Wednesday, November 28, 2012

رۆژی پێنجشەممە په‌نابه‌رانی‌ دیپۆرتكراو له‌سلێمانی‌ خۆپیشاندان ده‌كه‌ن


فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق رایدەگەیەنێت دابین كردنی ژیانی 6 هەزار پەنابەری دیپۆرتكراوە، لەئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە‌و داوا لەهاوڵاتیان دەكات بەشداری لەو خۆپیشاندانەدا بكەن كە رۆژی پێنجشەممە لەسلێمانی بۆ پشتیوانیكردن لەپەنابەرە دیپۆرتكراوەكان سازدەكرێت.
لقی كوردستانی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی، لەبەیاننامەیەكدا رونیدەكاتەوە لە ساڵی ٢٠٠٥ وە زیاتر لە ٦ هەزار پەنابەری هەرێمی كوردستان بەدور لە خواست و بڕیاری خۆیان بەزۆرە ملێ دیپۆرتی هەرێمی كوردستان كراونەتەوە‌و ‌ژمارەیەكی بەرچاویشیان خاوەنی مناڵ‌و هاوسەرین‌و ئەوەی لەژیاندا هەمانبووە‌ لەدەستیانداوە.
بەیاننامەكە كە بەناوی پەنابەرە دیپۆرتكراوەكانەوە بڵاوكراوەتەوە تێیدا هاتووە “ئێمە نامانەوێت چیتر ببینەوە خۆراكی دەریا‌و دەمانەوێت لەم خەمۆكی‌و دەردو مەینەتیە، لەبێكاری‌و دەستكورتی‌و نەبوونی ڕزگارمان بێت”.
ئاماژەبەوەشدەكەن ناچارین دەنگی نارەزایەتی دەربرین‌و ئەویش لەكاتێكدا كەدەسەڵاتداران وەڵام بە كێشەكانمان‌ نادەنەوەو بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەكێشەكانی ئێمە نیشان نادات‌.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەران داوا لەهاوڵاتیان دەكات بەشداری لەخۆپیشاندانەكەدا بكەن كە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە ٢٩-١١ لەبەردەم بەردەم پارێزگاری سلێمانی، كاتژمێر٣٠:٨ بەیانی بەرێوەبچێت.
دەقی بەیاننامەكە:
دابین كردنی ژیانی 6 هەزار پەنابەری دیپۆرتكراوە، لەئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە
ئێمە هاوڵاتی ئەم كۆمەڵگایەین
لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی  لقی كوردستانی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بۆ وەڵامدانەوە بەكێشەوگیروگرفتی پەنابەرە دیپۆرتكراوەكان پشتیوانی بكەن
رۆژی:پێنج شەمە بەرواری: ٢٩-١١
شۆین: بەردەم پاریزگاری سلێمانی، كاتژمێر٣٠:٨ بەیانی
ئێمە پەنابەرانی دیپۆرت كراوە، قوربانی هەڵومەرجی نەخوازراوی كۆمەڵگای كوردستانین. سەرباری  لەدەستدانی ماڵو حاڵو پیداویستیەكانی ژیانمان، ئێمە ئەو ئینسانانەین ‌كە بۆ بەهرەمەند بوون لەژیانێكی ئاسودە، بەناچاری ڕێگای هەندەرانمان گرتەبەر ودوای سالانێكی زۆر ژیانكردن لە ولاتانی ئەوروپا، بەزۆرەملێ وەك ئەنجامێك لەسیاسەتی هاوبەشی نێوان دەوڵەتانی ئەوروپا وحكومەتی عێراقی و هەرێم، دیپۆرت كراوینەتەوە وسفرەی خاڵیمان بۆ ڕاخرا. ئێمە جگەلە نەبوونی سەرچاوەیەكی دەرامەت بێكاریش یەخەی پێگرتووین، سەرپەنایەكمان نیە بۆئەوەی تێیدا بژین‌و بوینەتەبار بەسەر كەسوكارمانەوه. بێئومیدی‌و نەخۆشی دەرونی‌و خۆشنەویستی ژیان هەرساتەو هەر ڕۆژه ژیانی داگیركردوین. بەڵام ئەوە دەسەڵاتو لایەنە بەرپرسەكانە كەتائێستا نەك هیچ مەسئولەیەتێك بەرامبەر بەژیانی خۆمان‌و ژیانی خێزان و مناڵانی بەجێماومان نیشان نادات، بگرە لەسەر سیاسەتی دیپۆرتكردنەوەی هاوچارەنوسەكانمان بەردەوامە.

