Thursday, August 16, 2012

بەفەرمی بڕیاری دیپۆرتكردنەوەی پەناخوازان درا

بريارى دیپۆرتكردنەوەی پەناخوازان بۆ ووڵاتی سێیەم پەسەندكرا

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دیپۆرتكردنەوەی پەناخوازان بۆ ووڵاتی سێیەم لەلایەن پەرلەمانی ئوسترالیا و ئەنجومەنی پیرانی ئەو ووڵاتەوە پەسەندكرا، ئەمڕۆش یەكەم وەفدی باڵای ئەو ووڵاتە گەشتنە ووڵاتی ناورۆ بۆ گفتۆگۆكردن لەبارەی چۆنێتی جێبەجێ كردنی ڕاگواستنی پەناخوازان بۆ ئەوو ووڵاتە.
قەیرانی كۆچی نایاسایی لەڕێگەی كەنارە دەریایەكانەوە بۆ ئوسترالیا یەكێكە لەو كێشانەی كە گفتوگۆكانی نێوان حكومەت و ئۆپۆزیسیۆن لە ماوەی ڕابردوودا بە بنبەست گەیاند. هەرچەندە هەردوولا كۆكن بوون لەسەر كۆتایی هێنان بەو قەیرانە كە ساڵانە سەدان پەناخواز دەكاتە قوربانی لە پاش تێكشكاندنی بەلەمەكانیان لە سنوری ئاوە دەریایەكانی ئەو ووڵاتەدا، حكومەت و پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكان نەدەگەشتنە ڕێكەوتنێك لەسەر چۆنێتی كۆتایهێنان بەو قەیرانە . بەڵام لەپاش پێكهێنانی لیژنەیەكی سەربەخۆ و ئامادەكردنی ڕاپۆرتێك سەبارەت بە كێشەی كۆچی نایاسایی كە ڕاسپاردەكانی حكومەت و پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكانیشی لەخۆگرتبوو، هەردوولا بە فەرمی ڕایانگەیاند ئەو ڕاسپاردانە دەخەنە بواری جیبەجێكردنەوە.  
بەپێی ئامارە فەرمیەكانی وەزارەتی كۆچی ئوسترالیاش كە دوێنێ نوێ كراوەتەوە، 7983 پەناخواز لەسەرەتای ئەمساڵەوە لەڕێگەی كەنارە ئاویەكانی ئوسترایا و بەبەلەمی بچوكی نەشیاو كەلەلایەن قاچاخچیەكانەوە لە بری پارەیكی زۆر ڕیكخراون خۆیان گەیاندۆتە ئوسترالیا لەكاتێكدا نزیكەی 4565 پەناخواز لە تەواوی ساڵی ڕابردوودا بەو شێوازە گەشتونەتە ئوسترالیا.
سەبارەت بە ڕیزبەندی ئەو ووڵاتانەش كە هاوڵاتیانی بەشێوەیەكی نایاسایی و بەبەلەم خۆیان دەگەیەننە ئوسترالیا، ئەڤغانستان و ئێران و عێراق لە ڕیزی پێشەوەی ئەو ووڵاتانەن. ئەمە جگە لە هەبوونی سەدان پەناخوازی تری بێدەوڵەت كە پێشتر لە لایەن حكومەتە ستەمەكارەكانیانەوە ماوەی دەیان ساڵە ئاوارەی ووڵاتانی دراوسێیان كراون ئەوانیش كوردە فەیلەیەكانن كەلەلایەن حكومەتی بەعسی عێراقەوە لەساڵانی حەفتاوهەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا ئاوارەی ئێران كران و هەروەها موسوڵمانانی ووڵاتی بۆرماش كە تائێستاش بەدەست ئەو ستەمكارانەوە دەنالێنن.
سەبارەت بە ئاماری مردنی پەناخوازانیش، لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا 964 پەناخواز بەهۆی خراپی بەلەمەكانیانەوە و پێش گەشتنیان بە ئوسترالیا گیانیان لە دەست داوە كە لە ناویاندا دەیان پەنابەری بەڕەگەز عێراقی و كورد هەبوون.
