Thursday, May 29, 2014

كامبۆدیا ته‌نها كۆچبه‌ره‌ خۆبه‌خشه‌كان وه‌رده‌گرێت

كۆچى كوردان و كۆچ بۆئوسترالیا

له‌ماوه‌ى ڕابردوودا هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئوسترالیا و كامبۆدیا ده‌ستیان كرد به‌ دانوستان له‌باره‌ى وه‌رگرتنى ئه‌و په‌ناخوازانه‌ى ڕووده‌كه‌نه‌ ئوسترالیا. له‌سه‌ره‌تاوه‌ كامبۆدیا ڕه‌زامه‌ندى ده‌ربڕى بۆ وه‌رگرتنى په‌ناخوازان. ڕاى گشتى له‌ هه‌ردوو وڵات ڕه‌خنه‌یان له‌و ڕێككه‌وتنه‌ گرت. 

له‌م دواییانه‌دا، كامبۆدیا ڕایده‌گه‌یه‌نێت ته‌نها ئه‌و په‌ناخوازانه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى خۆبه‌خشانه‌ ئوسترالیا جێده‌هێڵن. نه‌ك ئه‌وانه‌ى به‌ زۆره‌ملێ ڕه‌وانه‌ى وڵاته‌كه‌ى ده‌كرێن..
وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، هۆر نامهۆنگ، ڕایگه‌یاند كه‌ ئوسترالیا ژماره‌یه‌ك له‌ په‌ناخوازان بۆ وڵاته‌كه‌ى ڕه‌وانه‌ ده‌كات له‌دواى ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و ژماره‌یه‌....

هه‌ر له‌میانه‌ى ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ هه‌رێمیانه‌دا حكومه‌تى ئوسترالى به‌رده‌وامه‌ له‌ پشتیوانى كردنى هه‌ریه‌ك له‌ پاپوا نیوگینیا و ناورو كه‌ هۆكارى سه‌ره‌كى جێبه‌جێكردنى پڕۆسه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندنى كه‌یسى په‌ناخوازانن له‌ ده‌ره‌وه‌ى خاكى ئوسترالیا.

وه‌زیرى كۆچى ئوسترالیا ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئوسترالیا تێچووى یاسایى حكومه‌ته‌كانى پاپوا نیو گینیا و ناورو ده‌دات بۆئه‌وه‌ى به‌رگرى له‌خۆیان بكه‌ن به‌رامبه‌ر به‌وانه‌ى دژایه‌تى ناوه‌ندى ده‌ستبه‌سه‌ركردنى په‌ناخوازانن له‌ ده‌ره‌وه‌ى خاكه‌كانى ئوسترالیا و بۆئه‌وه‌ى ناوه‌نده‌كان به‌ كراوه‌یى بهێڵرێنه‌وه

كوردێك بەشداری لە داڕشتنی پلانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی داهاتوو دەكات

