Thursday, April 4, 2013

نزیكەی لەسەدا چواری هەموو پەناخوازانی جیهان بەڕەگەز عێراقین


بەپێی دواهەمین ڕاپۆرتی ساڵانەی كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ساڵی 2012 دا  نزیكەی 19600 هاوڵاتی بەڕەگەز عێراقی داوای مافی پەنابەرێتیان لە ووڵاتە پیشەسازیەكانی جیهان كردووە، بەمەش ڕێژەی ژمارەی پەناخوازانی عێراق بە بەراود بە ساڵی 2011 ، كە 23700 پەناخواز بوون كەمیكردووە.
بەهۆی ئەو دابەزینەوەشە، عێراق لە ڕیزبەندی پێشەوەی ئەو پێنج ووڵاتەدا نەماوە كە هاوڵاتیەكانیان زۆرترین داوای مافی پەنابەرێتیان پێشكەش كردووە ودابەزیووە بۆ پلەی حەوتەم لە كاتێكدا لەساڵی 2011 دا لە پلەی سێیەمدا بووە. 

لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا نزیكەی لەسەدا چواری هەموو پەناخوازانی جیهان بەڕەگەز عێراقی بوون لە ساڵی 2012 دا.

 بەپێی زانیاریەكانی ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتیش، لەساڵی 2012 دا، ئەو ڕێكخراوە ئاسانكاری كردووە بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشی 2226 پەناخوازی عێراقی بۆ عێراق و بەوەش ژمارەی ئەو پەناخوازانەی كەلە ساڵی 2003 ەوە خۆبەخشانە گەڕاونەتەوە بۆ عێراق و ئاسانكاریان بۆكراوە و هاوكارییان پێشكەش كراوە لە لایەن ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی گەشتۆتە 23793 كەس.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكەی كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، بەهۆی بەردەوامی توندوتیژیەكانی سوریاوە، ژمارەی ئەو هاوڵاتیە سوریانەی كە داوای مافی پەنابەرێتیان لە ووڵاتانی پێشكەوتوو كردووە بۆ ساڵی 2012 نزیكەی سێ‌ ئەوەندە زیادیكردووە، كە 24800 كەسن، بەبەراود بە ساڵی 2011 كە تەنها 8500 پەناخواز بوون. 

بەوەش سوریا لە ڕیزبەندی دووەمی ئەو ووڵاتانەیە كە هاوڵاتیانی زۆرترین داواكاریان بۆ مافی پەنابەرێتی پێشكەش كردووە بۆ ساڵی 2012.

ریزبەندی ئەو پێج ووڵاتەش كە زۆرترین داواكاریان پێشكەشكردووە بە ووڵاتانی پێشكەتوو بۆ ساڵی 2012، ئەفغانستان، سوریا، سربیا(وكۆسۆڤۆ)، چین، پاكستانن. 

بەگشتی 479300 كەس لە سەرتاسەری جیهان داوای مافی پەنابەرێتیان لەووڵاتانی پیشەسازی كردووە و بەوەش ڕێژەی داواكاری مافی پەنابەرێتی لەسەرتاسەری جیهاندا بە لەسەدا هەشت زیادیكردووە بەبەراود بەساڵی 2011.

سەرچاوە: ماڵپەری فەرمی كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان 

  نامیلكەی چالاكیەكانی ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی لە عێراق بۆ ساڵی 2012

هەژار تەها
هاوڵاتى


سەردانى گروپ و پەیجەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى کۆچ، مینحەى خوێندن، دەرفەتى کار لە وڵاتانى دەرەوە و کۆچى یاسایى:
https://www.facebook.com/kochikurdan
https://www.facebook.com/groups/102175996536494/
http://kochikurdan.wordpress.com/
http://immigration2australia1.blogspot.com/
https://twitter.com/Kurd_Migration

No comments:

Post a Comment