Tuesday, November 27, 2012

ناوەندى دەستبەسەرکردنى ناورو بە گوانتانامۆى ئوسترالیا ناودەبرێت


کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا
پەناخوازانى ناورو دووبارە دەستیان کردەوە بە مانگرتن لە خواردن، لەکاتێکدا کە 5 ئێرانى بۆماوەى 24 ڕۆژە بەردەوامن لە مان گرتنیان. ئۆمید یەکێکە لەو ئێرانیانەى کە مانگرتنەکەى بۆماوەى 44ـەمین ڕۆژ دەچێت و هەروەها لەئێستادا ڕەتى دەکاتەوە کە ئاو بخواتەوەو بڕیارى قۆڵ بڕینى خۆیشى داوە.
لەلایەکى ترەوە 33 ئەفغانى و پاکستانى لە نەژادى هەزارا نوقم بوون لەئاوەکانى نزیک ئوسترالیا لەمانگى ڕابردوودا. لەکاتى ڕووداوەکەدا دەسەڵاتداران بەو ڕووداوەیان نەزانیبوو لەبەرئەوە بەشێکى زۆر لەوانەى نوقم بووبوون لەو کۆچە مەترسیدارەدا ڕزگار نەکران. 
لەهەمانکاتدا یەکێک لەوەزیرەکانى حکومەتى ئوسترالى ڕایدەگەیەنێت کە ڕێوشوێنى ڕووبەڕووبوونەوەى پەناخوازان سیاسەتێکى زۆر توندە بەڵام ئەو ڕێسایە پێویستە بۆئەوەى ڕێگرى لەخەڵکى بکرێت لە ئاوەکاندا نوقم ببن. 
لەگەڵ فشارە ناوخۆییەکان و مەترسییەکانى کۆچ بۆ ئوسترالیاش، لەهەمانکاتدا ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى داوا دەکات ناوەندى دەستبەسەرکردنى پەناخوازان لە ناورو دابخرێت. ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى لە بەیاننامەکەیاندا وتەى یەکێک لە پەناخوازەکانیان خستۆتەڕوو کە وتوویەتى: ئەمە وەکو سزادانى سەختى تاوانبارانە. لەوبڕوایەدام، لە ئوسترالیا تاوانباران باشتر لە ئێمە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. تەنانەت تاوانباران دەزانن کە چەند ساڵ لە زیندانیدا دەمێننەوە بەڵام ئێمە هیچ بیرۆکەیەکمان نییە.
پشتیوانان لە پەناخوازانن ڕایدەگەیەنن کە حکومەتى ئوسترالى لاپەڕەیەکى داوەتە پەناخوازەکان لەناورو بەشێوەیەکە کە واڕێکخراوە خەڵکى ناچاربکات بەشێوەیەکى خۆبەخشانە بگەڕێتەوە وڵاتەکەى خۆى. 
لەگەڵ هەموو ئەوانەدا و لەم بارودۆخە سەختەدا دەکرێت و وتراویشە کە ناورو بە گوانتانامۆى ئوسترالیا ناوبنرێت. 

No comments:

Post a Comment