ئێمە بەم ژیانی بێدەرەتانیو سەرگەردانیەمانەوە، چەندین جار لەرێگای فیدراسیۆنی پەنابەرانەوە، داوامان لەدەسەلاتدارن كردووە كەلەكێشەو گرفتەكانی ئێمەی پەنابەرە دیپۆرتكراوەكان تێبگات وبۆ گێرانەوەی ژیانی ئاسایمان وەك هاولاتیانی ئەم ولاتە هەنگاو هەڵگرێ. بەڵام  بە داخەوە جگەلە وەعدەو بەڵێن تائێستا ولەماوەی ٢سالی ڕابردوودا، كەمترین داخوازی بۆ باشكردنی ژیانمان وەڵامی وەرنەرگرتۆتەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٥ وە زیاتر لە ٦ هەزار پەنابەری هەرێمی كوردستان بەدور لە خواست و بڕیاری خۆمان بەزۆرە ملی دیپۆرتی هەرێمی كوردستان كراوینەتەوە. ‌ژمارەیەكی بەرچاویشمان خاوەنی مناڵ‌و هاوسەرین‌و ئەوەی لەژیاندا هەمانبووە‌ لەدەستمانداوە. ئێستاش هیچ سەرچاوەیەكمان نیە بۆ دامەزراندنەوەی ژیان وچونەوە نێوكۆمەڵگا وەك هەر هاولاتیەكی ئاسایی ئەم ولاتە.
ئێمە نامانەوێت چیتر ببینەوە خوراكی دەریا ودەمانەوێت لەم خەمۆكی ودەردو مەینەتیە، لەبێكاریو دەستكورتی ونەبوونی ڕزگارمان بێت. مافی ژیان وبەهرەمەندبوون لەپێداویستیەكانی هاولاتی ئاسایی مافی ئێمەشه.‌ هەربۆیە ناچارین دەنگی نارەزایەتی دەربرین. ئەویش لەكاتێكدا كەدەسەلاتداران وەڵام بە كێشەكانمان‌ نادەنەوەو بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەكێشەكانی ئێمە نیشان نادات‌.
ئێمە لەم ڕێگایەدا ئێوە بەهاولاتیو كەسوكاری خۆمان دەزانین. هانای ئێوە ئازادیخوازانو ئینسان دۆستان وڕیكخراوەكان وهەموو ئەولایەنە سیاسی وپیشەییانەی كەژیانی هاولاتیان بۆ مەبەستە وئەركی خۆیان بۆ بەدیهێنانی ژیانێكی ئاسودەو مسۆگەر داناوە، گەورەترین پشتیوانییە. بەتایبەتی باشبونی ژیانی ئێمە 6هەزار ئینسان باش بوونی 6هەزار خێزانە.. بۆیە گرنگە‌ لەگەڵمان بن.. پشتیوانمان بن. دەنگی ناڕەزایەتیو داخوازیەكانمان بەدەنگو داوای خۆتان بزانن.. ئەمە تەنها ڕیگایەكی شارستانیە بۆ ناچاركردنی دەسەڵاتداران تا وەلام بەژیانو داخوازیەكانمان بدەنەوە. داوادەكەین بەهەر شیوەیەكی گونجاوی خۆتان پشتگیری ناڕەزایەتیو خۆپیشاندانەكانمان بكەن بەشداری بكەن. 
بەهرەمەند بوون لەژیانی شایستەی ئینسانی، مافی هەر هاولاتیەكی كوردستانە!

لقی كوردستانی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٢٦-١١-٢٠١٢
بۆ زانیاری زیاتر بەریزەوە پەیوەندی بكەن بە ژمارە تەلەفونەكانی(٠٧٧٠٢٢٠٤٨٤٤ یان ٠٧٥٠١٧٣٠٧٠٧)


No comments:

Post a Comment