Thursday, August 30, 2012

حكومەتی هەرێم هیچ پلانێكی بۆ گەنجانی دیپۆرتكراو نییە

لەماوەی 7 ساڵدا نزیكەی 7 هەزار پەنابەری عێراقی دیپۆرتكراونەتەوە

بەپێی ئامارێكی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق تەنیا لەماوەی 7 ساڵدا نزیكەی 7 هەزار پەنابەری عێراقی كە زۆرینەیان كوردن نێردراونەتەوە (یاخود دیپۆرتكراونەتەوە) بۆ عێراق‌و هەرێمی كوردستان، هەرچەندە وڵاتی عێراق هێشتا لە پێشی پێشەوەی ئەو وڵاتانەوەیە كە زۆرترین پەنابەر هەناردەی دەرەوە دەكات، بەڵام ژمارەیەكی زۆریش لە هاوڵاتییانی ئەم وڵاتە رووبەڕووی دیپۆرتكردنەوە دەبنەوەو بەپێی وتەی ئەندامێكی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق-یش بێت؛ هەنووكە نزیكەی 35 هەزار پەنابەری عێراقی كە زۆرینەیان كوردن لەژێر هەڕەشەی دیپۆرتكردنەوەدان، گەنجانی دیپۆرتكراوەش باس لەوە دەكەن كە بەزۆرناردنەوەیان دوای ئەوەی پارەیەكی زۆریان خەرجكردووەو بەبێ‌ هیچ قەرەبووكردنەوەیەكیش ئەوانی رووبەڕووی چەندین كێشە كردووەتەوە.
بەپێی دوایین ئاماری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق لە ساڵی 2005ەوە هەتا رێكەوتی 12-5-2012 ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتانی ئەوروپا بەشێوەیەكی زۆرەملـێ‌ دیپۆرتی وڵاتی عێراق كراونەتەوە ژمارەیان 6250 هاوڵاتییە، لەو ژمارەیەش لە سەدا نەوەتیان كوردن، هەر بەپێی ئەو ئامارە؛ هەنووكە زیاتر لە 35 هەزار پەنابەری دیكەی كورد‌و عێراقی لەژێر هەڕەشەی ناردنەوەدان، ئەو گەنجانەشی كە دیپۆرتدەكرێنەوە رووبەڕووی چەندین كێشە دەبنەوە، كە دیارترینیان سەرلەنوێ‌ گونجانەوەیە لەگەڵ كەشی تازەی كۆمەڵگەو كێشەی ئابووریی‌و چەندین كێشەی دیكە.

رۆژنامەوانی چاوی خەڵك ژمارەیەك گەنجی دیپۆرتكراوی بینیی‌و لەبارەی دیپۆرتكردن‌و كێشەكانیانەوە قسەی لەگەڵ كردن، دەر بازخدر، 25ساڵ، یەكێكە لەوگەنجانە، ئەو پەناهێندە بووە لە وڵاتی بەریتانیا لەشاری بێرمینگام‌و بۆماوەی نزیكەی پێنج ساڵ لەوێ‌ ژیاوە. ئەم گەنجە لەو ژیانەی ئەوێی زۆر بێئومێدبووەو دوای ئەوەی كە بە تەواویش بێئومێدكراوە لەوەی مافی پەنابەری پێبدەن؛ بەناچاری گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان، دەرباز بە ئاخ هەڵكێشانەوە دەیوت: "ئەوێش ئەو فیردەوسە نەبوو كە من چاوەڕێم ئەكرد".

ناوبراو هێمای بەوە دەكرد كە راستە لە ئەوروپا بەهای مرۆڤ بەرزەو زۆر ئاسانكاریی هەیە بۆ ژیان، بەڵام لێرە (وەك ئەو هێمای پێدەكرد) هیچ بەهایەك بۆ مرۆڤ دانانرێت‌و ئەوەتا پاش گەڕانەوەیان مامەڵەیەكی زۆر ناشرینیان لەگەڵدا دەكرێت‌و بەدەست دەیان كێشەوە دەناڵێنن لەوانەش كێشەی نیشتەجێبوون‌و قەرزداریی‌و بێكاریی، كە بەوتەی ئەو هەموو ئەم كێشانە بەهۆی دیپۆرتكردنەوەیانەوە تووشبووە.

