Thursday, June 13, 2013

نەرویج :گەنجێکی کورد دەکوژرێت و فڕێ دەدرێتە ئاوەوە


ئەرشەد توفیق محەمەد، تەمەن 30 ساڵ لە دایک بووی هەولێر، ماوەی سێ ساڵە دانیشتووی کەمپی پەنابەرانە لە ستاتزبۆرگ لە وڵاتی نەرویج، رۆژی شەممە 8/6/2013 لە قەراغی دەریاچەی ستاتزبۆرگ بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە و هەواڵی مردنەکەی لە رۆژنامەکان بڵاودەکرێتەوە، هەر لەو رێگەیەوە کەس و کارەکەشی دەزانن. مەهدی یوسف، ئامۆزای ئەرشەد، نێشتەجێی نەرویجە و لە ئۆسلۆی پایتەخت دەژی، کە یەکەم کەس هەواڵی مردنی زانیوە لە لیدوانێکیدا بۆ (رووداو) گوتی ''دوای ئەوەی رۆژنامەی (vg)ی نەرویجیم کڕی و نەمخوێندەوە تا گەیشتمەوە ماڵ، دواتر بە رێکەوت هەواڵی مەرگی ئامۆزاکەم خوێندەوە و دەست بەجێ روێشتم بۆ بنکەی پۆلیسی ستاتزبۆرگ، لەوێ خۆم ناساند و هەرچی زانیارییەکیان پێویست پێیانمدا''. چۆنیەتی کوشتنی ئەرشەد لە لایەن پۆلیسەوە بۆ یوسف باسکراوە "بە پێی لێکۆڵینەوەکان ئەرشەد لە ماوەی 10 رۆژی رابردوو کوژراوە و رۆژی شەممە لە لایەن پۆلیسەوە لە لێواری دەریاچەکە دەدۆزرێتەوە، پۆلیس گوتویانە لە پشتەوە بە چەقۆ لێیدراوە و تا ئێستاش تەرمەکەی لە پزیشکی دادی ئەو شارەیە و چاوەڕێی کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکانن بۆ ئەوەی بکوژانی ئەو کوڕە دەستگیر بکرین''. عیماد ئیسماعیل، کەسێکی دیکەی نزیک لە ئەرشەد بە (رووداو)ی گوت ''ئەو پێشتر پێشمەرگە بوو و دواتر روێشت بۆ نەرویج و نزیکەی 3 ساڵە لەوێ دەژی، باوەڕ ناکەم کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێک هەبووبێت و داواکارین حکومەتی هەرێمی کوردستان کارئاسانی بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی ئەرشەد بکات''.

No comments:

Post a Comment