Wednesday, September 18, 2013

بەریتانیا و ئیتاڵیا ئاسانکاری وەرگرتنی ڤیزە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دەکەن


لەمیانەی کوبوونەوەیەک لەنێوان کۆنسوڵی گشتی بەریتانا و بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم کە لە هەولێر
بەڕێوەچوو، تێیدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستان کرا بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی گشتی کۆنسوڵی بەریتانیاش جەختی لە کردنەوەی بنکەیەکی تایبەت بە وەرگرتنی ڤیزەی بەریتانیا کردەوە لە شاری هەولێر.

پێگە الوكاله‌ الاخباریه‌ بڵاویکردەوە: لەمیانەی سەردانێکی هیو ئیڤانس بەرپرسی گشتی کۆنسوڵی بەریتانیا لەهەرێم و کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم، ئیڤانس جەختی لە هەبوونی متمانەی تەواوکرد سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بەشێوازێکی سەرکەوتوو و جەختیشی لەوە کردەوە، سەرکەوتنی ئەم هەڵبژاردنانە سەرکەوتنە بۆ هەموو میللەتی کورد و بەرزراگرتنی ئەزموونی دیموکراتییە لە ناوچەکە.

لە درێژەی کۆبونەوەکەدا باس لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و گرنگی ئاڵوگۆڕی ئەم سەردانە فەرمییانە کرا، هەروەها ئەوەش خرایە ڕوو کە بوونی پەیوەندی بازرگانی و ڕۆشنبیری سوودێکی زۆری بۆهەردوولا هەیە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، هیو ئیڤانس باسی لە کردنەوەی بنکەیەکی تایبەت کرد لە هەولێر بەمەبەستی ئاسانکردنی کاروباری وەرگرتنی ڤیزەی بەریتانیا لەلایەن هاوڵاتیانی هەرێم و چیتر ڕوبەرووی کێشە نەبنەوە بەهۆی چونیان بۆ بەغداد بەمەستی وەرگرتنی ڤیزەی بەریتانیا.

لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ فەلاح موستەفا لەگەڵ کۆنسوڵی گشتی ئیتالیا لە هەرێم کۆبۆوە و وێڕای تاوتوێکردنی چەندین بابەتی گرنگ لە هەریەک لە بوارەکانی ئابوری و بازرگانی و بەشداریکردنێکی گەورەی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان لەبواری بوژاندنەوەی هەرێم، کارمیلیۆ فیکارا بەرپرسی کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا جەختی لە هەوڵەکانی کۆنسوڵخانەکەیان کردەوە بەمەستی ئاسانکار وەرگرتنی ڤیزەی ئیتاڵیا لەلایەن هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان. 
لە عەرەبییەوە هاوڕێ فەریق 

خەندان-

No comments:

Post a Comment