سۆران حەسەن، 23ساڵ، یەكێكی ترە لەو گەنجە دیپۆرتكراوانە، ئەو بۆ ماوەی شەش ساڵ لە وڵاتی نەرویج ژیاوە بەتایبەتی لە شاری كریستان سەن، سۆران بە رووخسارێكی زۆر خەمبارەوە باسی تراژیدیای ژیانی خۆی دەكرد‌و هێمای بەوە كرد كە ئەو: "دەیان رێگەی ناخۆشم بڕیوە زۆرجار رووبەروی مەرگی راستەقینە بوومەوە بۆ ئەوەی لەو ناعەدالەتیی‌و نایەكسانییەی بەرۆكی یەكەبەیەكەی كوڕە هەژارەكانی ئەم وڵاتەی گرتبوو رزگارم بێت".

ئەو گەنجە هێما بەوە دەكات كە لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی كوردستان رووبەڕووی دەیان كێشە بوونەتەوە بەتایبەتی كە هەندێك لەو گەنجانە پارەیەكی زۆریان خەرجكردووە هەتا گەیشتوونەتە دەرەوەی هەرێم، هێماشی بەوە كرد كە حكومەتی هەرێم هیچ ئاسانكارییەكی بۆ نەكردوون‌و بگرە گرفتیشیان بۆ زیاتر كردوون.

ئەو گەنجە دیپۆرتكراوە دەیوت: "حكومەتی هەرێم تەنانەت لە نەرویجیش هەمیشە بووبوونە گرفت بۆمان‌و لەژێر فشاری ئەواندا ئێمە نێردراوینەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەو رۆژەی منی تیا دەسگیركرام هەرگیز لە بیرم ناچێتەوە، چونكە لەگەڵ هاوسەرەكەم لەناو بازاڕ بووین كە كەلەپچەیان كردە دەستمان، سەرەڕای ئەوەش حكومەتی عێراق سووكایەتی نەما پێماننەكەن لە فڕۆكەخانەی بەغداد، بەڕاستی ئێستا من لەڕووی كەسێتییەوە زۆر رووخاوم".


بەپێی ئامارێكی فەرمی؛ عێراق بە 23 هەزار پەناهێندە لە ریزبەندی سێیەمی وڵاتانی جیهاندایە بە هەبوونی زۆرترین پەناهێندە كە تەنیا لە ساڵی 2011دا وڵاتیان جێهێشتووە، ئەو ژمارەیەش بەشێكە لە كۆی زیاتر لە نیو ملیۆن پەناهێندە لەسەر ئاستی هەموو جیهان كە زیاتر لە 50%ی ئەو رێژەیە داوای مافی پەنابەرییان لە یەكێتیی ئەوروپا كردووە. هەر بەپێی ئەو ئامارە عێراق لە چوار ساڵی رابردوودا دووجار لە ریزبەندی یەكەمی سەرجەم وڵاتانی جیهاندابووە كە زۆرترین پەنابەری رەوانەی دەرەوە كردووە، كە ئەویش ساڵانی 2007 ‌و 2008 بووە، ساڵی 2009 هاتۆتە ریزبەندی دووەم‌و 2010یش لە ریزبەندی چوارەمدا بووە لە ساڵی 2011ش لە ریزبەندی سێیەمدا بووە.

