Showing posts with label Iraqi government. Show all posts
Showing posts with label Iraqi government. Show all posts

Wednesday, September 26, 2012

فیدراسیۆن داوای‌ هاوكاریی دیپۆرتكراوه‌كان ده‌كات

لۆگۆى فیدراسیۆنی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ په‌نابه‌ران

فیدراسیۆنی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ په‌نابه‌ران داوای‌ هاوكاری‌‌و شوێنی‌ نیشته‌جێبوون بۆدیپۆرتكراوه‌كان ده‌كات.

ماوه‌ی‌ چه‌ن ساڵێكه‌ له‌هه‌ندێك له‌وڵاتانی‌ جیهانه‌وه‌، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر په‌نابه‌ر دیپۆرتی‌ عێراق به‌تایبه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای‌ هه‌وڵه‌كان بۆڕاگرتنی‌ دیپۆرتكردنه‌وه‌، فیدراسیۆنی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ په‌نابه‌ران له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌هه‌وڵی‌ به‌رده‌وامدایه‌ بۆهاوكاریكردن‌و نیشته‌جێكردنی‌ دیپۆرتكراوه‌كان.

(ئاری‌ جه‌لال) محێدین سه‌رپه‌رشتیاری‌ گشتی‌ فدراسیۆنی‌ په‌نابه‌ران له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ NNA ڕاگه‌یاند، فیدراسیۆنی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ په‌نابه‌ران پرۆژه‌ یاسایه‌كی‌ (16) خاڵیان ئاڕاسته‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق‌و كوردستان كردووه‌، بۆ قه‌ره‌بو كردنه‌وه‌‌و نیشته‌جێكردنی‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ له‌وڵاتانی‌ ئه‌وروپاوه‌ دیپۆرت ده‌كرێنه‌وه‌، به‌ڵام هه‌تا ئێستا كاری‌ جیددی‌ بۆنه‌كراوه‌، بۆیه‌ داواكارن به‌زویی هه‌وڵبدرێت بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌.
ئه‌و لێدوانه‌ی‌ ئاری‌ جه‌لال له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌شی‌ كێشه‌ی‌ هاوڵاتیان بۆبه‌دواداچوونی‌ كێشه‌ی‌ چه‌ند هاوڵاتیه‌ك په‌یوه‌ندیكردبوو به‌ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان، له‌وه‌ڵامدا ئازاد گۆران ڕایگه‌یاند له‌ئێستادا له‌په‌رله‌مان سه‌رقاڵی‌ ئاماده‌كردنی‌ پرۆژه‌یاسایه‌كن له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌.
-----------------------------------------------------------------
شادمان عه‌زیز-NNA/

Tuesday, September 25, 2012

هه‌وڵی‌ ڕاگرتنی‌ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌ران ده‌درێت

دۆسكی له‌گه‌ڵ ڕه‌وه‌ندی كوردو عێراقی

دیندار نه‌جمان دۆسكی‌) وه‌زیری‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ عێراق له‌شاری‌ (ستۆكهۆڵم) دیدار‌و چاوپێكه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌وه‌ندی‌ كورد‌و عێراقی‌ سازكرد، به‌مه‌به‌ستی‌ گوێگرتن له‌كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ سوید.

له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ سوید، دۆسكی‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌وه‌ندی‌ كورد‌و عێراقی‌‌و هه‌ندێك په‌رله‌مانتاری‌ سویدی‌ به‌ڕه‌گه‌ز عێراقی‌ ئه‌نجامدا، هه‌تا له‌نزیكه‌وه‌ كێشه‌كانیان‌و ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ ببیستێت، كه‌ به‌هۆی‌ بڕیاری‌ دیپۆرتكردنه‌وه‌وه‌، ڕووبه‌ڕووی‌ به‌شێك له‌ڕه‌وه‌ندی‌ كورد‌و عێراقی‌ بووه‌ته‌وه‌ له‌و وڵاته‌دا. 

