Wednesday, May 28, 2014

سێ کەمپی کۆچبەران لە کالاس دادەخرێن

پۆلیسی فەرەنسی دەستیکردووە بە داخستنی کەمپەکانی پەناخوازان لە ناوچەی کالاس-ی سەرسنوور لەگەڵ بەریتانیا. لەو ناوچەیەدا سێ کەمپی پەناخوازان هەن و نزیکەی 650 پەنابەری تێدان. چالاکڤانانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤیش لەو کردەوەیە نیگەرانن.
لە هەڵبژاردنەکانی هەفتەی رابردوو بۆ پەرلەمانی ئەوروپا، پارتی راستئاژۆی (بەرەی نیشتمانی)، کە بەوە ناسراوە دژایەتیی تووندی هاتنی پەناخوازان دەکات بۆ فەرەنسا، زۆرینەی دەنگەکانی ناوچەی کالاسی بەدەستهێناوە.
ئۆپەراسیۆنەکەی پۆلیسی فەرەنسا ئەمڕۆ دەستیپێکردووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا بەردەوام دەبێت. لەو کەمپانەدا ژمارەیەکی زۆری کۆچبەری کوردیش نیشتەجێن. یەکێک لەو کوردانە، کە نەیەویست ناوی ئاشکرابکرێت، باسی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکات: “ئەو کەمپانەی لە کالاسن فەرمی نین و ئێمەی کۆچبەر دروستمانکردوون. بۆیە ئەمڕۆ سەرلەبەیانی پۆلیس بەسەریانداداین و هەوڵی تێکدانی کەمپەکەیان داین”.
بەگوتەی ئەو کۆچبەرە کوردە باشوورییە “پۆلیس تووندوتیژی بەکارناهێنێت، بەڵام شوێنی حەوانەوەمان تێکدەدات”.
ئۆپەراسیۆنەکانی تێکدانی کەمپەکانی کالاس هەموو ساڵێک بەر لە هاتنی هاوین دووبارە دەبنەوە. لە ساڵانی رابردوودا، جگە لە کۆچبەرانی کورد، ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری ئەفغانی، ئەفریقایی و ئێرانی و سووریش لەڕێگەی کاڵاسەوە بەقاچاخ و لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەوە خۆیان دەگەیەننە بەریتانیا.
رووداو-فەرەنسا

No comments:

Post a Comment