Monday, April 29, 2013

ئەمریكیەكان كار بۆ بێ كاران دەدۆزنەوە


لەنوێترین پرۆژەیاندا كە سەرجەم شارەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە ئاژانسی ئەمریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی(USAID) لەرێگەی پرۆگرامی فرص(FORAS)  كار بۆ گەشەپێدانی هێزی كاری عیراق و دۆزینەوەی دەرفەتی كار بۆ گەنجان دەكات.
ئەمڕۆ 29ی نیسان بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی پێشوازی كرد لە وەفدێكی ئاژانسی ئەمریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی(USAID) .

لەدیداریَكدا پرۆگرامی پەرەپێدانی هێزی كاری عیراق (FORAS) كە ئێستا ئاژانسەكە كاری لەسەر دەكات تاوتوێ‌ كرا.
وەفدی  USAIDی لەبارەی ئەو پرۆگرامەوە رایانگەیاند پرۆگرامەكە ماوەی دوو ساڵ دەخایەنێت و دەیانەوێت هاوكاری ئەو كەس و لایەنانە بكەن كە بەدوای كاردا دەگەرێن یاخود پێویستیان بە دەستی كار هەیە.

هەروەك ئەوەشیان خستەروو كە پرۆگرامەكە بەهاوكاریكردنی سەنتەرەكانی راهێنانی پیشەی كار بۆ ئەوە دەكات پەرە بە هێزی كاری عیراقی بدات و بەشێوەیەكی زانستی دەستی كاری عیراق پێ بگەیەنێت  بۆ ئەوەی بتوانن لە بازاری نوێی كاردا كاری گونجاویان دەست بكەوێت.

وەفدی ئاژانسی ئەمریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەوەشیان خستەروو كە لە شارەكانی هەرێمی كوردستانیدا هەمان پرۆگرام كار پێدەكەن و لەرێگەی تۆری ئینتەرنێت و تۆرە كۆمەڵایەتیەكان و وێب سایتی تایبەت بە پرۆگرامەكە ناو و سیڤی ئەوانە تۆمار دەكەین كە خوازیاری كاركردنن هاوكات  كۆنتاكت لەگەڵ ئەو كۆمپانیاو لایەنانەدا دەبەسترێت كە خوازیاری بەدەست هێنانی كارمەندی كارامەن.

ئەوەش روون كرایەوە كە پرۆگرامەكە بە پلەی یەكەم گرنگی بە كەرتی نەوت و گاز و كشتوكاڵ و بیناسازی دەدات و هەوڵدەدات ئاستی دەستی كار لەو بوارانەدا بەرز بكاتەوە.

ئەو ئاژانسە ئەمریكیە ئەوەشی خستەروو كە لەبواری بەرزكردنەوەی ئاستی هێزی كاردا گرنگی تایبەت بە خەڵكانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بێ وەژن و ئاوارەكان دەدەن و كار دەكەن بۆ ئەوەی سەنتەرەكانی راهێنانی پیشەی ئاستیان بەرز بكرێتەوە بەجۆرێك بتوانن لەبوارە جۆراو جۆرەكاندا بروانامەی باوەڕ پێكراو بدەن بەو كەسانەی بەشداری خولەكانیان دەكەن.

لەبەرامبەردا بەهرۆز محەمەد ساڵح پشتیوانی خۆی بۆ كاری ئەو ئاژانسە دووپاتكردەوە پرۆگرامەكەی بە پرۆگرامێكی گرنگ وەسف كرد و رایگەیاند: لە هەرێمی كوردستاندا ئەو پرۆگرامە دەتوانێت سەركەوتنی باش بەدەست بهێنێت، لەبەر ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیای بیانی بەشوێن دەستی كاری خۆماڵیدا دەگەڕێن و رەنگە نەتوانن بە ئاسانی پەیوەندیان پێوە بكەن، هاوكات ژمارەیەكی زۆر خاوەن بروانامە هەیە كە حكومەتی هەرێم ناتوانێت بۆ هەموویان كار لە كەرتی گشتیدا پەیدا بكات و رەنگە پێویستیان بەوە هەبێت كە ئاسیان بەرز بكرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن لە كەرتی تایبەتدا كاریان دەست بكەوێت

خه‌ندان-

سەردانى گروپ و پەیجەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى کۆچ، مینحەى خوێندن، دەرفەتى کار لە وڵاتانى دەرەوە و کۆچى یاسایى:
https://www.facebook.com/kochikurdan
https://www.facebook.com/groups/102175996536494/
http://kochikurdan.wordpress.com/
http://immigration2australia1.blogspot.com/
https://twitter.com/Kurd_Migration

No comments:

Post a Comment