دیندار دۆسكی‌ به‌نیازه‌ له‌ڕۆژانی‌ داهاتوودا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی‌ سوید‌و وه‌زیری‌ كۆچی‌ سویدیدا دیدارێكی‌ فه‌رمی‌ ئه‌نجامبدات، به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌یشتنه‌ بڕیارێكی‌ تایبه‌ت به‌به‌رگرتن له‌بڕیاری‌ به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌رانی‌ كورد‌و عێراق له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ سویده‌وه‌.

ئه‌و هه‌نگاوه‌ی‌ وه‌زیری‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق، یه‌كێكه‌ له‌هه‌وڵه‌كانی‌ وه‌زاراه‌ته‌كه‌ی‌، بۆ به‌رگرتن له‌بڕیاری‌ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌رانی‌ كورد‌و عێراق له‌سوید، پێشتریش په‌رله‌مانی‌ عێراق ڕایگه‌یاندبوو، پێویسته‌ هیچ په‌نابه‌رێكی‌ دیپۆرتكراو له‌هیچ فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی‌ عێراق وه‌رنه‌گیرێته‌وه‌.
-----------------------------------------------------------------
و: ئاسۆ ئه‌كره‌م  (/)
NNA

Monday, September 10, 2012

دیندار دۆسکی: دانیمارکیه‌کان گوتویانه‌ چی دی کوردی عێراق وه‌ک په‌نابه‌ر وه‌رناگرن


وه‌زیری کۆچ و کۆچبه‌ری عێراق
به‌پێی ڕاپۆرتێکی فێدراسیۆنی په‌نابه‌رانی عێراقی ، ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ڕێی فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غداوه‌ گه‌ڕێندرابوونه‌وه‌ بۆ عێراق، زۆربه‌یان کورد بوون و له‌ فڕۆکه‌خانه‌ش پێشێلکاری و سوکایه‌تیان به‌رامبه‌ر کراوه‌ چونکه‌ زمانی عه‌ره‌بییان نه‌زانیوه‌.
دیندار نه‌جمان دۆسکی ، وه‌زیری کۆچ و کۆچبه‌ری عێراق ده‌ڵێت پێویسته‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ داوای یاسایی خۆیان له‌ڕێی دادگاکانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراقه‌وه‌ تۆمار بکه‌ن یان ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ بکه‌ن تا بتوانرێت به‌دواداچوون له‌سه‌ر کێشه‌کانیان بکرێت.
وه‌زیری کۆچ و کۆچبه‌ری عێراق ده‌شڵێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی مه‌سه‌له‌ی به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران له‌ وڵاتانی ئه‌وروپاوه‌ بۆ عێراق گفت و گۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ و ڕێکخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانیشدا کراون و به‌رده‌وامیش قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌یه‌.
له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکی هاوکارمان به‌ڵێن ساڵح ، سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌کاری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی په‌نابه‌رانی عێراقی که‌ له‌ سوریان و به‌هۆی ئاڵۆزی سیاسی و ئاسایشی ئه‌و وڵاته‌وه‌ باری گوزه‌ران و ژیانیان هێنده‌ی تر خراپ بووه‌، دیندار نه‌جمان دۆسکی ، وه‌زیری کۆچ و کۆچبه‌ری عێراق ده‌ڵێت ده‌ستکراوه‌ به‌ ئاماده‌کاریه‌کان و واش چاوه‌ڕوان ده‌که‌ن پاش ته‌واو بوونی خوێندنی ئه‌مساڵ زۆرێک له‌و عێراقیانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان.
Balen Salih


Thursday, August 30, 2012

سوید هه‌فتانه‌ هه‌زار په‌نابه‌رى عێراقى ده‌نێرێته‌وه‌

ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ له‌ شوباتی 2008 دا له‌گه‌ڵ سوید مۆرکراوه‌

حكومه‌تی‌ عێراق له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ سویدا ڕێککه‌وتوون تا ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی مۆڵه‌تی‌ مانه‌وه‌یان وه‌رنه‌گرتوه‌ ڕه‌وانه‌ی عێراقیان بکه‌نه‌وه.‌

ماڵپه‌ڕی ئیلاف بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ حکومه‌تی عێراقی و سویدی پیلانی به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌ناخوازانیان داڕشتوه‌، ئه‌مه‌ش مانای ڕه‌تکردنه‌وه‌ی بڕیاری په‌رله‌مانی عێراقیه‌ که‌ نابێت په‌نابه‌ران به‌زۆر دیپۆرتبکرێته‌وه‌.

