هاریکارى ووڵاتانى تر بکات بەتایبەت ووڵاتانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و ئاسیا بۆ زیاردکردنى وەرگرتنى پەنابەر لەوانەوە.   

ڕاگواستنى پەناخوازان بۆ ووڵاتانى ناوچەکە : 
7- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات کە یاسایەک بەپەلە دەربکرێتـ بۆ ڕاگواستنى پەناخوازان بۆ ووڵاتانى ناوچەکە بەمەبەستى یەکلایکردنەوەى کەیسەکانیان. ئەم یاسایە دەبێت بەجۆرێک بێت کە ڕاگواستنى پەناخوازان بۆ ووڵاتێکى گونجاوى ناوچەکە رێگەپێبدات و لەهەمان کاتدا یاسایەکى تریش هەبێت کە دەرفەتى ئەوە بە پەرلەمانى ئوسترالیا بدات کە ڕێگەبگرێـت یان ڕێگە بدات بە بەردەوامکردنى ڕاگواستن.        

8- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات کە کەمپەکان لە دوورگەى ناورۆ بە زووترین کات بکرێنەوە بۆ ڕاگواستنى ئەو پەناخوازانەى لەڕێگەى کەنارە ئاویەکانەوە گەشتونەتە ئوسترالیا بەشێویەک کە گونجاوبێت بەرپرسیارێتیەکانى ناورۆو ئوسترالیا بەپێى یاساى نێودەوڵەتى.  

9- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات کە کەمپەکان لە دوورگەى پاپانیوگینیا بە زووترین کات بکرێنەوە بۆ ڕاگواستنى ئەو پەناخوازانەى لەڕێگەى کەنارە ئاویەکانەوە گەشتونەتە ئوسترالیا بەشێویەک کە گونجاوبێت بەرپرسیارێتیەکانى پاپانیوگینیا و ئوسترالیا بەپێى یاساى نێودەوڵەتى.  

10- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات کە ڕێکەوتنامەکەى 2011 ى نێوان حکومەتى مالیزیا و ئوسترالیا بۆ ڕاگواستنى پەناخوازان و وەرگرتنى پەنابەران لەو ووڵاتەوە زیاتر پەرەى پێبدرێت نەک پشتگوێ بخرێن بەجۆرێک کە هەئاهەنگى زیاتر لەسەر ئاستى باڵا بکرێت لەڕێگەى جەختکردنەوە لە پاراستن و لەئەستۆگرتنى بەرپرسیارێتى بەجۆرێک کە ببێتە بنەمایەکى ئەرێیى بۆ پەرلەمانى ئوسترالیا بۆ دووبارە بەهەندوەرگرتنەوەى یاسایەکى نوێ کە پێویست بکات. 

یەکگرتنەوەى خێزان 
11- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات کە ئەو کەڵەکەبوون و زیادبوونەى لە چوارچێوەى پڕۆگرامى مرۆیى تایبەت هەیە لەئێستادا چارەسەربکرێت لەڕێگەى کەمکردنەوەى داواکاریەکان بۆ یەکگرتنەوەى خێزانەکان کەلەڕێگەى گەشتە دەریایە ترسناکەکانەوە دەگەنە ئوسترالیا ئەویش لەڕێگەى لابردنى ئەو ئیمتیازەى کە بۆ ئەو داواکارەکانەیە کە بەشێویەکى نایاسایى و بە گەشتە دەریایەکان گەشتونەتە ئوسترالیا و لە جیانى ئەوە داواکارەکان دەبێت لەڕێگەى پڕۆگرامى کۆچەوە داواى بەیەکگەشتنەوەى خێزانەکانیان بکەن.   

12- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات کە ئەوانەش کە لە داهاتوودا دەگەنە ئوسترالیا لەڕێگەى کەنارە ئاویەکانەوە و نایاسایى بوون نابێت مافى ئەوەیان هەبێت کە داواى خێزانەکانیان بکەن لەچوارچێوەى پڕۆگرامى مرۆیى تایبەتەوە و دەبێـت ئەو داواکاریە لەڕێگەى پڕۆگرامى کۆچەوە بێت. 

13- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات کە ئوسترالیا هەمئاهەنگى زیاتر بکات لەگەڵ ئەو ووڵاتانەى کە لە ئێستاو ڕابردوودا پەنابەران وەردەگرن بۆ ئەوەى دەرفەتى زیاتر هەبێت بۆ نیشتەجێکردن وەک بەشێک لە هاریکارى لەسەر ئاستى ناوچەکە.  

14- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات کە یاساى کۆچى ساڵى 1958 هەمواربکرێتەوە بەوەش هەرگەشتنێک بەهەرشوێنێکى ئوسترالیا لەڕێگەى کەنارە ئاویەکانەوە بێت و ناڕێکخراو(نایاسایى) بێت نابێت ئەو کەسانە مافێکى یاسایى جیاوازیان بدرێتێ لەوانەى  کە گەشتونەتە دوورگەکانى ئوسترالیا.   

15- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات یەکلایکردنەوەى مافى پەنابەرێتى لەڕووى کاتەوە گونجاو و بەسود بێـت.  

16- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات کە ستراتیجیەکى کاریگەر پەرەیپیبدرێت بۆ دانوستانکردن بۆ بەدەستهێنانى ئەنجامە باشتر لەسەر دیپۆتکردنەوەوگێڕانەوەى ئەو پەناخوازانەى کە کەیسەکانیان ڕەتدەکرێتەوە.  

17- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات کە دەبێت ستراتیچى تێکشکاندنى قاچاخچیەکان و ئەو مەترسیانەى ئەوان دەینێنەوە بەردەوام بێت بەجۆرێک کە ئاژانسە پەیوەندیدارەکانى ئوسترالیا سەرچاوەى زیاتریان بۆ دابینبکرێت بەشێوەیەکى بەردەوام بۆ ئەو مەبەستە. 

18- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات کە ئاژانسەکانى جێبەجێکەرانى یاسا لە ئوسترالیا دەبێت لە چالاکیەکانیان بۆ بەگرداچونەوەى ئەو هاوڵاتیە ئوسترالیانەى کە بەشدارن لە تەمویلکردن و ئاسانکارى بۆ کارەکانى پەقاچاخهێنانى پەناخوازان. 

19- لیژنەکە تێبینى ئەوەدەکات کە ئەو هەلومەرجانەى پێویستن بۆ گێڕانەوەى کاریگەرو سەلامەت و یاسایى ئەو بەلەمانەى کە بەشێوەیەکى ناڕێکخراو (نایاسایى) دەگەنە ئوسترالیا بەدى نەهاتوون بەڵام ئەم بارودۆخە دەکرێت بگۆڕدرێت ئەگەر هاریکارى و هەمئاهەنگى زیاتر لەناوچەکەدا کرا. 

20- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات کە ئوسترالیا بەردەوام بێت لەکارکردن لەووڵاتانى ناوچەکە بۆ پەرەپێدان بە کارەپێکەوەیەکان بۆ بەڕێوەبردنى گەڕان و ڕزگارکردنى (پەناخوازان لەدەریاکاندا) لە ناوچەکەدا هەروەها چارەسەرکردنى هەرگرفتێک لە چوارچێوەى یاساکانى گەڕان و ڕزگارکردن لەنێوان ووڵاتانى ناوچەکەدا.   

21- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات کەلە چوارچێوەى ئەم ڕاسپاردانەدا پەیوەندى نێوان ووردەکاریەکانى یەکلایکردنەوەى کەیسى پەناخوازان لەناو ئوسرالیاو لە دەرەوەى ئوسترالیا بەپێى پڕۆگرامى مرۆیى لەماوەى دوو ساڵدا پێداچوونەوەى بۆ بکرێت.  
22- لیژنەکە پێشنیارى ئەوەدەکات کە ناتەواوى بنەماکانى بەڵگەکانى ئێستاى تایبەت بە مەسەلەى پەنابەرێتى چارەسەربکرێت لەڕێگەى پرۆگرامێکى لێکوڵینەوەیى کە بە بوجەیەکى باش بەڕێوەببرێت بە بەشدارى حکومەت و لایەنە ناحکومیەکان.  