بەپێی وتەی یەكێك لە ئەندامانی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق، حكومەتی ناوەندو هەرێم نەك هەر هاوكاری پەنابەرانیان نەكردووە بەڵكو یارمەتیدەر بوون بۆ ناردنەوەیان بۆ عێراق. بەپێی وتەی دەشتی جەمال، ئەندامی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق، كۆچی لاوان تاڕادەیەكی بەرچاو كەمیكردووە، ئەمەش بەوتەی ئەو بۆ ژمارەیەك هۆكار دەگەڕێتەوە، دەشتی دەیوت: "لەدوای 17شوبات كۆمەڵگای كوردستان رەوتی رووداوەكانی ناوچەكەو كاریگەرییەكانی لەسەر كوردستان توانی ئیرادەیەك ببەخشێتەوە بە خەڵكی كوردستان، هاوكات كەمبوونەوەی لێشاوی پەنابەری لەئێستادا دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتێك كە دەوڵەتانی ئەوروپا بەرامبەر پەنابەران بەگشتیی‌و پەنابەرانی كوردستان بەتایبەتی گرتویانەتەبەر".

ناوبراو ئاماژە بەوەش دەكات كە پێشتر لە فڕۆكەخانەی سلێمانیی‌و هەولێر پەنابەران وەردەگیرانەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو فشارو كارو چالاكییانەوە كە فیدراسیۆنەكەیان بە پشتیوانی دەیان خەڵكی دیكە ئەنجامیداوە تا حكومەت ناچاربكات پەنابەرانی بەزۆر نێردراوە لە فڕۆكەخانەكانی كوردستان وەرنەگرێتەوە؛ فڕۆكەخانەكانی هەرێمی دیپۆرتكراوەكان وەناگرنەوە.

ئەو ئەندامەی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق، هێماشی بەوە كرد كە حكومەتی عێراق‌و هەرێم هاوكاری پەنابەران ناكەن‌و یارمەتیدەر بوون بۆ ناردنەوەی پەنابەران. سەرەڕای ئەوەش رەخنەی لە حكومەتی عێراق گرت‌و دەیوت: "حكومەتی عێراق پڕۆتۆكۆلێكی ژێربەژێرو ئاشكراشیان لەگەڵ حكومەتەكانی ئەوروپا ئیمزا كردووە بۆ وەرگرتنەوەی پەناهێندەكان".

دەشتی جەمال باسی لەوەش كرد كە لەماوەی چەندمانگی رابردوودا بەهۆی هەوڵی چەندین لایەن‌و فیدراسیۆنەكەیانەوە‌و لەڕێگەی چەند ئەندام پەرلەمانێكی پەرلەمانی عێراقەوە دژ بە بڕیاری بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران‌و وەرگرتنەوەیان لەلایەن فڕۆكەخانەكانی حكومەتی عێراقەوە هەڵمەتێكیان بەگەڕخستووە‌و چاوەڕوانن كە بەكردەیی حكومەتەكەی مالیكی پابەند بێت بە جێبەجێكردنی بڕیاری وەرنەگرتنەوەی پەنابەرانەوە.

بەپێی بەدواداچوونەكانی ئێمە، یەكێك لە گەورەترین ئەو كێشانەی رووبەڕووی پەنابەرە دیپۆرتكراوەكان بەگشتیی‌و خێزانەكان بەتایبەتی دەبێتەوە؛ بریتییە لە نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون لە كوردستان، هەرچەندە بەپێی بڕیاری 262 ساڵی 2008ەوە؛ حكومەتی عێراقی بۆ ئەو كەسانەی دیپۆرتكراونەتەوە بڕیاریدا بڕی 3 ملیۆن دینارو پارچەیەك زەویان بۆ دابینبكات، هەرچەندە ئەمە بەشێك لە كێشەكانی ئەو دیپۆرتكراوانە چارەسەردەكات، بەڵام كێشەی ئەوانە زۆر لەوە زیاترە، سەرەڕای ئەم هەنگاوەی حكومەتی عێراق، تائێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ هەنگاوێكی هاوشێوەی نەناوە.

راپۆرتی زەكەریا حەوێز ــ چاوی خەڵك

سەردانى گروپ و پەیجەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى کۆچ، مینحەى خوێندن، دەرفەتى کار لە وڵاتانى دەرەوە و کۆچى یاسایى:
https://www.facebook.com/kochikurdan
https://www.facebook.com/groups/102175996536494/
http://kochikurdan.wordpress.com/
http://immigration2australia1.blogspot.com/
https://twitter.com/Kurd_Migration

No comments:

Post a Comment