ژماره‌یه‌ك خوێندكاری توناسازی له وڵاتی به‌ریتانیا به‌وته‌ی خۆیان ماوه‌ی شه‌ش مانگه هیچ بڕه پاره‌یه‌كیان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه پێنه‌دراوه به‌و هۆیه‌شه‌وه زانكۆكانیان پێانڕاگه‌یاندوه كه له پڕۆگرامی خوێندن ده‌رده‌كرێن، به‌ڕێوه‌به‌ری نێردراوانیش له وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ئاشكرایكرد پێش كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه پاره بۆ 250 كه‌س له‌و خوێندكارانه سه‌رف ده‌كرێت.
لاڤه ئه‌حمه‌د یه‌كێك له خوێندكارانی توناسازی له‌به‌ریتانیا به ئێن ئاڕتی ڕاگه‌یاند، ئه‌و خوێندكارانه‌ی پاره‌یان وه‌رنه‌گرتوه ژماره‌یان 400 خوێندكار ده‌بێت و هه‌ندێكیان ماوه‌ی نۆ مانگه و هه‌ندێكی تر ماوه‌ی شه‌ش مانگه هیچ بڕه پاره‌یه‌كیان بۆ سه‌رف نه‌كراوه.
وتیشی ئه‌وان چه‌ندین جار په‌یوه‌ندیان به وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه كردووه‌و چه‌ندین جار به‌ڵێنی سه‌رفكردنی پاره‌كه‌یان پێ دراوه، به‌ڵام تا ئێستا پاره‌یان بۆ سه‌رف نه‌كراوه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه رۆژانه له‌لایه‌ن زانكۆكانیانه‌وه نامه‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌یان بۆ دێت، داوای سه‌رف كردنی پاره‌كه ده‌كه‌ن به پێچه‌وانه‌وه پیان ڕاگه‌یاندراوه له خوێندن ده‌رده‌كرێن.
له‌به‌رامبه‌ردا د.گۆڤه‌ند شێروانی به‌ڕێوه‌به‌ری نێردراوانی توناسازی له وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕه‌تی ده‌كاته‌وه خوێندكار هه‌بێت شه‌ش مانگ بێت پاره‌ی بۆ سه‌رف نه‌كرابێت و ده‌ڵێت ره‌نگه خوێندكار هه‌بێت سێ مانگ یان چوار مانگ بێ پاره‌ی بۆ سه‌رف نه‌كرابێت، به‌ڵام شه‌ش مانگ نیه.
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند ئه‌وان پێش كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه پاره بۆ 250 خوێندكار له‌و خوێندكارانه‌ی به‌ریتانیا سه‌رف ده‌كه‌ن و پاره‌كانیان له كوردستان راده‌ستی نوێنه‌ره‌كانیان ده‌كه‌ن و هه‌فته‌ی داهاتووش لیستێكی دیكه راده‌گه‌یه‌نن و هه‌ر كه‌سێك ناوی له‌و لیسته‌دا نه‌بوو په‌یوه‌ندی بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌دواداچونی بۆبكه‌ین.
NRT
NRT
No comments:
Post a Comment