Thursday, November 20, 2014

ئەڵمانیا بەخشینی پەنابەری بە عێراقی و سوورییەکان خێرا دەکات

نووسینگەی فیدراڵی کۆچبەران و پەنابەرانی ئەڵمانیا بڕیاری دا لە ئێستا بەدواوە ماوەی لێکۆڵینەوە لە داخوازیی مافی بەنابەرانی عێراقی و سووریایی کورت بکاتەوە. بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی کە لە هەندێك لە میدیاکانی ئەڵمانیادا ئاماژەی بۆ کراوە، نووسینگەی فیدراڵی کۆچبەران و پەنابەران بڕیارێکی چەند هەفتەیەك لەمەوبەری وەزارەتی ناوخۆ جێبەجێ دەکات. بڕیارەکەیش کوردانی ئێزدی و مەسیحییەکانی عێراق و پەنابەرانی سووریایی دەگرێتەوە و دۆسیەکانیان دەخرێتە پێشەوە.
بەپێی ئەو بڕیارە نوێیە، چاوپێکەوتن لەگەڵ پەنابەردا ناکرێت و تەنیا داوای لێ دەکرێت فۆرمێك پڕ بکاتەوە و داوای پاراستنی مافی نێودەوڵەتی بکات. پاش ئەوە پەنابەر دوای ١١ ڕۆژ تا ٣ مانگ وەڵامی بۆ دێتەوە. بەڵام ئەم بڕیارە کەسانێك ناگرێتەوە کە پێش هاتنیان بۆ ئەڵمانیا لە وڵاتێکی تری ئەوروپا داوای مافی پەنابەرییان کردبێت.
بەپێی نوێترین ئاماری نووسینگەی فیدراڵی کۆچبەران و پەنابەران، لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا ١٨٤١٥ بیانی لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووە و پەنابەرانی سووریایی بە ڕێژەی ٢٦،٨%دا گەورەترین گرووپی ناو ئەو پەنابەرانە پێكدەهێنن. پەنابەرانی عێراقییش بە پلەی دەیەم دێن و ٣%ی ئەو ژمارەیە پێكدەهێنن. بەڵام لە ئامارەکەدا هیچ ئاماژەیەك بۆ ڕەگەزی نەتەوەیی و ئاینیی پەنابەرانی عێراقی و سووریایی و وڵاتانی تر نەکراوە، چونکە وەك باوە، لە ئامارەکاندا تەنیا ئاماژە بۆ وڵاتی پەنابەر دەکرێت.

No comments:

Post a Comment