Monday, July 30, 2012

قاچاخچییەكی كورد سەری لە حكومەتی بەریتانیا تێكداوە


فەرەیدون تەنیا لە دوو كاری قاچاخچێتیدا 50 هەزار پاوەندی دەستكەوتووە

لە دەشتاییەكی نزیك شاری دۆڤەری سەر سنووری بەریتانیا-فەڕەنسا وەستاوە، پیاوێك كە جینزێك و تیشێرتێكی لەبەردایە و لە پێشەوەی تیشێرتەكەی نووسراوە "ناترسم"، گاڵتەی بە هەڵمەتی حكومەتی بەریتانیا دێت بۆ راگرتنی هاتنی پەنابەران لە رێگەی قاچاخەوە بۆ بەریتانیا.
ئەو خۆی بە فەرەیدوون دەناسێنێ و كەسی یەكەمە لە باندێكی قاچاخچێتیدا كە ساڵانە نزیكەی 5 هەزار پەناخواز لەسەرانسەری جیهانەوە دێننە بەریتانیاوە.
تەنیا 10 رۆژ لەمەوپێش سێ گەنجی تورك 9،500 پاوەندیان دایە فەرەیدوون تاوەكو لەپشت لۆرییەكەوە بیانگەیێنێتە بەریتانیا. دوای دوو شەوی دیكەش 21 پەناخوازی دیكە لە ئەفغانستان و ئێرانەوە بەهەمان شێوە گەیێندرانە بەریتانیا و تەنیا لەو دوو كارەدا، فەرەیدوون 50 هەزار پاوەندی دەستكەوتووە.
پاشان لە رۆژی سێشەممەی رابردوو، فەرەیدوون بەڵێن بە كچێكی تەمەن 29ساڵی تورك و ژن و مێردێكی چینی دەدات كە بە گرەنتی دەیانگەیێنێتە بەریتانیا، ئەگەر خزمەكانیان لە شاری لەندەن، بڕێك پارە وەك دڵنیایی بدەنە هاوڕێیەكی، تاوەكو دەگەنە بەریتانیا. 
فەرەیدوون بە كچە توركەكەی گوت "مەترسە، ئەگەر پارەت هەیە، دەتگەیێنمە بەریتانیا، ئینشاڵڵا بەئاسانی رێكیدەخەم. هەموو شەوێك خەڵك رەوانە دەكەم، ئەوانەی پێشەكی پارە دەدەن، دەچنە پێشەوەی ریزی چاوەڕوانەكانەوە".
كارەكانی فەرەیدوون، هەڵمەت و سیاسەتەكانی دەیڤد كامیرۆنی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیای بۆ كۆنتڕۆڵكردنی لێشاوی پەناخوازان بۆ بەریتانیا خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
فەرەیدوون كە خەڵكی كوردستانی عێراقە و لەساڵی 2007وە مافی پەنابەریی لە بەریتانیا وەرگرتووە. تەمەنی لەسەرەتای بیستەكاندایە و وەك قاچاخچییەكی سەركەوتوو پارەیەكی یەكجار زۆری دەستدەكەوێت و كەمپێكی نهێنی پەناخوازانی لە شارۆچكەی دانكۆرك لەسەر سنووری فەرەنسا و بەریتانیا دروستكردووە بۆ حەشاردانی پەناخوازەكان.
ئەو كامپە لەنێو دارستانێكی چڕدایە و هەتا لێی نزیك نەبیەوە كەس ناتوانێ بیبینێ و نزیكیشە لە رێگەی سەرەكی نێوان شارۆچكەی دانكۆرك و كالایاس.
كامپەكە لە دوورە، هەر لە كامپێكی ئاسایی دەچێت، بەڵام نزیكەی دەیان پەناخواز خۆیان تێدا حەشارداوە و كامپەكە پڕە لە شەحنی مۆبایل و لەگەڵ چەند پێداویستییەكی تەندروستی كە لەلایەن رێكخراوە خێرخوازییەكانەوە بۆیان دابینكراون و هەفتەی جارێكیش ئەو رێكخراوە خێرخوازییە فەرەنسیانە دێن خواردن و جلوبەرگیان دەدەنێ.