گەنجێكی كورد لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە داوای لێدەكرێت بەشداری بكات لە داڕشتی پلانی ستراتیژیی رێكخراوەكە بۆ ساڵی 2015 بۆ باشتركردنی رەوشی گەنجان و منداڵانی جیهان.
ئەركان ئەسعەد، گەنجێكی كوردی تاراوگەنشینە، خاوەنی سێ خەڵاتە وەك باشترین نووسەر، كتێبێكیشی یەكێكە لە كتێبە پڕ فرۆشەكان و ئەمەش وای كردووە رێكخراوێكی جیهانی وەكو نەتەوە یەكگرتووەكان داوای هاوكاریی لێبكات.
ئەركان ئەسعەد لە كۆبوونەوەی ساڵانەی بۆردی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بۆ داڕشتنی ستراتیژی 2015ی رێكخراوەكە كە بۆ باشتركردنی رەوشی گەنجان و منداڵانی جیهان بوو، بەشداریی كرد.
بەشداریی ئەركان وەك گەنجێكی خاوەن ئەزموونە لەگەڵ كەسایەتییە كاریگەرەكانی جیهان و گەورە بەرپرسانی وەك وەزیری دارایی وڵاتانی وەك لوبنان، توركیا، ئەلبانیا، رۆمانیا و نێردەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و راوێژكارانی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و بانكی ناوەندیی جیهان.
بەشداریی ئەو وەك گەنجێكی كورد، یەكەمین ئەزموونە لەو ئاستەدا كە وەك بۆ (رووداو)ی باس كرد "سەرەتای هەنگاوێكی گەورەیە لە ژیانی پراكتیكیم". گوتیشی "بەدیهاتنی خەونەكانم بەردەوامە".
ئەركان ئەوەشی ئاشكرا كرد كە مانگی 9ی داهاتوو، دووەمین كتێبی بەناوی (blod rödare än rött) واتە (خوێن، سوورتر لە سوور) لە سوێد چاپ دەكرێت. 
سەركەوتنی ئەركان، لە كتێبی یەكەمییەوە بەناوی (شەوانی بێ ئەستێرە) دەستیپێكرد كە دوای دوو بەرگی بڕیارە بەرگی سێیەمی كتێبەكەش چاپ بكرێت و لە داهاتوویەكی نزیكدا دەكرێتە فیلم . ئەركان گوتی "بەهۆی پێداگیریم بەشی سەرەكی فیلمەكە لە باشووری كوردستان دەكرێت". 
كتێبی دووەمی كە هێشتا بڵاونەبووەتەوە، لەلایەن چەند گەورە كۆمپانیایەكەوە درافتی كۆنتراكتی دراوەتێ بۆ ئەوەی بكرێتە فیلم. ئەركان چیرۆكی باوكی كردووەتە باكگراوندی ئەو نەهامەتی و ناخۆشیانەی بەسەر گەلی كورددا هاتوون لەساڵانی حەفتا و هەشتا و نەوەتەكانی سەدەی رابردوو، لەسەر دەستی رژێمی پێشووی عێراق. 
 ئەركان دەڵێت "لە رێگەی ئەو كتێبەوە راستییەكی شاراوە لە ئەوروپییەكان و سوێدییەكان بە تایبەتی دەگەیەنم". چونكە وەك ئەو دەڵێت "سوێدییەكان سەرقاڵن بە كێشە هەنوكەییەكانی نەوەی نوێ و زۆر راستی نەوەی كۆنی كورد و نەتەوەكانی دیكەی سوێد نازانن". 
سەرەتای ئەمساڵ، ئەركان ئەسعەد لە كۆی 2000 كاندیدای باڵای گەنجانی ئەوروپا، لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەوروپییەوە، بووە تاكە كاندیدای گەنجی سوێد كە لەلایەن ئەو كۆمپانیایە بۆ ماوەی زیاتر لە 5 ساڵ بە نزیكەی سەدان هەزار یۆرۆ، كار و پڕۆژەكانی و ژیانی سپۆنسەر دەكرێت. 

ژیانی كاری رۆژانەشی، لەلایەن دامەزراوەیەكی سەر بە كۆمۆنی گەڕەكەكەی دابینكراوە كە لەبەرامبەر بڕی زیاتر لە 10 هەزار كرۆنی سوێدی  (2000) دۆلاری ئەمریكییە، بۆ هەر مانگێك. ئەمەش لە بەرامبەر سوود وەرگرتن لە ئەزموون و كارەكانی ئەو دێت، بۆ گەنجانی ئەو ناوچەیە.  
رووداو- ستۆكهۆڵم

