Thursday, August 16, 2012

زانیارى لەسەر نوێترین یاساکانى کۆچ بۆ ئوسترالیا وەربگرە

تەنها لە ئۆکتۆبەرى 2009ـەوە 604 پەناخواز نقوم بوون لە ئاوەکانى سنوورى ئوسترالیا
بلۆگى کۆچ بۆ ئوسترالیا و کۆچى كوردان

ئەم هەفتەیە یەکێکە لەهەفتە گەرمەکانى سیاسەت کردن لە ئوسترالیادا. دوێنێ حکومەتى ئوسترالى یاسایەکى نوێى ڕاگەیاند کە پەناخوازان ڕەوانەى دوورگەکانى ناورو، و مانوس، و پاپوا نیو گینیا بکرێن بۆئەوەى پێداچوونەوە بە کەیسى پەنابەریاندا بکرێت. ئەم هەفتەیە ئەو پڕۆژە یاسایەى حکومەت لە پەرلەمان گفتوگۆى لەسەر دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت کۆتایى ئەم هەفتەیە دەنگى لەسەر بکرێت. ئەگەر یاساکە جێبەجێ بکرێت و لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆنیش پشتیوانى لێ بکەن ئەوا گۆرانکارییەکى گەورەى دەبێت لەسەر پەناخوازان و کێشەى کۆچ کردن بۆ ئەو وڵاتە کە یەکێکە لە بابەتە زۆر هەستیارەکان. هەروەها ئەمە چاوەڕوان دەکرێت کاریگەرى دەبێت لەسەر ئەوەى کۆچى پەناخوازان بە بەلەم بووەستێنێت بۆ ئەو وڵاتە لەبەرئەوەى لەمەودوا پەناخوازەکان ڕەوانەى ناورو، و دوورگەى مانوس و پاپوا نیو گینیا دەکرێن ئینجا کەیسەکانیان هەڵدەسەنگێنرێت وەکو پەنابەر لە ئوسترالیا قبووڵ دەکرێن یاخود ڕەت دەکرێنەوە. 
کۆمەڵێک زانیارى تر هەیە کە بەپێویسى دەزانین خوێنەرانمان لەبارەیەوە بزانن: 
لە ڕۆژنامەو میدیاکانى ئوسترالیدا چەند وتەیەکى گرنگى جولیا گیڵارد سەرۆک وەزیرانى ئوسترالى خستۆتەڕوو لەبارەى هۆکارە مرۆییەکانى گۆڕانکارى لە ڕێوشوێنەکان و یاساکانى کۆچکردندا. پارتى کرێکارانى ئەو وڵاتە ئەو یاسایە دەردەکات بۆئەوەى پڕۆسەى پێداچوونەوە بە کەیسى پەناخوازان لە دەرەوەى خاکى ئوسترالیا بکرێت لە ناورو و پاپوا نیو گینیا، ئەمەش دواى ئەوە دێت کە تێڕوانین و پێشنیازى گروپێکى شارەزایانى سەربەخۆى وەرگرتووە بۆئەوەى سنوورەکانى ئەو وڵاتە بپارێزن و بەجۆرێک گەڕانەوەیە بۆ سەردەمى هاوەرد بۆ چارەسەرى پاسفیک.
جولیا گیڵارد ڕایگەیاند کە خواستى ئەو تەنها پاراستنى پەناخوازانە کە تەنها لە ئۆکتۆبەرى 2009ـەوە 604 پەناخواز مردوون بەهۆى نقوم بوونیان لە دەریاکانى سنوورى ئوسترالیا.
گیڵارد وتى من لەوبڕوایەدام ئوسترالیا لە دڵەوە بە ئومێدەوەیە ئەو یاسا و جێبەجێکردنى ببینێت. هەموویان چاوەڕێن. من چاوەڕێم. هەموومان چاوەڕێن. من چاوەڕێى ڕێککەوتنى زیاترم لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا بۆئەوەى ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێت. من نیازى ئەوەم نییە یارى بە سیاسەتەوە بکەم یاخود چاوم لە کۆکردنەوەى دەستکەوتى سیاسى بێت ئەمە لەکاتێکدا کە خەڵکێکى زۆر لەناودەچن و دەمرن.
هەروەها دوێنێ هەواڵى ئەوە بڵاوبوویەوە کە دەسەڵاتدارانى ئوسترالى جەستەى 67 پەناخوازیان دۆزییەوە کە بۆماوەى زیاتر لە یەک مانگ دەبێت لە ئاوەکانى سنوورى ئوسترالیا وون بووبوون و ئەمەش جەخت کەرەوەیە لەسەر بارودۆخى مەترسیدارى کۆچ بۆ ئەو وڵاتە بەوشێوەیەى ئێستا هەیە.
هەندێک لەوبڕوایەدان کە ئەم یاسا نوێیانە گەڕانەوەیە بۆهەمان (چارەسەرى پاسفیک)ى پێشوو. لەسەردەمى حوکمڕانى سەرۆک وەزیرانى پێشووى ئوسترالیا جۆن هاوەرد، پەناخوازان ڕەوانەى ناورو و دوورگەى مانوس و پاپا نیو گینیا دەکران بۆئەوەى کەیسەکانیان پێداچوونەوەى بۆبکرێت. ئەم ڕێوشوێنە بە چارەسەرى پاسفیک ناودەنرا. گیڵارد پلانى ئەوەى هەیە کە دەستبکات بە ڕەوانەکردنى پەناخوازان بۆ هەمان شوێن، هەروەها لەماوەى چەند ساڵى داهاتوودا ڕەوانەى مالیزیایان بکات. بۆیە هەندێک لەو بڕوایەدان کە یاسا نوێیەکە چارەسەرى پاسفیکە بەشێوەیەکى نوێ.

