Thursday, November 22, 2012

دواهەمین زانیارى لەسەر بڕیارەکانى حکومەتى ئوسترالى و دۆخى پەناخوزان لەو وڵاتە


بلۆگى کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا
دوێنێ حکومەتى ئوسترالى ناوەندێکى ترى دەستبەسەرکردنى پەناخوازانى لە دورگەى مانوس لە پاپوا نیو گینیا کردەوە بۆئەوەى ئەو پەناخوازانەى بە بەلەم دەگەنە ئوسترالیا ڕەوانەى ئەوێیان بکات. ئەوەبوو 19 ئێرانى و سریلانکى کە ئافرەت و منداڵیشیان تێدابوون وەکو یەکەم گروپ ڕەوانەکران. 
لەهەمانکاتدا حکومەت ئەوەیشى ڕاگەیاند کە هەندێ لەو پەناخوازانەى بە بەلەم لەدواى 13ى ئابەوە گەیشتوونە ئوسترالیا ئەوا ڕەوانەى ناورو ناکرێن و بەڵکو ڕێگەیان پێدەدرێت لەدەرەوەى ناوەندى دەستبەسەرکردنەکاندا بن بە ڤیزاى پەڕینەوە. 
لەوکاتەوەى کە یاساى نوێى ئوسترالیا ڕاگەیانراوە لە 13ى ئابەوە، نزیکەى 7000 بەلەم بەشێوەیەکى نایاسایى گەیشتوونەتە ئوسترالیا. ڕەشماڵى کامپەکان لە ناورو و دوورگەى مانوس تەنها 700 پەناخوازى بەلەمەکان هەڵدەگرێت، و لەکاتێکدا کە کامپەکان ڕێکخران و بیناى تەواویان هەبوو ئەوا شوێنى مانەوەى 2100 پەناخواز دەبێت. ئەمەش ماناى ئەوەیە کە زۆرێک لەو بەلەمانەى گەیشتوونەتە ئوسترالیا ناکرێت کە هەموویان ڕەوانەى ناورو و دوورگەى مانوس بکرێن. 
بەهۆى ئەو ژمارە زۆرەى پەناخوازەکانى بەلەم دەبێت حکومەتى ئوسترالى بڕیارى پێویستیان لەبارەوە بدات لەبەرئەوەى ئەوان ناکرێت بخرێنە دوورگەى کریسمسەوە. لەبەرئەوە دوێنێ وەزیرى کۆچى ئوسترالى کریس بۆوێن ڕایگیاند کە ئەو ڕێگە دەدات بە هەزاران لەوان کە بەپێى ڤیزاى پەڕینەوە لەناوەندەکانى دەستبەسەرکردن بن و داخوازییەکانى پەناخوازییان هەڵبسەنگێنرێت لەکاتێکدا بەئازادى لە کۆمەڵگادان.
هێشتا 387 کەسى تر بە بەلەم هاتوون و لە ناورون و لەئێستادا 19 کەسى تریش لە دوورگەى مانوسن لە پاپوا نیو گینیان. 
جێگەى باسە چەند خاڵێکى گرنگ هەیە کە پێویستە ئاماژەى پێبدرێت.
1-حکومەتى ئوسترالى بەهۆى زۆرى ژمارەى بەلەمەکان و پەناخوازەکانەوە ناچارە کە کارێکى لەوشێوەیە ئەنجام بدات. ئەو ڕێوشوێنەى کە ناردنى پەناخوازانە بۆ ناورو و دوورگەى مانوس هێشتا هەر بەردەوام دەبێت. حکومەتى ئوسترالى هێشتا دەیەوێت هاتنى خەڵکى لەڕێگەى بەلەمەوە بوەستێنێت و ڕێگرى بکات لە خنکان و مردنى خەڵکى لە ئاوەکانى نێوان ئیندۆنیزیا و ئوسترالیا.
2-هەزاران کەس چاوەڕوانى ئەوە نیین کە ڕەوانەى ناورو و دوورگەى مانوس بکرێن، بەڵکو هەموو ئەوانەى کە لە بەلەمى داهاتوودا دەگەنە ئەو وڵاتە ڕاستەوخۆ ڕەوانەى ئەو دوو ناوچەیە دەکرێن.
3-ڤیزاى پەڕینەوە لەڕاستیدا ڤیزا نییەو تەنها ڤیزایەکى کاتییە. لەگەڵ یەکلایى بوونەوەى کەیسى پەناخوازەکان و یاخود بەرلەوە لەگەڵ ئەنجامدانى کارى نایاسایدا ڕاستەوخۆ ئەو ڤیزایە هەڵدەوەشێتەوە.
4-تەنانەت ئەگەر ئەوانەى بەبەلەم گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە و ڤیزاى پەڕینەوە وەردەگرن هیچ جیاوازییەک نییە لەمامەڵەکردن لەگەڵیاندا وەکو ئەوانەى ڕەوانەى ناورو دەکرێن، و هێشتا پێنج ساڵ دەخایەنێت تاوەکو مامەڵەى کەسێک وەکو پەناخواز وەربگیرێت و یەکلایى بکرێتەوە. ئەوکاتەى کە وەکو پەناخواز دەناسێنرێت ئەوا ماوەیەکى زۆرى دەوێت تاوەکو وەکو هاوڵاتى ئوسترالى دەناسێنرێت. ئەگەر ئەوان پەناخوازى تەواو و ڕاستەقینە نەبوون ئەوا دیپۆرت دەکرێنەوەو ڕەوانەى وڵاتەکەى خۆیان دەکرێنەوە. دوێنێ یەکەم ئەفغانى بەزۆر دیپۆرت کرایەوە لە ئوسترالیاوە.
5-ڤیزاى پەڕینەوە ڕێگەى کارکردن نادات بەوکەسانەى بە بەلەم هاتوونەتە ناو ئوسترالیاوە و حکومەتى ئوسترالى هیچ شوێنى حەوانەوە بەو کەسانە نابەخشێت بۆئەوەى لەناو کۆمەڵگادا بە ئازادى بژین. ئەوانەى بەبەلەم هاتوون دەبێت پارە بدەن لەبەرامبەر دابین کردنى شوێنى حەوانەوەیان. 
6-هێشتا پشتیوانانى مافەکانى پەناخوازان لە ئوسترالیا یاساو ڕێوشوێنەکانى حکومەت زۆر بە نامرۆڤانە وەسف دەکەن.

No comments:

Post a Comment