Tuesday, July 24, 2012

سودید: چەندین پەنابەری عێراقی‌ لەبەردەم هەڕەشەی بەزۆر ناردنەوەدان

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ چەندین پەنابەری عێراقی‌ له‌سوید لەبەردەم هەڕەشەی بەزۆر ناردنەوەدان، هاوكات داوای‌ پشتیوانیكردن‌ له‌كه‌مپه‌ینی‌ گروپی دژ بەناردنەوەی پەنابەران ده‌كات.


بەپی ئەو زانیاریانەی لەگروپی دژ بەناردنەوەی پەنابەرانەوە (Aktion mot deportation ) بەفیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی گەیشتووە، چەندین پەنابەری عیراقی لەپێنج گرتوخانەی سوید ڕاگیراون‌و لەبەردەم هەڕەشەی بەزۆر ناردنەوەدان.

ڕاگرتنی پەنابەرانی عێراقی لەگرتوخانە دەستبەسەرییەکانی سویدو فشار خستنه‌ریان لەکاتێکدایە کە پەرلەمانی عێراق لەکۆبوونەوەی ڕۆژی شەممه‌ی‌ رێكه‌وتی‌ ٢٣-٦، بەزۆرینەی دەنگ سەبارەت بەدۆسیەی کێشەکانی پەنابەران لەهەندەران ‌بەزۆرناردنەوەی پەنابەرانی‌ ڕەتکرده‌‌وه‌و داوای لەحکومەتی عێراق کرد‌ که‌ پەلە بکات لەدەسکاریکردنی یاداشتی لێکتیگەیشتنی نێوان حکومەتی عێراق‌و حکومەتی سوید كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ناردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌ران.

لای‌ خۆیه‌وه‌ حکومەتی سوید ڕایگەیاندوە تا ئێستا هیچ ئاڵۆگۆرێک بەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان حكومەتەکەی‌‌و حکومەتی عێراقدا نەهاتووە، بەو هۆیەوە ده‌ستگیركردن‌و ڕاونانی پەنابەران لەسوید بەردەوامە.  

بەپێ ئەوزانیاریانەی بەفیدراسیۆن گەیشتووە لەساڵی ٢٠٠٩وە، ١٦٩٠ پەنابەر دیپۆرتی عێراق کراونەتەوە، بۆیە پێویستە پەرلەمانی عێراق فشارەکانیان بۆ سەر حکومەتی عێراقی توندبکەنەوەو تا حکومەتی عێراقی پەلە بکات لەپیاچوونەوە بەو رێکەوتننامەیەو بەڕەسـمی بۆ دەرەوە ڕایگەیەنێت کە ئامادەنیە پەنابەری بەزۆر نێراوە وەربگرێتەوەو بەكرده‌یش نیشانیبدات. 

فیدراسیۆنیسەراسەری پەنابەرانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت که‌ بەتەواوی تواناوە پشتیوانی لەکەمپینی گروپی دژ بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران (Aktion mot deportation) بۆ خواستی ئازادکردنی سەرجەم پەنابەرانی عێراقی لەگرتووخانە دەستبەسەرییەکانی سوید ده‌کات‌و داوای دادگاییەکی نۆیی ئەو پەنابەرانە ده‌كات تا بتوانن بەڵگەنامەی مانەوەیان بەدەست بێنن. 

هاوكات داوا لەرێکخراوە مرۆییه‌كان، په‌نابه‌ران، لایەنەسیاسیه‌كان، پەرلەمانتاران، ئازادیخوازان‌و تەواوی پەنابەران دەکات واژوی خۆیان بدەن لەکەمپەینی دژ بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران (Aktion mot deportation) لەم لینکەی خوارەوە واژوی خۆتان ئاڕاستەبکەن.

http://www.avaaz.org/en/petition/Release_all_Iraqi_refugees_from_detention_centers_in_Sweden_1/?tta

زریان محه‌مه‌د، ئاوێنه‌نیوز


No comments:

Post a Comment