راپۆرتێک لهسهر ناڕهزایهتیهکانیو چالاکیهکانی پهنابهرانی عێراقی
لە دوای پێچانەوەی چادرگەی سێڵینگن لەلایەن شارەوانی هەمان گوندەوە و ئاوارە کردنەوەی چەند بارەی پەنابەرانی بێجێگەو ڕێگە، کە دەکاتە 14ی سێپتێمبەر، پەنابەران ناچار بوون بە کۆمەڵ پەنا بۆ شاری لاهای/ دێنهاخ ببەن و لە نزیك ویستگەی شەمەندەفەری ئەو شارە کۆببنهوه. سەرەتا نارهزایهتیهکان بهوه دەستیان پێکرد کە داوای مۆڵەتی مانەوە پێشکەشی شارەوانی شاری لاهای بکەن بۆ مانەوە لە پارکی کومارك و دواتریش درێژەدان بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانیان دژی سیاسەتی بە زۆرناردنەوەی 1300 پەنابەر کە حکومەتە ڕاستڕەوەکەی خێرت لێرس خەریك بوو لەگەڵ حکومەتی عێراق و وەزیری کۆچو کۆچبەرانەکەی بناغەی بۆ دادهڕشت.
سەرباری ئەوەی پەنابەران لە ههڵومەرجێکی زۆر نالەباری ژیان و گوزەراندان کە وەکو پێویست خواردن، سەردانی پزیشك، شوێنی خۆشتن، خەوتن و تەوالێتیان نیە و بەدەست سەرماو تەڕوتوشیەوە دەناڵێنن. هەروەها پەنابەران تا ئاستێکی زۆر بێزارو نیگەرانی ئەوەن کە سیاسەتی هەڵاواردنیان لەگەڵدا کراوە کاتێك چەند مانگ لەمەوبەر دوو گروپ لە پەنابەران لەهەریەك لە گوندی تێرئەپڵ و شاری دێن بوش خۆپیشاندانیان بەڕێخست لە پێناوی بەدەست هێنانەوەی مافی گەڕانەوە بۆ کەمپەکانیان، کە ئەو کات خێرت لێرس بە بڕیارێك داواکاری خۆپیشاندەرانی جێبەجێ کردوو ئەو پەنابەرانی گەڕاندەوە کەمپەکانیان. بەڵام ئەوەتا ئەم بەشە لە پەنابەران زیاتر لە 22 ڕۆژە بە جۆرەها شێوە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بەڕیدەخەن بۆ بەدەستهێنانەوەی مافی گەڕانەوە بۆ کەمپەکانیان، بەڵام تا ئێستا خێرت لێرس سیاسهتی بێدهنگی ههڵبژاردوهو خۆی لێ دورەپەرێز گرتووەو هیچ بایەخێك بۆ داواکاری ئەو پەنابەرانە و ڕێکخراوەکانی بهرگریکار لە مافی پەنابەران دانانێ.
لەو ڕاستایەدا پەنابەران و ئەو گروپ و ڕێکخراوانەی کە بهرگری لە مافەکانیان دەکەن، لە ڕۆژانی هەینی و شەممەی ڕابردودا هەڵسان بە ڕێپێوان و خۆپیشاندانی هێمنانە و مەدەنیانە بۆ بەر باڵەخانەی وەزارەتی داد و پەرلەمان لە شاری لاهای بە مەبەستی ڕاکێشانی هاوپشتی و هاوسۆزی خەڵکی مرۆڤ دۆستو ئەحزاب و ڕێکخراوەکانی ئەو شارەو وڵاتی هۆڵەنده.
ڕێپێوانی یەکەم ڕۆژی پێنج شەممە بەڕێخراو پەنابەران بەدەم ڕێڕۆشتنەکەوە جۆرەها دروشمی دژی دیپۆرتکردنەوە و بە نایاسایی دانانی پەنابەرانیان دەوتەوەو کوچەوکۆڵانەکانی ئەو شارەیان هێنابووە جۆشوخرۆش. ڕێڕۆشتنی دووەم ڕۆژی هەینی بەڕێخراو پەنابەران بەوتنەوەی دروشم و ناڕەزایەتی بەرەو باڵەخانەی وەزارەتی داد بەڕێکەوتن.
