زیاتر له 7 هه‌زار په‌نابه‌ری كورد دیپۆرت كراونه‌ته‌وه و 90%ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌شی مه‌ترسیی به‌زۆر ناردنه‌وه‌یان له‌سه‌ره كوردن.
سه‌رپه‌رشتیارانی فیدراسیۆنی سه‌رتاسه‌ریی په‌نابه‌رانی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێسته ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران به زۆره‌ملێ راگیراوه، به‌ڵام ئه‌و مه‌ترسییه كۆتایی نه‌هاتووه، چونكه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی 7 هه‌زار په‌نابه‌ری كورد به‌زۆر ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كراونه‌ته‌وه و ئێسته له ره‌وشێكی زۆر ناخۆشدان، هه‌زاران په‌نابه‌ری تریش له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی به‌زۆر ناردنه‌وه‌دان.
ئاری جه‌لال سه‌رپه‌رشتیاری فیدراسیۆنی سه‌رتاسه‌ریی په‌نابه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له لێدوانێكیدا بۆ (باس) جه‌ختی كرده‌وه زیاتر له 35 هه‌زار په‌نابه‌ری عیراقی له وڵاتانی ئه‌وروپا مه‌ترسیی به‌زۆر ناردنه‌وه‌یان هه‌یه.
گوتیشی 90%ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ش كوردن، زۆری په‌نابه‌ری شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق مافی په‌نابه‌رێتیان پێ ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی دانیشتووی هه‌رێمی كوردستانن وه‌ری ناگرن.
له ساڵی 2001 نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دوای تێپه‌ڕبوونی 50 ساڵ به‌سه‌ر ئیمزاكردنی رێكه‌وتننامه‌ی تایبه‌ت به په‌نابه‌ران، بڕیاری دا 20ی حوزه‌یرانی هه‌موو ساڵێك بكرێته رۆژی په‌نابه‌ران.
ئامانج عه‌بدوڵڵا سكرتێری لقی هه‌رێمی كوردستانی فیدراسیۆنی سه‌رتاسه‌ریی په‌نابه‌رانی عێراق، به (باس)ی راگه‌یاند له دوای ساڵی 2005 زیاتر له 7 هه‌زار په‌نابه‌ری كورد له به‌ریتانیا، یونان، سوید، فه‌ره‌نسا، نه‌رویج، ئێرله‌ندا، سویسرا، هۆڵه‌ندا و فینله‌ندا بۆ هه‌رێمی كوردستان دیپۆت كراونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر رێكه‌وتنه‌كانی عێراق هه‌ڵنه‌وه‌شێندرێنه‌وه 30 بۆ 35 هه‌زار په‌نابه‌ری تریش، هه‌ڕه‌شه‌ی دیپۆرتكرانه‌وه‌یان له‌سه‌ره كه 90% كوردن.
له هۆڵه‌ندا 1300 كه‌س و له به‌ریتانیا 6 هه‌زار و له سوید و نه‌رویج 3 هه‌زار و 800 په‌نابه‌ری كورد هه‌ڕه‌شه‌ی ناردنه‌وه‌یان له‌سه‌ره.
ئامانج عه‌بدوڵا ئه‌وه‌شی خسته روو، ره‌وشی ده‌روونی و ئابووریی په‌نابه‌ران زۆر خراپه و هه‌موو ئیمتیازێكیان لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه.
گوتیشی: "داوا ده‌كه‌ین چیتر په‌نابه‌ران وه‌كو كارتێكی سیاسی و به‌مه‌به‌ستی به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌نه‌كان به‌كار نه‌هێندرێن، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌گوێره‌ی خواستی په‌نابه‌ران وه‌ڵامی سه‌رجه‌م ئه‌و یاداشت و داواكاریانه بداته‌وه كه له‌باره‌ی په‌نابه‌رانه‌وه ئاراسته‌ی كراون، هه‌ڵوێستی جدیش له‌سه‌ر بارودۆخی ژیانی په‌نابه‌ران وه‌ربگرێت.
به‌رپرسه‌كه‌ی په‌نابه‌ران ڕوونی كرده‌وه، پێویسته سووكایه‌تیكردن به په‌نابه‌ران ڕابگیرێت و سزای ئه‌و كۆمپانیایانه‌ش بدرێـت كه ڕێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپا كردووه كه به‌زۆر په‌نابه‌ران بگه‌ڕێننه‌وه وڵاته‌كانیان.
