Thursday, May 29, 2014

كوردێك بەشداری لە داڕشتنی پلانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی داهاتوو دەكات

گەنجێكی كورد لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە داوای لێدەكرێت بەشداری بكات لە داڕشتی پلانی ستراتیژیی رێكخراوەكە بۆ ساڵی 2015 بۆ باشتركردنی رەوشی گەنجان و منداڵانی جیهان.
ئەركان ئەسعەد، گەنجێكی كوردی تاراوگەنشینە، خاوەنی سێ خەڵاتە وەك باشترین نووسەر، كتێبێكیشی یەكێكە لە كتێبە پڕ فرۆشەكان و ئەمەش وای كردووە رێكخراوێكی جیهانی وەكو نەتەوە یەكگرتووەكان داوای هاوكاریی لێبكات.
ئەركان ئەسعەد لە كۆبوونەوەی ساڵانەی بۆردی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بۆ داڕشتنی ستراتیژی 2015ی رێكخراوەكە كە بۆ باشتركردنی رەوشی گەنجان و منداڵانی جیهان بوو، بەشداریی كرد.
بەشداریی ئەركان وەك گەنجێكی خاوەن ئەزموونە لەگەڵ كەسایەتییە كاریگەرەكانی جیهان و گەورە بەرپرسانی وەك وەزیری دارایی وڵاتانی وەك لوبنان، توركیا، ئەلبانیا، رۆمانیا و نێردەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و راوێژكارانی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و بانكی ناوەندیی جیهان.
بەشداریی ئەو وەك گەنجێكی كورد، یەكەمین ئەزموونە لەو ئاستەدا كە وەك بۆ (رووداو)ی باس كرد "سەرەتای هەنگاوێكی گەورەیە لە ژیانی پراكتیكیم". گوتیشی "بەدیهاتنی خەونەكانم بەردەوامە".
ئەركان ئەوەشی ئاشكرا كرد كە مانگی 9ی داهاتوو، دووەمین كتێبی بەناوی (blod rödare än rött) واتە (خوێن، سوورتر لە سوور) لە سوێد چاپ دەكرێت. 
سەركەوتنی ئەركان، لە كتێبی یەكەمییەوە بەناوی (شەوانی بێ ئەستێرە) دەستیپێكرد كە دوای دوو بەرگی بڕیارە بەرگی سێیەمی كتێبەكەش چاپ بكرێت و لە داهاتوویەكی نزیكدا دەكرێتە فیلم . ئەركان گوتی "بەهۆی پێداگیریم بەشی سەرەكی فیلمەكە لە باشووری كوردستان دەكرێت". 
كتێبی دووەمی كە هێشتا بڵاونەبووەتەوە، لەلایەن چەند گەورە كۆمپانیایەكەوە درافتی كۆنتراكتی دراوەتێ بۆ ئەوەی بكرێتە فیلم. ئەركان چیرۆكی باوكی كردووەتە باكگراوندی ئەو نەهامەتی و ناخۆشیانەی بەسەر گەلی كورددا هاتوون لەساڵانی حەفتا و هەشتا و نەوەتەكانی سەدەی رابردوو، لەسەر دەستی رژێمی پێشووی عێراق. 
 ئەركان دەڵێت "لە رێگەی ئەو كتێبەوە راستییەكی شاراوە لە ئەوروپییەكان و سوێدییەكان بە تایبەتی دەگەیەنم". چونكە وەك ئەو دەڵێت "سوێدییەكان سەرقاڵن بە كێشە هەنوكەییەكانی نەوەی نوێ و زۆر راستی نەوەی كۆنی كورد و نەتەوەكانی دیكەی سوێد نازانن". 
سەرەتای ئەمساڵ، ئەركان ئەسعەد لە كۆی 2000 كاندیدای باڵای گەنجانی ئەوروپا، لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەوروپییەوە، بووە تاكە كاندیدای گەنجی سوێد كە لەلایەن ئەو كۆمپانیایە بۆ ماوەی زیاتر لە 5 ساڵ بە نزیكەی سەدان هەزار یۆرۆ، كار و پڕۆژەكانی و ژیانی سپۆنسەر دەكرێت. 

ژیانی كاری رۆژانەشی، لەلایەن دامەزراوەیەكی سەر بە كۆمۆنی گەڕەكەكەی دابینكراوە كە لەبەرامبەر بڕی زیاتر لە 10 هەزار كرۆنی سوێدی  (2000) دۆلاری ئەمریكییە، بۆ هەر مانگێك. ئەمەش لە بەرامبەر سوود وەرگرتن لە ئەزموون و كارەكانی ئەو دێت، بۆ گەنجانی ئەو ناوچەیە.  
رووداو- ستۆكهۆڵم

No comments:

Post a Comment