ئاماده‌كردنی‌: هه‌ژار ته‌ها


سەردانى گروپ و پەیجەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى کۆچ، مینحەى خوێندن، دەرفەتى کار لە وڵاتانى دەرەوە و کۆچى یاسایى:
https://www.facebook.com/kochikurdan
https://www.facebook.com/groups/102175996536494/
http://kochikurdan.wordpress.com/
http://immigration2australia1.blogspot.com/
https://twitter.com/Kurd_Migration

Sunday, November 4, 2012

له‌ئه‌ڵمانیاو به‌ریتانیاو ئوسترالیا په‌ناخوازان نائومێدن

په‌نابه‌ره‌ مانگرتووه‌كان له‌سه‌نته‌ری‌ شاری‌ به‌رلین - ئه‌ڵمانیا
له‌ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌ی‌ ڕابردوودا‌و له‌چه‌ند وڵاتێكی‌ جیهاندا، ئه‌و په‌ناخوازانه‌ی‌ كه‌ كه‌یسه‌كانیان ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌ زنجیره‌یه‌ك خۆپیشاندان‌و مانگرتنیان ئه‌نجامدا كه‌ به‌شێك له‌و خۆپیشاندانان‌و مانگرتنانه‌ تاكو ئێستا به‌رده‌وامیان هه‌یه‌.

له‌ئه‌ڵمانیا ئاژانسی‌ ڕۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه‌، ژماره‌یه‌ك په‌ناخوازی‌ بێ‌ وه‌ڵام له‌پاش ڕێكردنیان بۆ زیاتر له‌ (400) میل وه‌ك پیشاندانی‌ ناڕه‌زایی‌ به‌رامبه‌ر خراپی‌ بارودۆخیان له‌و وڵاته‌و سنورداركردنی‌ جموجۆڵیان له‌لایه‌ن پۆلیسی‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ به‌رده‌وامن له‌خۆپیشاندان.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، (20) له‌و په‌ناخوازانه‌ش كه‌ ژماره‌یه‌كیان به‌ڕه‌گه‌ز عێراقین، تاوه‌كو ئێستا له‌سه‌نته‌ری‌ شاری‌ به‌رلین مانگرتنیان ڕاگه‌یاندووه‌، تا ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ كێشه‌كانیان چاره‌سه‌رده‌كرێت‌و وه‌ڵامێك وه‌رده‌گرن. 

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌، نزیكه‌ی‌ (170) په‌ناخوازی‌ تر كه‌ له‌ئێستادا له‌دوورگه‌ی‌ ناورۆ كه‌ له‌پاش گه‌یشتنیان به‌شێوه‌یه‌كی‌ نایاسایی‌ به‌ئوسترالیا ڕاگوێزراون بۆ ئه‌و دوورگه‌یه‌، مانگرتنیان ڕاگه‌یاندووه‌و داواكارن كه‌یسه‌كانیان له‌ئوسترالیا یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.

به‌وته‌ی‌ داكۆكیكارێكیش له‌زاری‌ ئه‌و په‌ناخوازانه‌وه‌، مانگرتووه‌كان ڕایانگه‌یاندووه‌، مانگرتنه‌كه‌یان بۆ كاتێكی‌ نادیار به‌رده‌وام ده‌بێـت.
له‌وباره‌یه‌وه‌ش وه‌زاره‌تی‌ كۆچی‌ ئوسترالیاش ڕایگه‌یاندووه‌، به‌رده‌وام ده‌بن له‌ڕاگواستنی‌ په‌ناخوازانه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نایاسایی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ به‌له‌می‌ قاچاخه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ ئه‌و وڵاته‌ بۆ دوورگه‌ی‌ ناورۆ، به‌وته‌ی‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌كه‌ش، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ كه‌یسه‌كانیان، پێده‌چێت چه‌ند ساڵێك بخایه‌نێت.