ئەوكاتەی ئێمە لەوێ بووین، پۆلیسێكی فەرەنسی بە ئۆتۆمبێل بەسەر شەقامە سەرەكییەكەدا تێدەپەڕی، كاتێك چووینە لای، ئەو پۆلیسە گوتی "كامپی دیكەش لەم ناوچەیە هەن، بەڵام ئەوەیان لە هەمووان قەرەباڵخترە و هەموو شەوێك نزیكەی 20 كەس دەچنە نێو بەریتانیاوە. ئەوانەی سەرپەرشتی كەمپەكە دەكەن كوردی عێراقین و رەگەزنامەی بەریتانیایان هەیە و زۆربەشیان دەمانچەیان هەڵگرتووە و بەكاریشیدێنن و هەتا پۆلیسیش ناتوانێ بەشەوان بچێتە نزیك ئەو كەمپانە.
لەكاتی بەدواداچوونەكەماندا، ئێمە لەلایەن پەنابەرێكی خەڵكی توركیاوە ئاگادار دەكرێینەوە كە كامپێكی نهێنی پەناخوازان لە نزیك سنووری فەرەنسا -بەریتانیا هەیە رۆژانە دەیان كەس دێنێتە نێو خاكی بەریتانیاوە. 
ئەو پەنابەرە توركە كە ماوەی بیست ساڵە لە بەریتانیا دەژی، رایگەیاند دەیەوێ ئەوە ئاشكرا بكات كە چۆن بە ملیۆنان دۆلار دەبێتە داهاتی ئەو پیشەیە و چۆن خەڵكی وەك فەرەیدوون ئەو پارەیە بەدەست دێنن و ئەوەش ئاشكرا دەكات كە رەوشی ژیان لەو كامپانەدا چەند خراپە. 
ئەو پەنابەرە توركە ئاشكرای دەكات كە 25 كەس لە خزم و كەسوكاری لە پشتی لۆرییەوە هاتوونەتە بەریتانیا، دوای ئەوەی بە هەزاران پاوەندیان داوەتە ئەو قاچاخچیانە و ئەو پەنابەرەش ئامادەیی خۆی نیشاندەدات كە لەگەڵ ئێمە بێت بۆ دۆزینەوەی كامپەكە لەسەر سنوور.
ئەو پەنابەرە توركە ریكۆردەرێك و ڤیدیۆیەكی نهێنی لەگەڵ خۆی دەبات و خۆی دەكاتە مامی كچە توركەكە و دەچێتە نێو كامپەكە لەوێ ئاشكرای دەكات كە دەیەوێ برازاكەی بنێرێتە بەریتانیا بۆ لای كەسوكار و خزمەكانی، پاشان ئەو پەناخوازانەی لەو كامپەن، فەرەیدوونی پێ دەناسێنن، كە هەر بەخێرایی بە پەنابەرە توركەكە دەڵێ دەتوانێ لە چەند رۆژێكی داهاتوودا، گەشتەكەیان بۆ ئەنجامبدات، بەڵام بەمەرجێك پارەی باش بدەن.
پەنابەرە توركەكەش دەڵێ، باوكی ئەو كچە لە توركیایە و ئامادەیە پارەیەكی باش بدات.
پەنابەرە توركەكە ئەو گفتوگۆیە تۆمار دەكات كە لەگەڵ فەرەیدوون ئەنجامیداوە، فەرەیدوون لە قسەكانیدا باس لە دەستكەوتەكانی دەكات وەك قاچاخچی و ئاشكرای دەكات كە تەنیا شەوی رابردوو 45 پەناخوازی لە پشتی لۆریدا رەوانەی بەریتانیا كردووە 21 لەوانە بەسەركەوتوویی گەیشتوونەتە نێو بەریتانیا و ئەوانیدیكەش فریای لۆرییەكان نەكەوتوون، بەڵام بەڵێنیداوە كە ئەوانیش بگەیێنێ و دەڵێ" ئێمە هەرگیز كۆڵ نادەین".
