Tuesday, July 10, 2012

ئیجە هاوڕێكانمی خنكاند



ئێستاش لەوە تێناگەم بۆچی دەریای ئیجە منیشی نەخنكاند
پانزە ساڵ لەمەوبەر لە شەوێكی وەك ئەمشەودا واتا لە شەوی 9-10/7/1997 خۆم و 35 هاوڕێی ترم كە لە توركیاوە بەڕێ كەوتین بۆ وڵاتی یۆنان بە مەبەستی سەفەر بۆ ئەوڕوپا و داواكردنی مافی پەنابەری، بەڵام بەداخەوە هەر ئەوشەوە توشی كارەساتێك بووین كە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت و دڵنیاشم تا لە ژیاندابم ئەو كارەساتەم بیر ناچێتەوە.
ئەو شەوە كە خۆم و هەموو هاوڕێكانم ماوەی دوو رۆژ بوو لە چاوەڕوانی ئەو بەلەمە بووین كە بێتە كەناری دەریای (ئیجە) لە سنوری ناحیەی (قەرەبرون سەر بە قەزای چشمەی پارێزگای ئەزمیر) لە توركیا، سەرەنجام بەلەمەكە دەمە و ئێوارە گەیشت و قاچاخچیە توركەكان پێیان راگەیاندین كە دووای تاریك بوون ئەكەوینە رێ‌ و ماوەی چوار كاتژمێرێك لە دەریادا دەرۆین و دەگەینە یۆنان و خۆمان تەسلیم دەكەین، كات تێپەڕی و بوو بە سعات 10:30شەو، هەموومان سەركەوتین لە بەلەمەكە و ژمارەی ئەو نەفەرانەی سەفەرەكەیان دەكرد 36 نەفەر بوون دووای 15 خولەك بەلەمەكەمان كەوتە رێ.
ئەو شەوە ئەتوت هەموومان بەرەو ئاهەنگێكی خۆش ئەڕۆین، دووای رووداوەكە كە ئەو دڵخۆشیەی هەموو لایەكم بیر دەكەوێتەوە بەلامەوە سەیرە و هەمیشە بیری لێدەكەمەوە، كەس ترسی نەبوو هەمووی دەرباز بوون لەو رێگە قاچاخەی گرتبومانە بەر بە كۆتایی دەزانی و چاوەڕوانی ئەو چەند كاتژمێرەمان دەكرد تا دەكەوینە دەست پۆلیسی یۆنان، هەموومان لە نێو بەلەمەكە باسمان لە قۆناغی دووایی ئەو سەفەرە دەكرد و هەریەكە و لەبەر هۆكارێك وڵاتێكی ئیختیار كردبوو كە ژیانی ئایندەی تێدا بگوزەرێنێ‌، هەبوو دەیوت لەوبەر ئاوەكە فلان كەسە چاوەڕوانمە، هەبوو دەیوت رێگەی یۆنان و ئیتاڵیام مسۆگەر كردووە، هەبوو قاقای دەكێشا و دەیوت با یۆنانیش ببینین خۆ ئێمە تا ئێستاش مرۆڤی بێ‌ پاسپۆرت و بێ‌ پەڕ و باڵین با بفڕین و بگەڕێین لەو جیهانە و بزانین چ خەبەرە. ئەم گفت و گۆ و هیواو ئاوات و نیاز خواستنە بەوە كۆتایی هات كاتێك مناڵێك لە قاتی خوارەوەی بەلەمەكە سەری هێنایە دەرەوە و وتی ئاوی تیا كۆبۆتەوە، ئەم هەواڵە هەموومانی شڵەژاند یەكێك ئەیوت ماتۆری ئاوەكە داگیرسێنە و یەكێك ئەیوت ئەم سەتڵە بێنن با ئاوەكەی لێ‌ فرێ‌ بدەین، هەندێك پێیان وابوو بگەڕێینەوە، سەرنجام دەركەوت نە ماتۆڕی ئاوی تیایە و نەكەڵكی ئیدامەدانی رێگەكەشی هەیە بۆیە بە نۆبەت و یەكە یەكە بە سەتڵ ئاومان لە بەشی خوارەوەی بەلەمەكە فڕێدا، بەڵام دەركەوت كە سودی نیە و تا دەهات ئاوەكە زیاتر دەبوو، ناچار بەلەمەوان بڕیاری گەڕانەوەیدا، بۆیە پێچی كردەوە، لەگەڵ ئەوەی پێچی كردەوە بەتەواوەتی شڵەژانێك لەنێو سەرنشینان دروست بوو و توشی دڵە راوكێ‌ و ترسێكی زۆرتر هاتین. دووای گەڕانەوەی بەلەمەكە دروست 15 خولەك بە هۆی قورسبوونی باری بەلەمەكە و زۆربوونی ئاو تێیدا بەتەواوی پارسەنگەكە تێك چوو و بوو بە هاوار هاوار بەڵام هاوار هاوار دادی كەسی نەدا لەم دەریایە بێ‌ سەر و بنە، بەڵكو بەلای راستدا بەلەمەكە وەرگەڕاو سەرجەممان ڕژاینە نێو دەریا.
ئەو كاتە لەبیر نەكراوە تا ئێستاش هەموو ساتێك لە زیهنمدایە و لەیادی ناكەم، ئای چەندە سەخت بوو كە شاهێدی خنكانی 28 هاوڕێم بووم و هیچ دەسەڵاتێكیشم نەبوو و هیچم لەدەست نەدەهات، زۆر دیمەنێكی تراژیدی بوو كە گوێبیستی دەنگی بڕ سۆزی نیاز هەولێری بووم و بە قوڕگی پڕ لە گریانیەوە بە دەوری خۆیدا دەگەڕا و هاواری كچە تاقانەكەی ساڤۆ و بێخاڵی هاوسەری دەكرد، ئەو دەنگە چەندە پڕ لە سۆزی باوكایەتی بوو كە عەقید فارس دزەیی و ئەبووعەلی بەصرایی یەكە یەكە ناوی جگەر گۆشەكانیان بانگ دەكرد و نەیان ئەدۆزینەوە، دیمەنێكی زۆر پڕ لە ناسۆر بوو كە بینیم تەرمی بێ‌ گیانی چەند هاوڕێیەكم كەوتنەوە سەر ئاو، ئای لەو شەوە سەخت و پڕ لە كەسەرە نەكەس فریامان كەوت و نە كەس توانی هاوكاری كەس بكات، ئێمە چەند كەسێك كە پەڕاگەندە بووین و هەریەكەمان هەوڵمان ئەدا چەند ساتێك زیاتر بژین وردە وردە بەرە و كەنار تێدەكۆشاین، كەسمان بڕوامان بەوە نەبوو جارێكی تر ژیان ببینینەوە بەڵكو هەموومان هەوڵی ئەوەمان ئەدا چەند ساتێكی تر هەناسە بدەین و زیاتر و زیاتر بژین، بێگومان ئەوە قودرەتێكی ئیلاهی بوو كە من و حەوت هاوڕێی ترم دووای زیاتر لە 7 سعات مانەوە لە نێو دەریا رزگارمان بوو، من و سێ‌ هاوڕێی ترم گەیشتینەوە كەنار بەڵام چوار هاورێیەكەی ترمان رۆژی دووایی، دووا نیوەرۆ بەلەمی پۆلیس فریایان كەوت و هەر لە شوێنی رووداوەكەدا مابوونەوە و بە زیندوویی رزگار كران، سەرجەم هاوڕێكانی ترمان كە 28 كەس بوو گیانیان لەدەست دا و تەرمی 21 كەسیان دەرهێنرایەوە لە یەكێك لە گۆڕستانەكانی قەزای چشمە بە خاك سپێردران و 7 تەرمیش بێ‌ سەروشوێن بوون.
ئەوەی لە سەرەوەدا نووسیومە كورتە چیرۆك نیە و بەسەرهاتێكی خەیاڵی نیە بەڵكو ئەوە رووداوێك بوو بەسەر خۆم هات و ئێستاش لەوە تێناگەم بۆچی دەریای ئیجە منیشی نەخنكاند، بۆیە بڕوای تەواوم بەوە هەیە كە رۆژگارم تەواو نەبوو و پەروەردگار جارێكی تر ژیانی پێبەخشیم و هەمیشە سوپاسگوزاری پەروەردگار دەكەم، ئەسەف و مەخابن بۆ ئەو 28 هاوڕێیەم كە بەبەر چاوی منەوە گیانیان سپارد لێرەوە دروود بۆ گیانیان دەنێرم و هەمیشە لە یادمن و هەرگیز بۆ تەنها ساتێكیش لە بیریان ناكەم.

چیا هاوار


No comments:

Post a Comment