به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كان ژماره‌یه‌ك په‌ناخوازی‌ به‌ڕه‌گه‌ز عێراقی‌ له‌ناو ئه‌و (400) په‌ناخوازانه‌دان كه‌ له‌و دوورگه‌یه‌دا ده‌ستبه‌سه‌رن.  

به‌پێی‌ ڕاپۆرتێیكی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ (گاردیان)ی‌ به‌ریتانیش، ڕه‌وشی‌ ئه‌و په‌ناخوازانه‌ی‌ كه‌یسه‌كانیان ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌ له‌شاری‌ گلاسۆی‌ سكۆتله‌ندا، له‌خراپترین دۆخدایه‌و په‌ناخوازان له‌ژێر هێڵی‌ هه‌ژاریه‌وه‌ن‌و كه‌متر له‌دۆلارو نیوێكیان بۆ خه‌رجده‌كرێت، تا ڕۆژانه‌ پێی بژین.
له‌ناو ئه‌و په‌ناخوازانه‌شدا چه‌ندین كه‌سی‌ به‌ڕه‌گه‌ز كوردو عێراقی‌ هه‌ن كه‌ باسیان له‌خراپی‌ باردۆخی‌ ژیانیان كردووه‌ له‌و وڵاته‌ له‌پاش ڕه‌تكردنه‌وه‌ی‌ كه‌یسه‌كانیان. 
وه‌ك هه‌وڵێكیش بۆ ئیدانه‌كردنی‌ ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌و په‌ناخوازانه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی‌ به‌ریتانیاوه‌، ژماره‌یه‌ك خوێندكار كه‌مپه‌ینێكیان ڕاگه‌یاندووه‌ له‌شاری‌ گلاسكۆ بۆ داكۆكیكردن له‌مافی‌ ئه‌و په‌ناخوازانه‌و دوورخستنه‌وه‌ی‌ هاوڕێكانیان له‌خوێندن له‌پاش ڕه‌تكردنه‌وه‌ی‌ كه‌یسی‌ خۆیان‌و خێزانه‌كانیان. 
(ڕۆزا ساڵح) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كچانه‌ی‌ كه‌مپه‌ینێكی‌ مۆسیقی‌و گۆرانییان ڕێكخستووه‌و به‌ڕه‌گه‌ز كوردی‌ عێراقه‌، به‌ئاژانسی‌ (بی‌ بی‌ سی‌) ڕاگه‌یاندووه‌، ئه‌وان ده‌ستكه‌وتی‌ گه‌وره‌یان به‌ده‌سهیێناوه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ تر نه‌یاتوانیوه‌ له‌به‌ریتانیادا بیكه‌ن‌و هیواخوازن ببێتـه‌ فشارێك بۆ سه‌ر حكومه‌تی‌ ئه‌و وڵاته‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ په‌ناخوازان.  
-----------------------------------------------------------------
و: هه‌ژار ته‌ها
NNA



Friday, November 2, 2012

تەواوى زانیارییەکان بەبەردەوامى لەبارەى کۆچ بۆ ئوسترالیا ببینە


بۆ یەکەمجارو لە کارێکى ناوازەدا

هاوڕێیانمان لە لاپەڕەى کۆچى کوردان، کۆچ بۆ ئوسترالیا و بلۆگى کۆچى کوردان... فەرموون لەگەڵ ئەم ئەپڵیکەیشنە نوێیەمان لەسەر وێبسایتى (تیکى تۆکى) کە زانیارى تەواوى لەبارەى کۆچ بۆ ئوسترالیا، ڕووداوەکان، و پێشهاتەکان و چەندان زانیارى جۆراوجۆرى تێدا بڵاوکراوەتەوە.. ئەم ڕووداو و زانیارییانە لەسەر بنەمایەکى مێژوویى و بەپێى ڕۆژەکان داتا و زانیارییەکان خراونەتەڕوو و زانیارییەکان لە ساڵى 2008ـەوە دەست پێدەکەن تاوەکو ئەم ڕۆژانەو بەردەوام زانیارییەکانیش نوێ دەکەینەوە... 
هیوادارین خوێنەرێکى بەردەوامى بلۆگ و پەیجەکانمان بن و ڕەخنەو پێشنیارەکانتان بۆ ئێمە زۆر گرنگە.
لەم لینکەى خوارەوە ئەپڵیکەیشنەکە ببینن:
http://www.tiki-toki.com/timeline/entry/64185/Migration-to-Australia-/


