Wednesday, November 5, 2014

داوای دامەزراندنی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی كوردستان دەكرێت

Kurdish-immigrants2داوای دامەزراندنی وەزارەتێكی دیكە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت بۆ رەوەندی كوردی لە دەرەوەی ئاوارەكانی نێوخۆی هەرێمی كوردستان. 
سوهام عومەر، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و رەوەندی كوردیی لە پەرلەمانی كوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" رۆژی سێشەممە 28ی تشرینی یەكەمی 2014، كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانمان لەگەڵ چەندین كەساییەتی كورد لە دەرەوەی وڵات ئەنجامدا كە نوێنەرایەتی چین و توێژەكانی رەوندی كوردستانییان دەكرد، بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی پەیوەندی دروستكردن و چارەسەكردنی كێشەكانیان و سوودوەرگرتن لەو توانا مرۆییانە، بۆیە هەموو لایەك ئەو بۆچوونەیان لا گەلاڵەبوو كە پێویستە لیژنەیەك بۆ ئامادەكاریكردنی ئەنجامدانی كۆنفرانسێكی تایبەت لە سەر رەوەندی كوردی دروستبكرێت".
سەبارەت بە دامەزراندنی دەستەی كۆچ و كۆچبەرانی هەرێمی كوردستان، سوهام عومەر دەڵێت‌:" ساڵی 2011 پرۆژەیاسایی دروستكردنی ئەو دەستەیە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، بەڵام بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان وادەخوازێت بیر لە دروستكردنی وەزارەتێكی دیكە بكرێتەوە بە ناوی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی هەرێمی كوردستان، كاری ئەم وەزارەتە ئیدارەكردنی ئاوارەكانی ناوخۆ و سەرپەرشتیكردنی رەوندی كوردستانی لە دەرەوە دەبێت، چونكە ئێستا نزیكەی 2 ملیۆن و 500 هەزار كورد لە دەرەوەن و زۆربەشیان خەڵكی باشووری كوردستانن، بۆیە ئیدارەكردنی ئەم چین و توێژە پێویستی بە وەزارەت هەیە نەك دەستە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و رەوەندی كوردی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە تاوەكو ئێستا لیژنەیەكەیان هیچ كۆبوونەویەكی ئەنجام نەداوە و سەرۆكایەتی ئەو لیژنەیەش لە نێوان فراكسیۆنەكانی پەرلەمان یەكلانەبووەتەوە.
سوهام عومەر گوتیشی:" دەبێ‌ ئێمە زانیاریمان هەبێت لە سەر ژمارەی ئەو كوردانە و كێشەو گرفتی ئەوان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی لێی نیشتەجێن، هەروەها هەوڵی تووندوتۆڵكردنی پەیوەندی رەوندی كوردیی و نوێنەرایەتییەكانی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە بدرێت بۆ ئەوەی سوود لە تواناو شارەزایی ئەم سەرمایە مرۆییە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان وەربگرین".
رووداو- هەولێر 
 مه‌حمود یاسین كوردى

No comments:

Post a Comment