له‌ هه‌واڵه‌كه‌ی‌ سایتی‌ ئیلافدا هاتووه‌ ” ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی حکومه‌تی عێراقی ئاکامی ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌یه‌ که‌ له‌ مانگی شوباتی ساڵی 2008 دا له‌گه‌ڵ حکومه‌تی سویدیدا مۆری کردووه‌، به‌و پێیه‌ سوید ده‌توانێ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌‌ی که‌یسه‌کانیان ڕه‌تکراوه‌ته‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی به‌غدا بکرێنه‌وه‌، وه‌ک ئه‌و چه‌ند هه‌زار په‌نابه‌ره‌ی له‌ماوه‌ی دووساڵی ڕابردوودا دیپۆرتکرانه‌وه‌”.

به‌پێی ئه‌و زانیارانه‌ی ده‌ست ده‌زگا هه‌واڵیه‌کان گه‌یشتووه‌ وه‌ک ئیلاف باسی ده‌کات له‌ شه‌وی 29  ئه‌م مانگه‌وه‌، ده‌یان په‌نابه‌ری عێراقی که‌یس ڕه‌تکراوه‌ خۆیان ده‌بیننه‌وه‌ که‌ به‌زۆر به‌ره‌و فڕۆکه‌خانه‌ی ستۆکهۆڵم ده‌بردرێن و ده‌خرێنه‌ فڕۆکه‌وه‌ به‌ره‌و فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غدا دیپۆرتده‌کرێنه‌وه‌، به‌پێی وه‌زاره‌تی کۆچوکۆچبه‌رانی عێراقی‌ هه‌فته‌ی 1000 په‌نابه‌ر وه‌رده‌گرنه‌وه‌.

ئه‌م دیپۆرتکردنه‌وه‌یه‌ پاش ڕه‌تکردنه‌وه‌ی که‌یسه‌کانی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ دێت، به‌پێی یاسایه‌ک که‌ گوایه‌ ووڵاته‌کانیان ئارام و بێ گرفت و بێ کوشت وبڕ و ئه‌شکه‌نجه‌ و یاسایی له‌ سێداره‌دان بێت.

ده‌شتی‌ جەمال سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراق ده‌رباره‌ی‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ نوێیه‌ی‌ ناردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌ران به‌ سایتی‌ هاوڵاتی‌ وت “ئەمه‌ نیشانی ئەدات هەموو ئەو ئیدعایانەی حکومەتەکەی مالکی سەبارەت بە پەنابەران دەیکات، نەک هەر پوچو چەواشەکارانەیە، بەڵکو ملدانی حکومەتی عیراقیە بە هەموو ئەو ئیمتیازانەی کە حکومەتی مودراتی سوید خستۆتی ئیختیاریانەوە بە مەبەستی رازیبون بە وەرگرتنەوەی پەنابەران.”

وتیشی‌ “هاوکات ئەمە سات و سەوداو بازرگانیکردنە بە ژیان و داهاتوی پەنابەرانەوە وەک ئەوەی  پەنابەران کاڵای هەرزان بەهای دەستی مالکی بن، کە ئەمە ئیتر هیچ شکو گومانێک ناهێڵێتەوە بەوەی حکومەتەکەی مالکی دژ بە هەموو ماف و ئازادیەکانی خەڵکی عیراقە و مایەی نەفرەت و ئیدانەکردنە”.

دەشتی جەمال داوا له‌  هەموو ئەو پەرلەمانتارانە دەکات کە لەپەرلەمانی عێراق دەنگیاندا دژ بە ناردنەوەی بەزۆری پەنابەران، هەوڵەکانی خۆیان بەرامبەر حکومەتەکەی مالکی توند بکەنەوە، تا ئەو رێکەوتنەی مالکی لەسەر حسابی پەنابەران کردویه‌تی هەڵپەسێرێت و پابەندبێت بەو بریارەی پەرلەمان  کە لە ٢٣-٦ سەبارەت بە دۆسیەی پەنابەران بڕیاری له‌سه‌ر درا.

