Wednesday, November 19, 2014

پەنابەرانی عێراق نائومێد دەكرێن

سكۆت مۆریسۆن ، وەزیری كۆچی ئوسترالیا ڕاگەیاند كە حكومەتی ووڵاتەكەی چیتر مافی پەنابەرێتی نادات بەو پەناخوازانەی كەلەدوای 1ی تەممووزی ئەمساڵەوە ناوی خۆیان تۆماركردووە لە ووڵاتی ئەندەنوسیا.
بەپێی ووتەكانی وەزیری كۆچی ئوسترالیا مەبەستیان لەو گۆڕانكاریە تێكشكاندنی ئەو باندە قاچاخچیانەیە كە لەهەوڵی ناردنی پەنابەرانن بۆ ئەندەنوسیا تا بتوانن لەوێوە سودمەند بن لە پڕۆگرامە مرۆیەكانی وەرگرتنی پەنابەران لەلایەن ئوسترالیاوە. ئەم گۆڕانكاریانەش چارەنوسی هەزاران كۆچبەر لە ووڵاتی ئەندەنوسیا دەخاتە مەترسیەوە كەبەمەبەستی وەرگرتنیان لەلایەن ئوسترالیاوە ڕوویان لەو ووڵاتە كردووە.
بەپێی دواهەمین ئاماری كۆمیسیۆنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكایش ، هەتا مانگی ئەیلولی ئەمساڵ ، 283 پەناخوازی بەڕەگەز عێراقی بەمەبەستی وەرگرتنی كەیسەكانیان وەك پەنابەر لەلایەن ئەو كۆمیسیۆنەوە لە ئەندەنوسیا تۆماركراون و لەهەوڵی بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی لە ئوسترالیا بوون لەچوارچێوەی پڕۆگرامی ساڵانەی وەرگرتنی پەنابەران لەلایەن ئەو ووڵاتەوە.
بەپێی ئەو سیاسەتە نوێیە كەدوێنێ – سێشەممە بڵاوكرایەوە لەزاری وەزیری كۆچی ئوسترالیاوە ، ئەو پەناخوازانە ئەگەر بیشیسەلمێنن پەنابەرن بەڵام لەدوای 1ی تەمموزی ئەمساڵەوە خۆیان تۆماركردبێت لەلای كۆمیسیۆنی پەنابەرانی سەربەنەتەوەیەكگرتووەكان لە ئەندەنوسیا ئەوا ناتوانن داوا پێشكەش بكەن بەو كۆمیسیۆنە تا لە ئوسترالیا نیشتەجێیان بكات.
پێشتریش حكومەتی ئوسترالیا ڕایگەیاند كە بۆ ساڵی 2014 بۆ 2015 ، ئوسترالیا 2200 (دووهەزار ودووسەد) پەنابەری عێراقی وەردەگرێت لەچوارچێوەی پڕۆگرامی ساڵانەی وەرگرتنی پەنابەران لەدەرەوەی ووڵاتەكەی و پشكی شێریش لەو ژمارەیە درا بە پەنابەرانی مەسیحی و كوردانی ئێزیدی.
ئەم گۆڕانكاریەش لەسیاسەتی وەرگرتنی پەنابەران لەلایەن ئوسترالیاوە كاردانەوەی توندی رێكخراوەكانی تایبەت بەداكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ و مافی پەنابەرانی بەدوایخۆیدا هێنا و هەردوو ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی هیومان ڕایتزۆچ نیگەرانی خۆیان لەو گۆڕانكاریە نیشاندا و ڕایانگەیاند ئەو سیاسەتە نوێیە زیاتر پەناخوازانی نیشتەجێی ئەندەنوسیا دەكات بە قوربانی بەتایبەت لە ووڵاتێكدا ، كە مەبەستیان ئەندەنوسیایە ، كە توانای دابینكردنی هەلی كاروخۆشگوزەرانی بۆ پەناخوازانی نیشتەجێی ووڵاتەكەی نیە.
سەرچاوە : ماڵپەری كەناڵی ئەی بی سی نیوز 

No comments:

Post a Comment