چۆنیەتی كاركردنی ئەم قاچاخچیانە بریتییە لە چەند تۆڕێكی فراوانی پەیوەندی كە زۆربەیان لە بەریتانیا دەژین.
دواتر فەرەیدوون بە پەنابەرە توركەكە دەڵێ برازاكەی دوو رێگەی لەبەردەمە بۆ چوونە نێو بەریتانیاوە. یەكەمیان بریتییە لەوەی كە باوكی كچەكە بڕی 2 هەزار پاوەند رەوانەی هاوڕێیەكیان بكات لە لەندەن، هەركاتێكیش ئەو پارەیە درا، ئەویش كچەكە دەخاتە لۆرییەكەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی شۆفێری لۆرییەكە بزانێت.
رێگەی دووەم، رێگەیەكی گرانترە، بەڵام گرەنتی سەركەوتنیشی زیاترە ، ئەم رێگایە بریتییە لەوەی كە خانەوادەی كچەكە بڕی 6 هەزار پاوەند بدەنە هاوڕێیەكەیان لە لەندەن و ئەویش كچەكەیان بۆ دەخاتە لۆرییەكەوە، بەڵام لەوەیاندا شۆفێری لۆرییەكە ئاگادارەو بەشێك لە پارەكەش بۆ شۆفێرەكەیە.
بە هەردوو رێگە بێت، گەشتی كچەكە بەم شێوەیە دەستپێدەكات و لە نیوە شەودا بە ئۆتۆمبێلێك لەلایەن یاریدەدەرێكی فەرەیدوونەوە دەبرێت بۆ لای لۆرییەكان و لەوێ ئەگەر بە رێگای یەكەم بێت، یەكێك لە قاچاخچییەكان لۆرییەك دەدۆزێتەوە كە شۆفێری تێدا نییە یانیش خەوتووە و راستەوخۆ كچەكە دەخاتە پشتی لۆرییەكانەوە.
دواتر فەرەیدوون كچەكە دڵنیا دەكاتەوە لەوەی دووچاری هیچ كێشەیەك نایێت لەرێگەدا، لەبەرئەوەی جلوبەرگ و بەتانی تەڕیان دەدەنێ بۆ ئەوەی لەنێو لۆرییەكە بە فێنكی بمێننەوەو هەروەها لە خاڵەكانی پشكنینیش سكانەرەكان گەرمی جەستەی مرۆڤ نەدۆزنەوە لەنێو لۆرییەكاندا. 
دوای ئەوەی دەگەنە نێو بەریتانیا، ئەندامەكانی دیكەی ئەو باندە دوای ئەو لۆرییە دەكەون هەتا لە شوێنێك دەوەستێ و شۆفێرەكە دەچێتە دەرەوە و دواتر كچەكە دێننە دەرەوە و بە ئۆتۆمبێل دەیگەیێننە دەستی خێزانەكەی. 
بەرێگەی دووەم، شۆفێری لۆرییەكە لەشوێنێكی دیاریكراو دەوەستێ هەتا كچەكەی دەدەنێ و دواتر كە دەگاتە بەریتانیاش ئەندامانی باندەكە چاوەڕێی دەكەن تاوەكو كچەكەیان بداتەوە.
لەگەڵ ئەوەی پەنابەرە توركەكە چیدیكە قسە لەگەڵ فەرەیدوون ناكاتەوەو كچەكەش ناچێتەوە لای فەرەیدوون، بەڵام ئەوە ئاشكرابووە كە هێشتا چەند ئاسان خەڵك بە قاچاخ دەچێتە بەریتانیا سەرەڕای قسە گەورەكانی بەرپرسانی بەریتانیا بەوەی ئاسایشی سەر سنوورەكان زۆر تووندە و خەڵك بە دەگمەن دەتوانێ لە رێگەی قاچاخەوە بێتە نێو خاكی بەریتانیاوە.

رووداو - بەریتانیا

لە رۆژنامەی (Daily Mail)ی بەریتانی وەرگیراوە

No comments:

Post a Comment