سەردانى گروپ و پەیجەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى کۆچ، مینحەى خوێندن، دەرفەتى کار لە وڵاتانى دەرەوە و کۆچى یاسایى:
https://www.facebook.com/kochikurdan
https://www.facebook.com/groups/102175996536494/
http://kochikurdan.wordpress.com/
http://immigration2australia1.blogspot.com/ 

Monday, October 29, 2012

ئوسترلیا 3800 پەناخوازى عێراقى وەردەگرێت

لەڕێگەى یاساییەوە وەردەگیرێن لە ڕێگەى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە

کۆچ بۆ ئوسترالیا

یەکێک لەو ڕێگایانەى کە ئێمە وەکو گروپەکانى کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا هەمیشە جەختمان لێکردۆتەوە گرتنەبەرى  ڕێگا یاساییەکانە، ئەویش بەهۆى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بێت یاخود بەهۆى کارکردن بێت لە وڵاتانى بیانى یاخود بەمەبەستى خوێندن و هۆکارى تر بێت.
وەکو بەشێک لە زیاد کردنى هاریکارى مرۆیى حکومەتى ئوسترالى بڕیارە لەمساڵدا 20هەزار پەناخواز وەربگرێت. وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى ئوسترالى کریس بۆوێن شێوازى دابەش کردن و وەرگرتنى ئەو پەناخوازانەى ئاشکرا کرد لە ناوەند و شوێنە جیاوازەکانى کۆمسیۆنى پەنابەرانى سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان (UNHCR).
بەپێى پلانى 2012-2013 بڕیار وایە بەم شێوەیە پەناخوازەکان وەربگیرێن لەڕێگەى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە:
2هەزار پەناخوازى ئەفریقى لەناویشیاندا کۆمارى دیموکراتى کۆنگۆ، ئەسیوپیا، باشوورى سودان و ئەریتریا.
3800پەناخوازى عێراقى لە سوریا و تورکیا و ئوردن و لوبنان.
2هەزار پەناخوازى ئەفغانى لە وڵاتانى ترى ناوچەکەدا.
1350 پەناخوازى بۆمایى، ئەفغانى، ئێرانى و پەناخوازانى تر کە لە مالیزیا دەژین.
1200 پەناخوازى بهوتانی لە دەرەوەى نیپاڵ.
800 پەناخوازى بۆرمایى لە تایلەند.
نزیکەى 600 پەناخوازى ئەفغانى و عێراقى و ئێرانى کە لە ئیندۆنیزیا دەژین.
نزیکەى 200 پەناخوازى بۆرمایى کە لە هیندستانن.
نزیکەى 200 پەناخوازى تر کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ئاڕاستەیان دەکرێت.
لەڕاستیدا هەموو ئەو پەناخوازانە لەڕێگەى یاساییەوە وەردەگیرێن لە ڕێگەى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە. دەبێت هەموو ئەوانە بەڵگەنامەى فەرمییان هەبێت کە ڕووبەڕووى مەترسى پێکدادان و کێشەى تائیفى و مەزهەبى، ئاینى و کۆمەڵایەتى، یاخود سیاسى و مرۆیى بوونەتەوە. 
بۆزانیارى زیاتر دەتوانن ئەم لینکە بخوێننەوە:
http://www.abc.net.au/news/2012-10-26/nauru-hikes-up-asylum-seeker-visa-costs/4334448

سەردانى گروپ و پەیجەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى کۆچ، مینحەى خوێندن، دەرفەتى کار لە وڵاتانى دەرەوە و کۆچى یاسایى:
https://www.facebook.com/kochikurdan
https://www.facebook.com/groups/102175996536494/
http://kochikurdan.wordpress.com/
http://immigration2australia1.blogspot.com/
https://twitter.com/Kurd_Migration