![]() |
دیپۆرتكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك په‌نابه‌ر...فۆتۆ: گێتی |
ڕۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانیا له ڕاپۆرتێكدا تیشكی خستۆته‌سه‌ر كێشه‌ی به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی عیراقی له وڵاتانی ئه‌وروپاوه بۆ هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ئاماژه‌یكردووه به بڕیارێكی په‌رله‌مانی عیراق، كه دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بۆ عیراق قه‌ده‌غه ده‌كات.
ڕۆژنامه‌كه ئاماژه‌یكردووه به‌وه‌ی له‌ماوه‌ی ساڵی ڕابرد‌وودا به‌ریتانیا نه‌یتوانیوه عیراقییه‌كان ده‌ربكات، ته‌نانه‌ت پاش ئه‌وه‌ی مافی مانه‌وه‌یان له‌و وڵاته ونكردووه، ئه‌ویش به‌هۆی كێشه‌ی یاساییه‌وه له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی په‌نابه‌ره‌كان له فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدای نێوده‌وڵه‌تی و ڕه‌وشی ئاساییش له عیراق.
له سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپادا به ده‌یان هه‌زار عیراقی چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن كه‌یسی په‌نابه‌رێتییان یه‌كلایی بكرێته‌وه یان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی دیپۆرتكردنه‌وه‌دان بۆ عیراق، ئه‌گه‌ر داواكانیان بۆ مافی په‌نابه‌رێتی ڕه‌تكرابێته‌وه.
مامه‌ڵه‌ی خراپی جه‌سته‌یی له‌گه‌ڵ په‌نابه‌رانی دیپۆرتكراوه‌ی كورد له فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا و توندوتیژیی تایه‌فه‌گه‌ری و ته‌قینه‌وه‌كانی ڕێكخراوی ئه‌لقاعیده له قۆناغێكدا دادگای مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌وروپا له ستراسبۆرگ-ی ناچاركرد ده‌ستوه‌ربداته ناو مه‌سه‌له‌كه‌و جه‌خت بكاته‌وه ژماره‌یه‌كی زۆر له ناوچه‌كانی عیراق زۆر مه‌ترسیدارن و به‌وه‌ش له واقیعدا به‌زۆر ناردنه‌وه ڕاگیرا. به‌ریتانیا له به‌هاری ڕابردووه‌وه شكستیهێناوه له به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌نابه‌ره عیراقییانه‌ی كه‌یسه‌كانیان ڕه‌تكراونه‌ته‌وه بۆ وڵاتی خۆیان.
له به‌شێكی ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه:" په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی له فڕۆكه‌خانه‌كانی ئه‌وروپاوه بۆ هه‌رێم قه‌ده‌غه‌كردووه و مانگی ڕابردووش ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بڕیاریدا دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران له سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا قه‌ده‌غه‌بكرێت".
په‌رله‌مانی عیراق له بڕیاره‌كه‌یدا فه‌رمانیكردووه به حكومه‌تی عیراق ئه‌و په‌نابه‌رانه وه‌رنه‌گرێته‌وه كه دیپۆرتده‌كرێنه‌وه و پێداچو‌ونه‌وه‌یه‌ك بكات به یاداشتنامه‌یه‌كی لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان سوید و حكومه‌تی عیراقدا سه‌باره‌ت به دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران و هه‌موو ئه‌و كۆمپانیایانه غه‌رامه‌بكات كه په‌نابه‌رانیان دیپۆرتكردۆته‌وه و كۆنفرانسێك له ده‌ره‌وه‌ی وڵات سه‌باره‌ت به كێشه‌ی په‌نابه‌رانی عیراق سازبكات.
به‌پێی ڕۆژنامه‌كه به ملیۆنان عیراقی دوای ڕوخاندنی ڕژێمی سه‌دام حسێن له وڵاته‌كه‌یان هه‌ڵاتن و ڕوویان كرده ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی زۆریش ڕوویان كرده ئه‌وروپا. قه‌ده‌غه‌كردنی به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران له‌لایه‌ن فیدراسیۆنی په‌نابه‌رانی عیراقی (IFIR) سه‌رپه‌رشتیكراوه، كه باره‌گاكه‌یان له له‌نده‌نه و كه‌مپینیان سازكردووه له‌دژی دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بۆ عیراق و هه‌رێمی كوردستان.
له‌وباره‌یه‌وه ده‌شتی جه‌مال، له (IFIR) به گاردیانی ڕاگه‌یاندووه:" ئه‌مه سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه بۆ په‌نابه‌رانی عیراقی كه قوربانی جه‌نگ و سته‌ملێكردنن. نه‌رویج و دانیمارك به‌م دواییانه په‌نابه‌رانیان به‌زۆر ناردۆته‌وه و ئێستا پێویسته ئه‌وه بوه‌ستێنن. ئێمه ده‌زانین لانیكه‌م 1300 په‌نابه‌ری عیراق له هۆڵه‌ندا هه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراوه ڕه‌وانه‌ی عیراق بكرێنه‌وه".
ڕۆژنامه‌كه له زاری به‌رپرسانی (IFIR)ه‌وه ڕونیكردۆته‌وه ژماره‌یه‌كی كه‌می عیراقی ئێستا له سه‌نته‌ره‌كانی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی كۆچبه‌رانی به‌ریتانیادایه.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه وته‌بێژێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی به‌ریتانیا ئاشكرایكردووه: "وه‌زاره‌ته‌كه‌مان ئاگاداره له بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عیراق و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق‌و داوای له حكومه‌تی عیراق كردووه كارئاسانیی نه‌كات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوڵاتییانی عیراقی بۆ وڵاتی خۆیان و ئه‌وه پێشنیازێكه و باوه‌ڕم وانییه ئه‌وه بڕیارێكی پابه‌ندكه‌ر بێت به‌سه‌ر حكومه‌تدا و باوه‌ڕم وانییه ئه‌و بڕیاره كاریگه‌ریی له ئێمه بكات".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه وته‌بێژێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی شانشینی یه‌كگرتوو ده‌ڵێت: "من ئاگاداری هیچ ده‌وڵه‌تێكی ترنیم كه وه‌رگرتنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ڕه‌تبكه‌نه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دادگاكانی به‌ریتانیا ته‌ئكیدیان كردۆته‌وه ئێمه ده‌توانین خه‌ڵك بۆ عیراق بگه‌ڕێنینه‌وه له‌نێوانیشیاندا دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی كورد له‌ڕێگای به‌غداوه".
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه وته‌بێژێكی ده‌زگای (فرۆنتێكس) كه گه‌شته ئاسمانیه‌كان بۆ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران و ئاسایشی سنوره‌كانی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا ڕێكده‌خات ڕایگه‌یاند، له پایزی ڕابردووه‌وه هیچ گه‌شتێكی ئاسمانی بۆ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ڕێكنه‌خستووه و له ڕابرد‌وودا چه‌ند ده‌وڵه‌تێك وه‌رگرتنه‌وه‌ی هاوڵاتییانی خۆیان ڕه‌تكردۆته‌وه، وه‌كو له‌ساڵانی نه‌وه‌ده‌كاندا ده‌سه‌ڵاتداران گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌رانیان له ڕۆماوه بۆ كۆسۆڤۆ ڕه‌تكردۆته‌وه، چونكه نه‌یانتوانیوه گه‌ره‌نتی سه‌لامه‌تیی ژیانی په‌نابه‌ره‌كان بكه‌ن.
خه‌ندان- دانا ته‌یب مه‌نمی
No comments:
Post a Comment