Showing posts with label Iraqi COR. Show all posts
Showing posts with label Iraqi COR. Show all posts

Wednesday, July 4, 2012

هه‌ر عیراقییه‌ك خۆویستانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بڕی 10 هه‌زار دۆلاری پێده‌درێت


عیراق ناردنه‌وه‌ی زۆره‌ملێی هاوڵاتییه‌كانی له‌هۆڵه‌نداوه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌

وه‌زاره‌تی كۆچ‌و راگوێزراوانی عیراق به‌زۆرناردنه‌وه‌ی هاوڵاتییه‌كانی له‌لایه‌ن هۆڵه‌نداوه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌و رایگه‌یاند رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا ئیمزا ده‌كه‌ن بۆناردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆویستانه‌ ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ عیراق.

سه‌لام خه‌فاجی بریكاری وه‌زاره‌تی كۆچ‌و راوگوێزراوانی عیراق به‌ رۆژنامه‌ی ئه‌رقولئه‌وسه‌تی راگه‌یاند كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ده‌ستیكردووه‌ به‌ وتووێژكردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هۆڵه‌ندا، بۆئه‌وه‌ی به‌زۆر ئه‌و 1300 عیراقییه‌ ره‌وانه‌ی عیراق نه‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌ هۆڵه‌ندادا نیشته‌جێن.

روونیشیكرده‌وه‌، به‌ وه‌زاره‌تی كۆچی هۆڵه‌ندایان راگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌زۆرناردنه‌وه‌ی ئه‌و عیراقییانه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ناچنه‌ ژێر باری هیچ جۆره‌ فشارێكه‌وه‌.

خه‌فاجی ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو كه‌ هه‌ردوولا رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سێ مانگ بخرێته‌ به‌رده‌م ئه‌و عیراقییانه‌ی كه‌ خۆویستانه‌ ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ عیراق.

وتیشی به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه‌ له‌ مانگی ئه‌یلولی داهاتوودا له‌گه‌ڵ هۆڵه‌ندادا ئیمزای ده‌كه‌ن، هه‌ر عیراقییه‌ك خۆویستانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌وا بڕی 10 هه‌زار دۆلاری پێده‌درێت، پێنج هه‌زار دۆلاریش بۆئه‌وانه‌ی خێزاندارن له‌گه‌ڵ بڕی دوو هه‌زار دۆلار بۆ هه‌ر منداڵێك.

بریكاری وه‌زاره‌تی كۆچ‌و راگوێزراوانی عیراق وتیشی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ پێویستی به‌ ره‌زامه‌ندی په‌رله‌مانی هۆڵه‌ندا هه‌یه‌.

خه‌ندان 


Sunday, June 24, 2012

په‌رله‌مانی عێراق به‌زۆرناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ره‌تده‌كاته‌وه‌


داواش له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كات ئاسانكاریی بۆ ئه‌و كاره‌ نه‌كات

له‌ دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگدرا له‌ سه‌ر پڕۆژه‌یاسایه‌ك كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كێشه‌ی ئه‌و په‌نابه‌ره‌ عێراقییانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌ی تێیدا نیشته‌جێن به‌زۆر ده‌نێردرێنه‌وه‌ بۆ عێراق.

سه‌ردار عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق به‌ ئێن ئاڕ تی راگه‌یاند: پاش هه‌وڵدانێكی زۆر و چه‌ند جارێك ده‌ستكاریكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ توانیویانه‌ وا بكه‌ن په‌رله‌مان ده‌نگ له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ بدات.

به‌پێی ئه‌و بڕیاره‌، په‌رله‌مانی عێراق ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ره‌ عێراقیه‌كان به‌ زۆر ره‌ت ده‌كاته‌وه‌و، داواش له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كات ئاسانكاریی بۆ ئه‌و كاره‌ نه‌كات. 

هه‌روه‌ها بڕیاره‌كه‌ داوا له‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق ده‌كات غه‌رامه‌ی ئه‌و كۆمپانیا فڕۆكه‌وانیانه‌ بكات، كه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌ گواستنه‌وه‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی به‌ زۆر ده‌نێردرێنه‌وه‌ بۆ عێراق.

 هه‌روه‌ك له‌ خاڵێكی تری بڕیاره‌كه‌دا، داوا  له‌ حكومه‌تی عێراق كراوه‌ كاربكات بۆ به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی سه‌باره‌ت به‌و كێشه‌یه‌.

به‌پێی ئاماری كۆمه‌ڵه‌ی په‌نابه‌رانی عێراق، ته‌نیا له‌ ساڵی رابردوودا، نزیكه‌ی 900 په‌نابه‌ری كورد له‌ وڵاتانی به‌ریتانیاو هۆڵه‌ندا و سوید و نه‌رویجه‌وه‌ له‌رێی فرۆكه‌خانه‌ی به‌غداوه‌ گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق‌و، له‌ مانگی شوباتی ئه‌مساڵیشدا، نزیكه‌ی 70 په‌نابه‌ری كورد له‌ سوید و نه‌رویجه‌وه‌ گه‌رێنرانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان.

ده‌قی ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ په‌ڕله‌مانی عێراق ده‌نگی پێداوه‌، ئه‌م ده‌قه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێز سه‌ردار عه‌بدوڵا ئه‌ندامی په‌ڕله‌مانی عێراقه‌وه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، سوپاس بۆ كاك سه‌ردار و هه‌موو ئه‌و دۆستانه‌ی كه‌ ده‌ورو كاریگه‌رییان هه‌بوو له‌ سه‌ر ده‌رچونی ئه‌م بڕیاره‌.:::