Thursday, February 21, 2013

وڵاتی هۆڵەندا مۆنۆمێنتێكى یادەوەری هەڵەبجە دروستدەكات


بە پێی ڕاگەیەنراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم كە وێنەیەكی بۆ كوردیو نێردراوە تیایدا لە میانەی سەردانیدا بۆ لای نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا ڕایان گەیاندووە وڵاتەكەیان نیازی هەیە وەكوو ڕێزگرتنێك لە قوربانیانی كارەساتی كیمیاباران، مۆنۆمێنتێكی یادەوەریی هەڵەبجە لە هۆڵەندا دروست بكەن.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە" پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی شوباتی 2013، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا كرد كە لە خاتوو ڕێنێ جۆنەس جێگری وەزیری دەرەوه و هاری مۆلێنەر باڵیۆزی هۆڵەندا لە عیراق و یێرۆن كێلدەرهاوس بەرپرسی نووسینگەی هەماهەنگیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان؛ پێكهاتبوو.

لە دیدارەكەدا شاندی هۆڵەندی ڕایگەیاندووە كە وڵاتەكەیان نیازی هەیە وەكوو ڕێزگرتنێك لە قوربانیانی كارەساتی كیمیاباران، مۆنۆمێنتێكی یادەوەریی هەڵەبجە لە هۆڵەندا دروست بكەن. دەربارەی بواری ئابووری و پێشكەوتنی ئابووریش لە هەرێمی كوردستان، شاندی میوان ئامادەیی كۆمپانیا هۆڵەندییەكانیان نیشان دا بۆ ئەوەی لە هەردوو بواری ژێرخان و سەرخانی ئابووریدا ڕۆڵی خۆیان لە هەرێمی كوردستان ببینن و بەشداری لە پرۆسەی گەشەسەندنی هەرێمی كوردستاندا بكەن، بە تایبەتیش لە بواری كشتوكاڵدا كە گرنگییەكی زۆری پێ دەدەن و لەمبارەیەشەوە لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ و ئاودێری و چەندین وەزیر و بەرپرسی دیكەی هەرێمی كوردستان دیدار و كۆبوونەوەیان ساز داوە.


No comments:

Post a Comment