Wednesday, May 28, 2014

سێ کەمپی کۆچبەران لە کالاس دادەخرێن

پۆلیسی فەرەنسی دەستیکردووە بە داخستنی کەمپەکانی پەناخوازان لە ناوچەی کالاس-ی سەرسنوور لەگەڵ بەریتانیا. لەو ناوچەیەدا سێ کەمپی پەناخوازان هەن و نزیکەی 650 پەنابەری تێدان. چالاکڤانانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤیش لەو کردەوەیە نیگەرانن.
لە هەڵبژاردنەکانی هەفتەی رابردوو بۆ پەرلەمانی ئەوروپا، پارتی راستئاژۆی (بەرەی نیشتمانی)، کە بەوە ناسراوە دژایەتیی تووندی هاتنی پەناخوازان دەکات بۆ فەرەنسا، زۆرینەی دەنگەکانی ناوچەی کالاسی بەدەستهێناوە.
ئۆپەراسیۆنەکەی پۆلیسی فەرەنسا ئەمڕۆ دەستیپێکردووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا بەردەوام دەبێت. لەو کەمپانەدا ژمارەیەکی زۆری کۆچبەری کوردیش نیشتەجێن. یەکێک لەو کوردانە، کە نەیەویست ناوی ئاشکرابکرێت، باسی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکات: “ئەو کەمپانەی لە کالاسن فەرمی نین و ئێمەی کۆچبەر دروستمانکردوون. بۆیە ئەمڕۆ سەرلەبەیانی پۆلیس بەسەریانداداین و هەوڵی تێکدانی کەمپەکەیان داین”.
بەگوتەی ئەو کۆچبەرە کوردە باشوورییە “پۆلیس تووندوتیژی بەکارناهێنێت، بەڵام شوێنی حەوانەوەمان تێکدەدات”.
ئۆپەراسیۆنەکانی تێکدانی کەمپەکانی کالاس هەموو ساڵێک بەر لە هاتنی هاوین دووبارە دەبنەوە. لە ساڵانی رابردوودا، جگە لە کۆچبەرانی کورد، ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری ئەفغانی، ئەفریقایی و ئێرانی و سووریش لەڕێگەی کاڵاسەوە بەقاچاخ و لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەوە خۆیان دەگەیەننە بەریتانیا.
رووداو-فەرەنسا

Tuesday, May 27, 2014

سەد و نەوەد هەزار دەرفەتى کار لە ئوسترالیا

کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا
سەرەڕاى ئەوەى کە حکومەتى ئوسترالى بەتوندى ڕووبەڕووى ئەو پەناخوازانە دەبێتەوە کە بەشێوەیەکى نایاسایى کۆچ بۆ ئەو وڵاتە دەکەن. بەڵام لەبەرامبەردا، دەرفەتى کارو کۆچى یاسایى لەبەردەم خاوەن توانا و لێهاتووییەکاندا ئاوەڵایە. بەرپرسانى حکومەتى ئوسترالی ئەوە دەخەنەڕوو کە بەهۆى پڕۆگرامى پشتیوانى کردن لە دەرفەتى کار بەشێوەیەکى یاسایى نزیکەى 300 ملیۆن دۆلار بۆ خەزێنەى دەوڵەت دەگەڕێتەوە. 
پڕۆگرامى پشتیوانى کردن لە دەرفەتى کار بۆ ئەوانەى بەشێوەیەکى یاسایى کۆچ دەکەن 68%ى بۆ خاوەن تواناکانە، کە کۆچبەرى خاوەن پسپۆڕى و توانا و لێهاتووین. 
بەوشێوەیە کۆى 190هەزار پۆست بۆ پڕۆگرامى کۆچبەران هەیە لە نێوان ساڵى 2014 بۆ 2015، کە 128550یان بۆ کۆچبەرى خاوەن توانا و پسپۆڕیە و 60885یان بۆ کۆچى خێزانى و 565یان بۆ ئەو کۆچبەرانەیە کە مافى تایبەتیان هەیە. 
لەڕێگەى ئەم وێبسایتەوە زانیارى زیاتر وەربگرە لەبارەى چۆنیەتى کۆچ کردن بەشێوەیەکى یاسایى: http://www.migrationexpert.com/

Monday, May 19, 2014

ئوسترالیا به‌رده‌وامه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كۆچى نایاسایى