هاوڵاتی‌

سەردانى گروپ و پەیجەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى کۆچ، مینحەى خوێندن، دەرفەتى کار لە وڵاتانى دەرەوە و کۆچى یاسایى:
https://www.facebook.com/kochikurdan
https://www.facebook.com/groups/102175996536494/
http://kochikurdan.wordpress.com/
http://immigration2australia1.blogspot.com/
https://twitter.com/Kurd_Migration


Wednesday, July 11, 2012

به‌ریتانیا ڤیزا ده‌داته‌ هاوڵاتیانی‌ عێراق


هۆشیار زێباری‌ و ولیام هیگ

وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌ریتانیا ئاشكرایكرد، به‌مزووانه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ نوسینگه‌یه‌ك له‌شاری‌ به‌غدا ده‌كاته‌وه‌، بۆ پێدانی‌ ڤیزا به‌و هاوڵاتییانه‌ی‌ عێراق، كه‌ به‌نیازن سه‌ردانی‌ به‌ریتانیا بكه‌ن.

سایتی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق بڵاویكرده‌وه‌، (ولیام هیگ) وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌ریتانیا، پێشوازیی‌ له‌ (هۆشیار زێباری‌) وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق‌و شاندی‌ یاوه‌ری‌ كردووه‌، له‌و دیداره‌دا هه‌ردوولا تاووتوێی‌ چۆنێتی‌ پته‌وكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتیان كردووه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بڕیاردراوه‌، عێراق لیژنه‌یه‌كی‌ باڵای‌ وه‌زاری‌ پێكبهێنێت، بۆ كاراكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ به‌غدا‌و له‌نده‌ن‌و سود وه‌رگرتن له‌ئه‌زموونی‌ به‌ریتانیا، له‌بواری‌ بنیاتنان‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا. 

زێباری‌‌و هیگ له‌و دیداره‌دا گفتوگۆیان كردووه‌، سه‌باره‌ت به‌كۆمه‌ڵێك پرسی‌ هه‌رێمی‌، له‌وانه‌ دوایین پێشهاته‌كانی‌ قه‌یرانی‌ سوریا‌و به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی‌ ئێران‌و ڕۆڵی‌ به‌رچاوی‌ عێراق له‌پرسه‌ هه‌رێمایه‌تی‌‌و عه‌ره‌بی‌‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا. 

Wednesday, July 4, 2012

هه‌ر عیراقییه‌ك خۆویستانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بڕی 10 هه‌زار دۆلاری پێده‌درێت


عیراق ناردنه‌وه‌ی زۆره‌ملێی هاوڵاتییه‌كانی له‌هۆڵه‌نداوه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌

وه‌زاره‌تی كۆچ‌و راگوێزراوانی عیراق به‌زۆرناردنه‌وه‌ی هاوڵاتییه‌كانی له‌لایه‌ن هۆڵه‌نداوه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌و رایگه‌یاند رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا ئیمزا ده‌كه‌ن بۆناردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆویستانه‌ ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ عیراق.

سه‌لام خه‌فاجی بریكاری وه‌زاره‌تی كۆچ‌و راوگوێزراوانی عیراق به‌ رۆژنامه‌ی ئه‌رقولئه‌وسه‌تی راگه‌یاند كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ده‌ستیكردووه‌ به‌ وتووێژكردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هۆڵه‌ندا، بۆئه‌وه‌ی به‌زۆر ئه‌و 1300 عیراقییه‌ ره‌وانه‌ی عیراق نه‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌ هۆڵه‌ندادا نیشته‌جێن.

روونیشیكرده‌وه‌، به‌ وه‌زاره‌تی كۆچی هۆڵه‌ندایان راگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌زۆرناردنه‌وه‌ی ئه‌و عیراقییانه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ناچنه‌ ژێر باری هیچ جۆره‌ فشارێكه‌وه‌.

خه‌فاجی ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو كه‌ هه‌ردوولا رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سێ مانگ بخرێته‌ به‌رده‌م ئه‌و عیراقییانه‌ی كه‌ خۆویستانه‌ ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ عیراق.