لای خۆیه‌وه دیندار زێباری یاریده‌ده‌ری فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری رێكخراوه‌كان، رای گه‌یاند هه‌ڵوێستی خۆمان به راشكاوی به رێكخراوی په‌نابه‌رانی جیهانی و یوئێن داوه كه ئێمه له‌گه‌ڵ به زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران نین.
زێباری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا ره‌وشی په‌نابه‌رانی كورد به‌گشتی باش نییه: "كه‌یسی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران له هه‌ندێك وڵات زۆر دواكه‌وتووه و ژماره‌یه‌كی زۆریشیان له زیندانن و ره‌وشیان خراپه، هه‌ندێكیشیان تۆمه‌تی كاری نایاساییان خراوه‌ته پاڵ بۆ ئه‌وه‌ی دیپۆرتیان بكه‌نه‌وه".
ئه‌میر ئه‌حمه‌د كه ماوه‌ی 8 ساڵ له به‌ریتانیا په‌نابه‌ر بووه و له ساڵی رابردوو دیپۆرت كراوه‌ته‌وه ده‌ڵێ: "ژیانی په‌نابه‌ری جه‌هه‌ننه‌م و كاره‌ساته، ده‌بێ له‌وه ناخۆشتر چی بێت 8 ساڵ له وڵاتێك به‌ترس و له‌رز كار بكه‌ی، به‌ڵام دواتر قۆڵبه‌ستت بكه‌ن و ره‌وانه‌ت بكه‌نه‌وه و لێره‌ش له نائومێدی و بێكاریدا بژیت و كه‌س ئاوڕت لێ نه‌داته‌وه".
ئه‌میر گوتیشی: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به راسته‌وخۆ وه‌جبه‌ی په‌نابه‌ران بۆ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نانێردرێنه‌وه، به‌ڵام دوو دوو سێ سێ له فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان داده‌به‌زێندرێن".
به‌ڵام دیندار زێباری روونی ده‌كاته‌وه بڕیاری حكوومه‌تی هه‌رێمه كه پێشوازی له هیچ فڕۆكه‌یه‌ك ناكه‌ین له فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان كه په‌نابه‌ری به زۆر نێردراوی تێدا بێت.
ئاراس ره‌سوڵ كه ماوه‌ی سێ ساڵه گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه، چیرۆكی خۆی به‌وه بۆ (باس) ده‌ست پێكرد كه به ناوی ئیمزاكردن له لایه‌ن پۆلیسی به‌ریتانی فێڵی لێ كراوه و ده‌ستگیر كراوه.
گوتی: "كاتی خۆی له‌گه‌ڵ 56 په‌نابه‌ری تر به چاوبه‌ستراوی گه‌ڕێندراینه‌وه كوردستان، ئه‌و كات ته‌نیا 50 پاوه‌ندم پێ بوو چاویان به‌ستینه‌وه و به مامه‌ڵه‌یه‌كی دوور له مرۆڤانه ئێمه‌یان گرت".
به‌پێی راگه‌ییاندنی په‌نابه‌رانی سه‌رتاسه‌ری، ره‌وشی په‌نابه‌رانی كورد به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات، حاڵه‌تی زیندانیكردن و ده‌ركردن درێژه‌یان هه‌یه، ته‌نانه‌ت تا ئێسته 15 په‌نابه‌ری كورد له‌نێو كه‌مپه‌كانی وڵاته جیاجیاكانی ئه‌وروپا، خۆیان كوشتووه.
ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان ڕای گه‌یاند، ژماره‌ی په‌نابه‌ران له جیهاندا 7 ملیۆن و 600 هه‌زار كه‌سه. كۆمیسیاری باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ربه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له 55%ی په‌نابه‌رانی جیهان، له 5 ده‌وڵه‌تی جیهانه‌وه دێن كه بریتین له ئه‌فغانستان و سۆماڵ و عێراق و سودان و سووریا.
عه‌لی مه‌حمود چالاكوانی مه‌ده‌نی ئه‌وه‌ی بۆ (باس) روون كرده‌وه كه له‌به‌رئه‌وه‌ی وڵاتانی وه‌رگری به‌نابه‌ری له قه‌یرانی ئابووریدان، ره‌وشی په‌نابه‌ران رۆژ له دوای رۆژ خراپتر ده‌بێت. گوتیشی: له هه‌موو وڵاتان ره‌وش خراپه، تاكه وڵات فینله‌ندایه كه بواری وه‌رگرتنی مافی به‌نابه‌ریی تێدایه.
هه‌ولێر (باس) شوان به‌رزنجی-
No comments:
Post a Comment