كۆچى كوردان و كۆچ بۆ ئوسترالیا

حكومه‌تى ئوسترالى به‌رده‌وامه‌ له‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ى قاچاخچیه‌كان و ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ى به‌شێوه‌ى نایاسایى به‌ره‌و ئه‌و وڵاته‌ كۆچ ده‌كه‌ن.. له‌م میانه‌یه‌شدا ئه‌نجومه‌نى پیرانى ئوسترالیا یاسایه‌كى ده‌ركرد كه‌ ڕێگرى ده‌كات له‌ وه‌رگرتنى ڤیزاى پاراستن بۆئه‌و په‌ناخوازانه‌ى گرفتى ئاسایشیان نیه‌ ئه‌مه‌ واده‌كات ده‌رفه‌تى كه‌متر بۆ په‌ناخوازان هه‌بێت كه‌ بمێننه‌وه‌
له‌لایه‌كى تره‌وه‌، ئه‌فسه‌رى باڵاى پاراستنى سنووره‌كانى ئوسترالیا ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ پاراستنى سنووره‌كان پێویستى به‌ چه‌ند ساڵ هه‌وڵدان و پلانى هه‌رێمى هه‌یه
دوورگه‌ى كریسمس له‌مه‌ودوا ته‌نها 48 كاتژمێر په‌ناخوازانى تێدا ده‌هێڵرێته‌وه‌. دواتر ڕاسته‌وخۆ به‌ره‌و دوورگه‌ى مانوس له‌ پاپوا نیو گینیا یان ناورو ڕه‌وانه‌ ده‌كرێن و له‌و دوو دوورگه‌یه‌ كه‌یسه‌كانیان هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت و له‌وێ مافى نیشته‌جێ بوون یاخود ڕه‌وانه‌كردنه‌وه‌ بۆ وڵاتى خۆیان ده‌درێت.. شایه‌نى باسه‌ بۆیه‌كه‌مجار هاوڵاتیه‌كى به‌ته‌مه‌نى ئێرانى مافى نیشته‌جێ بوونى به‌ده‌ستهێنا له‌ پاپوا نیوگینیا.. ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى مافى نیشته‌جێ بوون له‌و دوو دوورگه‌یه‌ به‌ده‌ست ده‌هێنن به‌پێى یاساى ئه‌و وڵاتانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و ڕه‌وانه‌ى ئوسترالیا ناكرێنه‌وه‌!.
  • ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌، پسپۆڕێكى یاساى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ ناتوانرێت له‌ڕێگه‌ى یاساییه‌وه‌ ڕێگرى له‌ هه‌وڵه‌كانى ئوسترالیا بكرێت.
له‌ ساڵى 1960دا نزیكه‌ى 77 ملیۆن كه‌س سنووره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیان بڕیوه‌و له‌ 2013دا ژماره‌كه‌ به‌رزبۆته‌وه‌ بۆ 232 ملیۆن كه‌ زیاتره‌ له‌ ٪3ى دانیشتوانى جیهان.

Thursday, May 15, 2014

بچۆ بۆ ئەمەریکا و ئەم دەرفەتە لە کیس مەدە کە تایبەتە بە

download (9)مامۆستایانى زمانى ئینگلیزى بۆ خوێندن لەئەمریکا
باڵیوزخانەى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە بەغداد خۆشحاڵە رایبگەیەنێت کەوا ئێستا داواکاری بو بەشدارى کردن لە بەرنامەى فوڵبرایتى یاریدەدەرانى فێرکردنى زمانى ئینگلیزى کەوا لەلایەن حکومەتى ئەمریکاوە پارەدار کراوە وەردەگرێت.  ئەم پرۆگرامە راستەوخۆ پشتیوانى ئامانجەکانى رێکەوتننامەى چوارچێوەى ستراتیژی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاو عێرا ق  دەکات بۆ پەرەپێدانى تێگەیشتنى هاوبەش و بەهێزکردنى پەیوەندى لە نێوان خەڵکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاو عێراق لەڕێى ئاڵوگۆڕى ئەکادیمیەوە.
 