وتیشی به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه‌ له‌ مانگی ئه‌یلولی داهاتوودا له‌گه‌ڵ هۆڵه‌ندادا ئیمزای ده‌كه‌ن، هه‌ر عیراقییه‌ك خۆویستانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌وا بڕی 10 هه‌زار دۆلاری پێده‌درێت، پێنج هه‌زار دۆلاریش بۆئه‌وانه‌ی خێزاندارن له‌گه‌ڵ بڕی دوو هه‌زار دۆلار بۆ هه‌ر منداڵێك.

بریكاری وه‌زاره‌تی كۆچ‌و راگوێزراوانی عیراق وتیشی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ پێویستی به‌ ره‌زامه‌ندی په‌رله‌مانی هۆڵه‌ندا هه‌یه‌.

خه‌ندان 


Tuesday, July 3, 2012

حکومەتى بەریتانیا : دیپۆرتکردنەوى کوردەکان لەڕێگەى بەغدادەوە ڕێپێدراوە


لە بەهارى ڕابردووە نەیتوانیەوە هیچ پەناخوازێک دیپۆرتى عێراق بکاتەوە

ووتەبێژێکى حکومەتى بەریتانیا ڕایگەیاند کە ووڵاتەکەى بەردەوام دەبێـت لە دیپۆرتکردنەوەى پەناخوازانى عێراقى لەپاش هەڵسەنگاندنى کەیسەکانیان . 

ئەم ووتەیەى ئەو ووتەبێژە لەدواى ئەوە دێت کە مانگى ڕابردوو پەرلەمانى عێراق بڕیاریدا کە نابێت حکومەتى عێراق پێشوازی بکات لە وەرگرتنەوەى ئەو پەناخوازانەى کە لە ئەوروپاوە بەزۆر دیپۆرتی عێراق دەکرێنەوەو هەروەها غرامەى ئەو کۆمپانیایانەى هێلە ئاسمانیەکانیش بکات کە ئەو پەناخوازانە دەگوێزنەوە. 
لە درێژەى ووتەکانیدا کە بە ڕۆژنامەى گاردیانى بەریتانى ڕاگەیاندبوو، ووتە بێژەکە ووتى " بەریتانیا ئاگادارە لەو بڕیارەى پەرلەمانى عێراق بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەو بڕیارە بڕیارێکى "مولزیمە" بۆ ئێمە . جگەلەوەش دادگاى بەریتانیا ڕێگە بە حکومەتى بەریتانیا دەدات کە پەناخوازان دیپۆرتى عێراق بکەنەوە. زیاتر لەوەش " ناردنەوەى کوردەکانیش لە ڕێگەى بەغدادەوە ڕێگەپێدراوە " .

بەپێى زانیاریەکانى ڕۆژنامەى گاردیان ، سەڕەڕاى سووربوونى بەریتانیا بۆ دیپۆرتکردنەوەى ئەو پەناخوازانەى کە نەیاتوانیوە بیسەلمێنن پەنابەرن ، بەڵام لە بەهارى ڕابردووە نەیتوانیەوە هیچ پەناخوازێک دیپۆرتى عێراق بکاتەوە.


سەرچاوە : ماڵپەرى ڕۆژنامەى گاردیان

کۆمەڵ نیوز: هەژار تەها


Monday, July 2, 2012

گاردیان: په‌رله‌مانی عیراق وه‌رگرتنه‌وه‌ی په‌نابه‌ره‌ دیپۆرتكراوه‌كان قه‌ده‌غه‌ده‌كات


دیپۆرتكردنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵێك په‌نابه‌ر...فۆتۆ: گێتی

ڕۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانیا له‌ ڕاپۆرتێكدا تیشكی خستۆته‌سه‌ر كێشه‌ی به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی عیراقی له‌ وڵاتانی ئه‌وروپاوه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ئاماژه‌یكردووه‌ به‌ بڕیارێكی په‌رله‌مانی عیراق، كه‌ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بۆ عیراق قه‌ده‌غه‌ ده‌كات.

ڕۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌یكردووه‌ به‌وه‌ی له‌ماوه‌ی ساڵی ڕابرد‌وودا به‌ریتانیا نه‌یتوانیوه‌ عیراقییه‌كان ده‌ربكات، ته‌نانه‌ت پاش ئه‌وه‌ی مافی مانه‌وه‌یان له‌و وڵاته‌ ونكردووه‌، ئه‌ویش به‌هۆی كێشه‌ی یاساییه‌وه‌ له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی په‌نابه‌ره‌كان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدای نێوده‌وڵه‌تی و ڕه‌وشی ئاساییش له‌ عیراق. 

له‌ سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپادا به‌ ده‌یان هه‌زار عیراقی چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن كه‌یسی په‌نابه‌رێتییان یه‌كلایی بكرێته‌وه‌ یان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی دیپۆرتكردنه‌وه‌دان بۆ عیراق، ئه‌گه‌ر داواكانیان بۆ مافی په‌نابه‌رێتی ڕه‌تكرابێته‌وه‌.

مامه‌ڵه‌ی خراپی جه‌سته‌یی له‌گه‌ڵ په‌نابه‌رانی دیپۆرتكراوه‌ی كورد له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا و توندوتیژیی تایه‌فه‌گه‌ری و ته‌قینه‌وه‌كانی ڕێكخراوی ئه‌لقاعیده‌ له‌ قۆناغێكدا دادگای مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌وروپا له‌ ستراسبۆرگ-ی ناچاركرد ده‌ستوه‌ربداته‌ ناو مه‌سه‌له‌كه‌‌و جه‌خت بكاته‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ناوچه‌كانی عیراق زۆر مه‌ترسیدارن و به‌وه‌ش له‌ واقیعدا به‌زۆر ناردنه‌وه‌ ڕاگیرا. به‌ریتانیا له‌ به‌هاری ڕابرد‌ووه‌وه‌ شكستیهێناوه‌ له‌ به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌نابه‌ره‌ عیراقییانه‌ی كه‌یسه‌كانیان ڕه‌تكراونه‌ته‌وه‌ بۆ وڵاتی خۆیان.

له‌ به‌شێكی ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌:" په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی ئه‌وروپاوه‌ بۆ هه‌رێم قه‌ده‌غه‌كردووه‌ و مانگی ڕابردووش ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بڕیاریدا دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران له‌ سه‌رانسه‌ری وڵاتدا قه‌ده‌غه‌بكرێت".

په‌رله‌مانی عیراق له‌ بڕیاره‌كه‌یدا فه‌رمانیكردووه‌ به‌ حكومه‌تی عیراق ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ وه‌رنه‌گرێته‌وه‌ كه‌ دیپۆرتده‌كرێنه‌وه‌ و پێداچو‌ونه‌وه‌یه‌ك بكات به‌ یاداشتنامه‌یه‌كی لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان سوید و حكومه‌تی عیراقدا سه‌باره‌ت به‌ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران و هه‌موو ئه‌و كۆمپانیایانه‌ غه‌رامه‌بكات كه‌ په‌نابه‌رانیان دیپۆرتكردۆته‌وه‌ و كۆنفرانسێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی په‌نابه‌رانی عیراق سازبكات.

به‌پێی ڕۆژنامه‌كه‌ به‌ ملیۆنان عیراقی دوای ڕوخاندنی ڕژێمی سه‌دام حسێن له‌ وڵاته‌كه‌یان هه‌ڵاتن و ڕوویان كرده‌ ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كان، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی زۆریش ڕوویان كرده‌ ئه‌وروپا. قه‌ده‌غه‌كردنی به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران له‌لایه‌ن فیدراسیۆنی په‌نابه‌رانی عیراقی (IFIR) سه‌رپه‌رشتیكراوه‌، كه‌ باره‌گاكه‌یان له‌ له‌نده‌نه‌ و كه‌مپینیان سازكردووه‌ له‌دژی دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بۆ عیراق و هه‌رێمی كوردستان.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌شتی جه‌مال، له‌ (IFIR) به‌ گاردیانی ڕاگه‌یاندووه‌:" ئه‌مه‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ په‌نابه‌رانی عیراقی كه‌ قوربانی جه‌نگ و سته‌ملێكردنن. نه‌رویج و دانیمارك به‌م دواییانه‌ په‌نابه‌رانیان به‌زۆر ناردۆته‌وه‌ و ئێستا پێویسته‌ ئه‌وه‌ بوه‌ستێنن. ئێمه‌ ده‌زانین لانیكه‌م 1300 په‌نابه‌ری عیراق له‌ هۆڵه‌ندا هه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراوه‌ ڕه‌وانه‌ی عیراق بكرێنه‌وه‌".