زانیارى لەبارەى (ناورو)
وڵاتێکە کە لە دوورگەیەکى بچووک پێکهاتووە لەسەردەمى سەرۆک وەزیران هاوەرد بەشداربوون لە چارەسەرى پاسفیکدا. لەوکاتەدا پەناخوازان ڕەوانەى ناوەندەکانى دەستبەسەرکردن لە چەند دوورگەیەکى بچووک لە ئۆقیانوسى هادى بۆئەوەى کەیسەکانیان لەوێ پێداچوونەوەى بۆبکرێت و هەڵسەنگێنرێت لەجیاتى ئەوەى لە ئوسترالیا بکرێت.
پلانەى ئەوەى دووبارە ئەو ناوەندانە لە ناورو بکرێنەوە ڕووبەڕووى ڕەخنە کرایەوە، لەبەرئەوەى ناورو لە دەرەوەى یاساکانى ئوسترالیادایە، پەناخوازان زۆربەى کات بۆماوەى زیاتر لە 3 ساڵ لەوێدا دەستبەسەر دەکران تاوەکو بڕیار لە کەیسەکانیان دەدرا، و زۆرێکیشیان ڕەوانەى وڵاتانى خۆیان دەکرانەوە.

زانیارى لەبارەى دوورگەى (مانوس)
نزیکەى 400 کیلۆمەتر لە باکوورى پاپوا نیو گینیاوە دوورە. ناوەندێکى دەستبەسەرکردن لەو دوورگەیە لەلایەن سەرۆک وەزیرانى پێشوو جۆن هاوەرد تاوەکو 2004 بەکارهێنرا، و بەهۆى ترسناکى بارودۆخ لەوشوێنە ناوبانگێکى خراپى هەبوو. ژمارەیەک لەو پەناخوازانەى لەو دوورگەیە دەستبەسەرکرابوون هەوڵى خۆکوشتنیانداوە وەکو دواهەمین هۆکار بۆئەوەى بارودۆخى سەخت و مەرگەساتیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بگەیەنن.


سەردانى گروپ و پەیجەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى کۆچ، مینحەى خوێندن، دەرفەتى کار لە وڵاتانى دەرەوە و کۆچى یاسایى:
https://www.facebook.com/kochikurdan
https://www.facebook.com/groups/102175996536494/
http://kochikurdan.wordpress.com/
http://immigration2australia1.blogspot.com/


No comments:

Post a Comment