Tuesday, July 3, 2012

1600 خوێندکارى کورد لەخوێندنى باڵاى بەریتانیان


زۆربەى ئەو خوێندکارانەش سەر بەبەرنامەى تواناسازین

نوێنەرى خوێندکارانى عێراق‌و کوردستان لەزانکۆى شەفیڵدى بەریتانى رایدەگەیەنێت جگە لەکێشەى زمان، بەشێک لەو خوێندکارانەى کورد کە لەبەریتانیا دەخوێنن، بەهۆى سپۆنسەرەوە کێشەى دەرونییان بۆ دروست دەبێت‌و داوا دەکات خوێندکاران بەر لەڕووکردنە زانکۆکەیان، زانیاریى لەسەر کۆ بکەنەوە.

خوێندکارى دکتۆراو نوێنەرى خوێندکارانى عێراق‌و کوردستان لەزانکۆى شەفیڵدى بەریتانى، شوان کاکەیى بۆ ئاوێنەى رونکردەوە کاروبارى ئەوان بریتییە لەئاسانکاریکردن‌و هاوکاریکردنى ئەو خوێندکارانەى روو لەزانکۆکە دەکەن‌و دەڵێت "جگە لەپڕکردنەوەى فۆرم‌و رێنمایى، دەتوانن تەنانەت کێشەى نیشتەجێبوونیشیان بۆ چارەسەر بکەین". ناوبراو کە لەهەمان کاتدا سکرتێرى کۆمەڵەى قوتابیان و خوێندکارانى زانکۆکەیە ئەوەشى خستەڕوو بەپێى ئامارى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لەبەریتانیا، ژمارەى ئەو خوێندکارە کوردانەى لەماستەرو دکتۆرا دەخوێنن 1600 خوێندکارەو وتى "زۆربەى ئەم خوێندکارانەش سەر بەبەرنامەى تواناسازین، بەڵام چەند خوێندکارێکیشیان لەسەر ئەرکى خۆیان دەخوێنن و هیچیان خوێندکارى بەکالۆریۆس نین". هەروەها جەغتى لەوەشکردەوە کێشەى گەورەى خوێندکارى کورد لەبەریتانیا جگە لەکلتور، زمانەکەیە، بەڵام بەبەراورد بەخوێندکارى وڵاتانیتر، بەقسەى بەڕێوەبەرى سەنتەرى زمان، کوردەکان باش فێرى زمان دەبن. هەروەها وتیشى "هەندێ خوێندکار روبەڕوى گرفتى ماددى دەبنەوە بەهۆى سپۆنسەرەکانیانەوە، ئەمەش گرفتێکى گەورەى دەروونى دروست دەکات بۆ خوێندکاران". شوان کاکەیى وتیشى "پێویستە خوێندکاران لەڕوى زمانەوە خۆیان بەهێز بکەن و هەوڵ بدەن زانیارى دەربارەى ئەو زانکۆیە پەیدا بکەن کە تێیدا ئەخوێنن"و ئامادەیى خۆى و تیمەکەشیانى پیشاندا بۆ رونکردنەوەى پرسیارى خوێندکاران لەڕێگاى ئیمەیڵى (iraq@sheffield.ac.uk)و ئاماژەی بەوەشکرد خوێندکاران ئەتوانن ژمارە تەلەفۆنەکانیان بنێرن بۆ ئەم ئیمەیلەو ئەوان خۆیان پەیوەندییان پێوە دەکەن بەمەبەستى بەجێهێنانى داواکارییەکانیان. ئەم نوێنەرەى خوێندکاران، ئاماژەى بەوەشکرد رەزامەندیى زانکۆکەیان وەرگرتووە بۆ کردنەوەى خولى زمانى ئینگلیزى بۆ 20 مامۆستاى ئینگلیزى کورد لەسەنتەرى زمانى زانکۆکەو داوایکرد وەزارەتى خوێندنى باڵا هاوکاریى ئەو خوێندکارانە بکات کە لەسەر ئەرکى خۆیان دەخوێنن.

ئا: خالید عومەر


بڵاوکراوەتەوە لە رۆژنامەى ئاوێنە، ژمارە 330 بەروارى 12/6/2012
13

No comments:

Post a Comment