ڕۆژنامه‌كه‌ له‌ زاری به‌رپرسانی (IFIR)ه‌وه‌ ڕونیكردۆته‌وه‌ ژماره‌یه‌كی كه‌می عیراقی ئێستا له‌ سه‌نته‌ره‌كانی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی كۆچبه‌رانی به‌ریتانیادایه‌.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ وته‌بێژێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی به‌ریتانیا ئاشكرایكردووه‌: "وه‌زاره‌ته‌كه‌مان ئاگاداره‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عیراق و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق‌و داوای له‌ حكومه‌تی عیراق كردووه‌ كارئاسانیی نه‌كات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوڵاتییانی عیراقی بۆ وڵاتی خۆیان و ئه‌وه‌ پێشنیازێكه‌ و باوه‌ڕم وانییه‌ ئه‌وه‌ بڕیارێكی پابه‌ندكه‌ر بێت به‌سه‌ر حكومه‌تدا و باوه‌ڕم وانییه‌ ئه‌و بڕیاره‌ كاریگه‌ریی له‌ ئێمه‌ بكات".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وته‌بێژێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی شانشینی یه‌كگرتوو ده‌ڵێت: "من ئاگاداری هیچ ده‌وڵه‌تێكی ترنیم كه‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ڕه‌تبكه‌نه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دادگاكانی به‌ریتانیا ته‌ئكیدیان كردۆته‌وه‌ ئێمه‌ ده‌توانین خه‌ڵك بۆ عیراق بگه‌ڕێنینه‌وه‌ له‌نێوانیشیاندا دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی كورد له‌ڕێگای به‌غداوه‌".

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ وته‌بێژێكی ده‌زگای (فرۆنتێكس) كه‌ گه‌شته‌ ئاسمانیه‌كان بۆ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران و ئاسایشی سنوره‌كانی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا ڕێكده‌خات ڕایگه‌یاند، له‌ پایزی ڕابردو‌وه‌وه‌ هیچ گه‌شتێكی ئاسمانی بۆ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ڕێكنه‌خستووه‌ و له‌ ڕابرد‌وودا چه‌ند ده‌وڵه‌تێك وه‌رگرتنه‌وه‌ی هاوڵاتییانی خۆیان ڕه‌تكردۆته‌وه‌، وه‌كو له‌ساڵانی نه‌وه‌ده‌كاندا ده‌سه‌ڵاتداران گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌رانیان له‌ ڕۆماوه‌ بۆ كۆسۆڤۆ ڕه‌تكردۆته‌وه‌، چونكه‌ نه‌یانتوانیوه‌ گه‌ره‌نتی سه‌لامه‌تیی ژیانی په‌نابه‌ره‌كان بكه‌ن.

خه‌ندان- دانا ته‌یب مه‌نمی 


Thursday, June 28, 2012

وڵاتانی‌ ئه‌وروپا سورن له‌سه‌ر دیپۆرتكردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌ران


وه‌زیری‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ عێراق

وه‌زیری‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ عێراق ڕه‌شبینی‌ خۆی‌ پیشاندا، سه‌باره‌ت به‌چاره‌سه‌ركردنی‌ گرفتی‌ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌رانی‌ عێراق له‌لایه‌ن وڵاتانی‌ ئه‌وروپییه‌وه‌، ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، وڵاتانی‌ ئه‌وروپا سورن له‌سه‌ر به‌زۆرناردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌رانی‌ عێراق.

ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ ئه‌خباریه‌ له‌زاری‌ (دیندار نه‌جمان دۆسكی‌)یه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، وه‌زاره‌تی‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ عێراق نیگه‌رانی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ به‌باڵیۆزانی‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا ڕاگه‌یاندووه‌، سه‌باره‌ت به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌رانی‌ عێراق، وتیشی‌:"وه‌زاره‌تی‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ عێراق گرنگییه‌كی‌ زۆریداوه‌، به‌پرسی‌ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌رانی‌ عێراق له‌لایه‌ن وڵاتانی‌ ئه‌وروپاوه‌، به‌هۆی‌ ئه‌و نه‌هامه‌تی‌‌و كێشانه‌ی‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ ده‌بنه‌وه‌".

وه‌زیری‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ عێراق ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، وڵاتانی‌ ئه‌وروپا پاساوی‌ یاسایی‌ بۆ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌رانی‌ عێراق ده‌هێننه‌وه‌، وتیشی‌:"لیژنه‌یه‌ك به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ من‌و نوێنه‌رایه‌تی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌‌و مافی‌ مرۆڤ پێكهێنراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمیی‌ داوا له‌وڵاتانی‌ ئه‌وروپا بكه‌ین، پرسی‌ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌ران دوابخه‌ن". 
Radio Nawxo

Sunday, June 24, 2012

په‌رله‌مانی عێراق به‌زۆرناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ره‌تده‌كاته‌وه‌


داواش له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كات ئاسانكاریی بۆ ئه‌و كاره‌ نه‌كات

له‌ دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگدرا له‌ سه‌ر پڕۆژه‌یاسایه‌ك كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كێشه‌ی ئه‌و په‌نابه‌ره‌ عێراقییانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌ی تێیدا نیشته‌جێن به‌زۆر ده‌نێردرێنه‌وه‌ بۆ عێراق.

سه‌ردار عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق به‌ ئێن ئاڕ تی راگه‌یاند: پاش هه‌وڵدانێكی زۆر و چه‌ند جارێك ده‌ستكاریكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ توانیویانه‌ وا بكه‌ن په‌رله‌مان ده‌نگ له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ بدات.

به‌پێی ئه‌و بڕیاره‌، په‌رله‌مانی عێراق ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ره‌ عێراقیه‌كان به‌ زۆر ره‌ت ده‌كاته‌وه‌و، داواش له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كات ئاسانكاریی بۆ ئه‌و كاره‌ نه‌كات. 

هه‌روه‌ها بڕیاره‌كه‌ داوا له‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق ده‌كات غه‌رامه‌ی ئه‌و كۆمپانیا فڕۆكه‌وانیانه‌ بكات، كه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌ گواستنه‌وه‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی به‌ زۆر ده‌نێردرێنه‌وه‌ بۆ عێراق.

 هه‌روه‌ك له‌ خاڵێكی تری بڕیاره‌كه‌دا، داوا  له‌ حكومه‌تی عێراق كراوه‌ كاربكات بۆ به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی سه‌باره‌ت به‌و كێشه‌یه‌.

به‌پێی ئاماری كۆمه‌ڵه‌ی په‌نابه‌رانی عێراق، ته‌نیا له‌ ساڵی رابردوودا، نزیكه‌ی 900 په‌نابه‌ری كورد له‌ وڵاتانی به‌ریتانیاو هۆڵه‌ندا و سوید و نه‌رویجه‌وه‌ له‌رێی فرۆكه‌خانه‌ی به‌غداوه‌ گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق‌و، له‌ مانگی شوباتی ئه‌مساڵیشدا، نزیكه‌ی 70 په‌نابه‌ری كورد له‌ سوید و نه‌رویجه‌وه‌ گه‌رێنرانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان.

ده‌قی ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ په‌ڕله‌مانی عێراق ده‌نگی پێداوه‌، ئه‌م ده‌قه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێز سه‌ردار عه‌بدوڵا ئه‌ندامی په‌ڕله‌مانی عێراقه‌وه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، سوپاس بۆ كاك سه‌ردار و هه‌موو ئه‌و دۆستانه‌ی كه‌ ده‌ورو كاریگه‌رییان هه‌بوو له‌ سه‌ر ده‌رچونی ئه‌م بڕیاره‌.:::