Tuesday, February 12, 2013

منداڵى پەناخوازە دەستگیرکراوەکان لە چ دۆخێکدان؟


کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا

لەدواى ئەوەى حکومەتى ئوسترالى زۆربەى زۆرى ئەو پەناخوازانەى بە بەلەم دەگەنە ئەو وڵاتە ڕەوانەى دوورگەکانى دەرەوەى خاکەکانى ئوسترالیا دەکات و لەلایەن یاساکانى ئەو وڵاتانەوە هەڵسەنگاندن بۆ کەیسەکانیان دەکرێت، لەدواتردا ڕەزامەندى یان ڕەتکردنەوەیان پێدەدرێت بۆئەوەى بێنە ناو خاکى ئوسترالیاوە یاخود نا.
لەئێستادا منداڵى پەناخوازە دەستگیرکراوەکان لە بارودۆخێکى سەختتدان. لەم ڕۆژانەدا سیناتۆرى پارتى سەوزەکان، سارا هانسۆن یۆنگ، چەند وێنەیەکى نزیکەى 34 منداڵى دەستگیرکراوى لە ناوەندەکانى دەستبەسەرکردنەکاندا بڵاوکردەوە. لەناو ئەو وێنانەدا چەندین وێنەى سەرنجڕاکێش هەیە کە بە ئاشکرا باس لە بارودۆخى سەختى ئەو پەناخوازانەو ئەو کاریگەرە دەروونییە دەخاتەڕوو کە کاریگەرى زۆرى لەسەریان هەبووە.
لە وێنەکاندا بەندیخانە و گریان و دیمەنەکانى ئەو دوورگەیە بە ئاشکرا دیارە. ئەو سیناتۆرە جەختى لەسەر بەیاننامەکەى کۆمسیۆنى پەناخوازانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووەتەوە کە نیگەرانى دەربڕیوە لە دەستگیرکردنى منداڵەکان و هێشتنەوەیان لە کامپەکانى دەستبەسەرکردندا. 
هەروەها هانسۆن یۆنگ دەڵێت کە ناوەندى دەستبەسەرکردنى دوورگەى مانووس منداڵێتى لە منداڵە دەستبەسەرکراوەکان دەستێنێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە وەزارەتى کۆچبەرانى ئوسترالیا جەختى لەوە کردۆتەوە کە ئەو پەناخوازانەى کە لەئاستى نێوەوڵەتیشدا بە پەنابەر ناسراون بۆماوەى نزیکەى پێنج ساڵ لە دەرەوەى خاکەکانى ئوسترالیادا دەهێڵرێنەوە.
ئەو سیناتۆرە ئاماژە بەوە دەدات کە ژن و مێردێکى تامیلى بەرلەوەى بە بەلەم بگەن بە ئوسترالیا و دەستگیربکرێن، لە مالیزیا وەکو پەنابەر دانیان پێدانراوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆماوەى چوار ساڵ دەستگیر دەکرێن لە دوورگەى ماونوس لە ناوەندى پڕۆسێسکردنى کەیسەکانیاندا بەرلەوەى بگەن بە ئوسترالیا. لەهەمانکاتدا وتەبێژێک لە وەزارەتى کۆچبەران ئەوەى ڕاگەیاندووە تاوەک پەناخوازەکان لەلایەن نارو یاخود پاپوا نیوگینا وەکو پەنابەر نەناسرێن بەلایانەوە گرنگ نییە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە پەنابەریان دابنێن یاخود نا.
پامێلا کیور لەڕێکخراوى ناوەندى سەرچاوەکانى پەناخوازەکان ڕایدەگەیەنێت پێویستە لە ئاستى نێودەوڵەتیدا دەستێوەردان هەبێت. چونکە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتى هەیە لەوەى کە بڕیارى پەناخوازى بۆ هەرکەسێک دابێت. ئەگەر ئەو پەناخوازانە لەدەرەوەى خاکەکانى ئوسترالیادا دەستگیربکرێن، دەبێت کۆمسیۆنى پەنابەرانى نەتەوە یەکگرتووەکان دەستێوەردان بکات.

No comments:

Post a Comment