ڕاگواستنی پەناخوازان بۆ ووڵاتی سێیەم و یەكلایكردنەوەی كەیسەكانیان لەو ووڵاتە بە دووبارە ناساندنەوەی ئەو میكانیزمە دادەنرێت كەلەسەردەمی حكومەتەكەی (جۆن هاوەرد)ا لەساڵی 2000 بۆ 2001 دا دانرا بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە شاڵاوی كۆچی نایاسایی و كۆتایهێنان بە مردنی پەناخوازان كە كاریگەریەكی زۆری هەبوو لەسەر كەمگردمەوەی ئەو قەیرانە، بەڵام لەژێر فشاری پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئەو كاتەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە داكۆكیكردن لە مافەكانی مرۆڤ لە ساڵی 2007 دا لە كابینەی حكومەتەمەی كیڤن روودا هەڵوەشێنرایەوە.
سەبارەت بە چۆنێنی جێبەجێكردنی ڕاگواستنەكە، لە قۆناغی یەكەمدا 150 پەناخواز دەگوێزرێنەوە بۆ دوورگەی ناورۆ لەكۆی ئەو 1500 پەناخواز كە بۆ ئەو دوورگەیە قۆناخ بە قۆناخ دەگوێزرێنەوە و 600 پەناخوازیتریش بەهەمان شێوە دەگوێزرنێنەوە بۆ دوورگەی ( پاپا نیوگینیا) كە هەردووكیان دوو ووڵاتی بچوكی دوورگەیی سەربەخۆن و دەكەونە باكوری خۆرهەڵاتی ئوسترالیاوە لەناو زەریای هێمندا.
ڕێكەوتنەكەی ساڵی پاری نێوان حكومەتی ئوسترالیا و مالیزیاش كە بۆ ڕاگواستنی پەناخوازان بوو بۆ مالیزیا هاوشێوەی ڕێكەوتنامەكەی نێوان ئوسترالیا و ووڵاتانی ناورۆ و پاپانیوگینیا دووبارە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لای خۆشیەوە سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا ڕایگەیاند كە حكومەتەكەی بەشێوەیەك دەخوازێت ئەو ڕێكەوتنامانە بەزوویی بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە كە پێدەچێت پەناخوازان لەژێر خێمەدا دابنرێن لە دوورگەی ناورۆ تا ئەوكاتەی كەمپەكانییان بۆ ئامادە دەكرێت.
سەبارەت بە چارەنوسی پەناخوازان لەپاش ڕاگواستنیان بۆ ئەو ووڵاـانە، پێشتر وەزارەتی ناوخۆی ئوسترالیا ڕایگەیاندبوو كەدوای ئەوەی ئەو پەناخوازانەی كە دەیسەلمێنن پەنابەری ڕاستەقینەن هێشتا مەرج نیە ئوسترالیا پێشوازیان لێبكات و ڕەنگە بنێردرێن بۆ ئەوو ووڵاتانەی كە دەیانەوێت داڵدەیان بدەن.
لەیەكەم كاردانەوەی نێودەوڵەتیشدا، ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بەتوندی ئیدانەی ڕاگواستنی پەناخوازانی كرد لەلایەن ئوسترالیاوە و بەپێشێلكردنی مافەكانی پەناخوازانی وەسف كرد.

سەرچاوە : ماڵپەری فەرمی وەزارەتی كۆچی ئوسترالیا و ئاژانسەكانی هەواڵ

رووبەرنێت

سەردانى گروپ و پەیجەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى کۆچ، مینحەى خوێندن، دەرفەتى کار لە وڵاتانى دەرەوە و کۆچى یاسایى:
https://www.facebook.com/kochikurdan
https://www.facebook.com/groups/102175996536494/
http://kochikurdan.wordpress.com/
http://immigration2australia1.blogspot.com/


No comments:

Post a Comment