Tuesday, November 6, 2012

هەستى نیشتمانى و کەلتورى لە دەرەوەى وڵات


کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا
لە هەفتەى ڕابردوودا چەند بابەتێکمان بڵاوکردەوە لەبارەى بارودۆخى ژیان و گوزەرانى پەناخوازان. یەکێک لەو بوارانەى تەئکیدمان لەسەر کردەوە ڕاپۆرتێک بوو کە لەبارەى بارى دەروونى و کەلتوورى و هەستى نیشتمانى پەناخوازانەوە بوو.
ئەم بابەتە زۆر هەستیارەو چەندین لێکۆڵینەوەى گرنگى لەبارەوە کراوە.
هاوڕێیان، یەکێک لە کێشەکانى پەناخوازان ئەوەیە تەنها بیر لە کۆچ کردن بۆ دەرەوەى وڵات دەکەنەوە ئیتر بەهەرشێوەیەک بێت. زۆرێک لەوانەى کۆچ دەکەن تووشى چەند گرفتێکى سەرەکى دەبنەوە لەوانە:
-نەزانینى زمان.
-نە شارەزایى لە کەلتوورى وڵاتەکە.
-گرفتى تێکەڵ بوون لەگەڵ خەڵکى ئەو وڵاتە و چۆنیەتى مامەڵە کردن لەگەڵیاندا.
-شێوازى ژیان و نانخواردن و کاروبارى ڕۆژانەیان.
ئەمانە هەموو وادەکەن کە ئەو کەسەى کۆچ دەکات تووشى گرفتى دەروونى و کۆمەڵایەتى ببێتەوە. تەنانەت یەکێک لەو هۆکارانەى کە پەناخوازە کورد و عێراقییەکانى بەهۆیەوە دیپۆرت دەکرێنەوە ئەوەیە، کە پەناخوازەکان زۆرجار ناتوانن خۆیان بگونجێنن یاخود زمانى وڵاتەکە شارەزا ببن و بیزانن، بۆیە ئیتر ئیشوکاریان دەستناکەوێت و وڵاتەکەش ئامادەنییە مافى نیشتەجێ بوون بەکەسێک بدات کە بەلایەنى کەمەوە نەتوانێت لەگەڵ شێوەژیان و زمانیان خۆى بگونجێنێت.
سەرەڕاى ئەوانە، یەکێک لە گرفتەکان کە زۆرجارکێشەى درێژى بەدواى خۆیدا هێناوە ئەوەیە کە هەندێ لە پەناخوازەکان، کە بەتەواوى لەگەڵ کۆمەڵگاکەشدا تێکەڵ بوون، هاوسەرگیرى دەکەن لەگەڵ کەسێکى ئەو وڵاتەدا. ئەمە وادەکات کە ئەو دوو کەسە لەداهاتوودا کە منداڵیان بوو، منداڵەکە هەست بکات کە لەناو قەیراندایە، نەزانێت ئایا ئەو کەسە ئەبێت بیر لەکام کەلتور بکاتەوە؟ هەستى بۆکام وڵات بجوڵێت؟ زمانى کام وڵات فێر ببێت؟
زۆرجار منداڵەکان تووشى گرفتى دەروونى و کۆمەڵایەتى درێژ خایەن دەبن و هەتاوەکو تەمەنێکى زۆر ئەو کەسانە بەدواى خۆیاندا دەگەڕێن.
گرنگە پەناخوازان بەر لە کۆچ کردن بیر لە داهاتووى خۆیان بکەنەوەو ژیان و بەرنامەیەکى تێرو تەسەل و گرنگ بۆخۆیان دابڕێژن.

No comments:

Post a Comment