ئەم بەرنامەیە پرۆگرامێکى نۆ مانگى بێ بەخشینى بڕوانامەیە دەرفەت بۆ مامۆستایانى گەنجى زمانى ئینگلیزى دەرەخسێنێت بۆ بەرەوپێشبردنى تواناى فێرکردنیان و، بەرزکردنەوەى لێهاتوویى زمانى ئینگلیزیان وفراوانکردنى تێگەیشتنیان لەسەر کۆمەڵگاو کەلتوورى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا. بەشداربووان زمانى عەرەبى فێرى خوێندکارانى ئەمریکى دەکەن و یارمەتى پتەوکردنى رٍێنماییەکانى فێرکردنى زمانى بیانى لەزانکۆو کۆلێژەکانى ئەمریکا دەدەن. داواکار دەبَى ئێستا مامۆستاى زمانى ئینگلیزى بێت و تەمەنى لە نێوان 21 بۆ 29 ساڵ بێت و هەڵگرى بڕوانامەى بەکالۆریۆس بێت لەکاتى پێشکەشکردندا.
بو زانیارى زیاترلەسەر مەرجەکانى پێشکەشکردن و پرۆسەى پێشکەشکردن ، تکایە سەردانى ماڵپەڕى بالێوزخانەى ئەمریکا بکەن لە:
http://iraq.usembassy.gov/flta-program.html
هیچ تێچونێک بۆ پێشکەشکردن بۆ ئەم پرۆگرامە نیە. وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا هەموو تێچونەکانى خوێندنى ئەکادیمى و، گەشت و، بیمەى تەندروستى و، نیشتەجێبوون و هەروەها دەرماڵەیەکى مامناوەند بۆ ژیانى هەڵبژیردراوەکان دابین دەکات لەو کاتەى کە لە ئەمریکان.
دوامۆڵەت بو پێشکەش کردنى داواکارى رۆژى 30 ى حوزەیرانى 2014 ەیە. 

Wednesday, May 14, 2014

ئیتاڵیا 200 كۆچبه‌ری‌ نایاسایی له‌مردن ڕزگارده‌كات

هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی‌ ئیتاڵیا ڕایانگه‌یاند، یه‌كه‌كانی‌ چاودێری كه‌ناراوه‌كانی‌ باشوری‌ ئه‌و وڵاته‌ توانیویانه‌ 200 كۆچبه‌ری‌ نایاسایی له‌ڕوداوێكی نقومبوون ڕزگاربكه‌ن، كه‌ تێیدا ده‌یان هاوڵاتی تر خنكان.

سه‌رچاوه‌ فه‌رمیه‌كانی‌ ئیتاڵیا بڵاویانكرده‌وه‌، كۆچبه‌ره‌كان له‌ناو پاپۆڕێكدا بوون له‌باشوری‌ دورگه‌ی‌ (لامبیدوزا)ی‌ ئیتاڵیا، كه‌ سه‌دان كۆچبه‌ری‌ نایاسایی تێیدا بووه‌‌و،دوای‌ ڕزگاركردنی‌ 200 هاوڵاتی، ده‌یانی‌ تریان خنكان.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی‌ ئیتاڵیا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردوه‌، هه‌ندێك له‌ته‌رمه‌كانیش دۆزراونه‌ته‌وه‌‌و گه‌ڕان به‌دوای‌ بێسه‌روشوێنبووه‌كانیشدا به‌رده‌وامه‌.

هێشتا نازانرێت ژماره‌ی‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ كه‌ له‌ناو پاپۆڕه‌كه‌دا بوون، چه‌ند هاوڵاتی‌ بوون، به‌ڵام كۆچبه‌ره‌كان ڕایانگه‌یاندوه‌، سه‌دان هاوڵاتی بوون.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، كه‌ هاوكات وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ لیبیا ڕایگه‌یاند، هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی‌ لیبیا توانیویانه‌ 51 كۆچبه‌ری‌ نایاسایی ڕزگاربكه‌ن‌و 32 ته‌رمیشیان دۆزیوه‌ته‌وه‌.
-----------------------------------------------------------------
و: گۆران