هەروەها ڕۆژی شەممەی ڕابردوش پەنابەران ڕێڕۆشتنێکی تریان بەڕێخست بەناو کوچەو شەقام و شوێنە گشتیەکانی شاردا کە مەبەست لێی بەدەستهێنانی پشتگیری مادی و مەعنەوی و بە ئاگا هێنانەوەی خەڵکی ئەو وڵاتە بوو لە سیاسەتە ڕاستڕەوی و دژە پەنابەرانی خێرت لێرس کە دەرهەق بە پەنابەرانی بێ دەرەتان گرتوێتیەبەر.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی له هۆڵەنده هەروەکو چۆن پەنابەرانی لە چادرگەی سێڵینگن یارمەتی مادی و مەعنەوی کردووە، بەو جۆرەش لە ڕووهێنانی پەنابەران بۆ شاری لاهای لەیەکەم ڕۆژەوە هیچ درێغیەکی نەکردووەو بەردەوام بووە لە بەدەستهێنانی یارمەتی و پشتگیری پەیداکردن بۆ سەرخستنی داوای بەرهەقی پەنابەران و پێدانی مافی نیشتەجێبونیان. هەروەها جگە لە ئامۆژگاری، بەرچاوو ڕۆشنکردنەو و بەسەرکردنەوەی بەردەوامی پهنابەران لە پارکی کومارك، فیدراسیۆن ڕۆژی شەممە بەشداری بەرچاوی لە ڕێپێوانی نارهزایهتی پەنابەراندا کردو گڕوتین و مەعنەویەتی زیاتری پێبەخشین.
شایهنی باسه هەردوابەدوای کۆتایهێنان به رێپێوانهکه، فیدراسیۆن لەگەڵ پەنابەرانی کۆبووهو دەستیکرد بە گفتوگۆو بیروڕا گۆڕینەوە لەسەر چۆنیەتی بەردەوامی پێدانی ناڕەزایەتیەکەو و کاروچالاکیهکانی ئایندەو دواکاری پەنابەران و پێشهاتەکانو گرێوگۆڵەکانی سەر ڕێگای چونەپێشەوەی خەبات و ناڕەزایەتی پەنابەران. لە درێژەو بەرەنجامی گفتوگۆی کراوەو دۆستانهی نێوان فیدراسیۆن و پەنابەران هەردوولا گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە پەنابەران پێویستە داواکاریەکانی خۆیان لە نوسراوێکدا گەڵاڵە بکەن و ئاڕاستەی وەزارەتی کۆچو کۆچبەرانی بکرێ و دواتریش لە زۆربەی ناوەندو میدیاکاندا بڵاوبکرێتەوە لە پێناوی سەرخستنی یەکجاری دۆزی پەنابەران، ئەمە سەرەرای ئەوەی کە پێش چەند ڕۆژێك داواکاری نامەیەکی گشتی لەلایەن گروپێکی هۆلەندی کە ئێستا بەرگریکەرە لە مافەکانی پەنابەران لە کومارك گەڵاڵەکراوە بڵاوکراوەتەو بەڵام پەنابەران و فیدراسیۆن گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە ئەو داواکارینامەیەی پێشتر کەموکوڕی تێدایەوە پێویستە پەنابەران بە یارمەتی فیدراسیۆن خۆیان داواکارینامەیەك گەڵاڵە بکەن کە ڕاستەوخۆ کێشەوگرفت و داواکاریەکانی پەنابەران پێچەوانە بکاتەوە.
لەکاتی تەواوکردن و گەڵاڵەکردنی داواکارینامەکەو دەنگدانی هەموو پەنابەران لەسەری، فیدراسیۆن وێنەیەکی بڵاودەکاتەوە بۆ زیاتر ناساندنی کێشەو داواکاریەکانی پەنابەران.
سەرچاوە: پەیجى فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی- هۆڵەندە
No comments:
Post a Comment