Sunday, December 27, 2015

کۆچبه‌رانی عێراقی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌

ئاژانسی هەواڵی (یلێ‌)ی فلەندی بڵاویكردەوە كە زیاتر لە 700 پەناخوازی عێراقی بڕیاریانداوە بگەڕێنەوە بۆ عێراق و بەوەش دەستبەرداری كەیسەكانیان بوون لەو ووڵاتە.
 
بەرپرسێكی باڵای حكومەتی فلەنداش لە وەزارەتی كۆچی ئەو ووڵاتە ڕایگەیاند بەشێك لە پەناخوازانی عێراق زانیاری هەڵەیان هەبووە لەسەر یاساكانی كۆچی ووڵاتەكەیان وئەوان لایان وابووە هەموو شتێك ئامادەكراوە بۆ ئەوان بەبێ‌ ئەوەی لەوە تێبگەن كە پێدانی مافی پەنابەرێتی چەند كاتی دەوێت.
 
ئاژانسەكە لەزاری چەند پەناخوازێكی عێراقیەوە ئەو هەواڵە بشتڕاستدەكاتەوە و ئەوان باس لە خراپی بارودۆخی خۆیان دەكەن لە كەمپەكاندا و هاوكات نیگەرانیشن لە خراپی بارودۆخی عێراق. بەپێی دواهەمین ئاماری فەرمی ئەو ووڵاتەش ، لە سەدا 60 ی ئەو پەناخوازانەی ئەمساڵ ڕوویان لە فلەندا كردووە بەڕەگەز عێراقی بوون.
 
هەواڵی گەڕانەوەی عێراقیەكان بەشێوەیەكی خۆبەخشانە لەئێستادا بۆتە بابەتێكی میدیاكان . پێشتریش ، میدیاكانی ئوسترالیا گەڕانەوەی چەند پەناخوازێكی عێراقیان لە كەمپەكانی دوورگەگانی ناورۆ وپاپانیوگینیاوە بۆ عێراق پشتڕاستكردووە ، ئەویش لەپاش ئەوەی ئەوان بێئومێد بوون كە ڕێگەیان پێدەدرێت داوای مافی پەنابەرێتی لە ئوسترالیا بكەن. 
 
هاوكات ، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا  ڕۆژنامەیەكی لۆكاڵی بەلجیكاش ئەوەی  ئاشكراكرد كە زیاتر لە 800 پەناخوازی عێراقی دەستیان لە كەیسەكانیان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی هەڵگرتووە و بەوەش پلانی ئەوەیان هەیە كە بگەڕێنەوە بۆ عێراق. وەك ڕۆژنامەكەش ئاماژەی بۆ دەكات ، دڵنیانەبوونیان لە وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی و زۆرمانەوەیان هۆكار بووە بۆئەوەی ئەو پەناخوازانە دەست لەكەیسەكانیان هەڵبگرن.  

No comments:

Post a Comment