Tuesday, May 12, 2015

یەکێتى ئەوروپا بە نیازە گورزى سەربازى دژى قاچاخچییەکان بوەشێنێت

کۆچ بۆ ئوسترالیا
فێدێریکا مۆگەرینى رێکخەرى سیاسەتى دەرەوەى یەکێتى ئەوروپا داوا لە ئەنجومەنى ئاسایش دەکات رێگەى پێبدات بە هێرشى سەربازى بەرەنگارى ئەو قاچاخچییانە بێتەوە کە کۆچبەران بەنایاسایی دەگوازنەوە ئەوروپا. مۆگەرینى پاساو بۆ وەشاندنى ئەو گورزە سەربازییە دەهێنێت و لە نیویۆرک دەڵێت کە خواستى سەرەکى ئەوان رزگارکردنى ژیانى خەڵکە و بە ئەرکى خۆیانى دەزانێت کە مەرگى ئەو خەڵکە لە ناو دەریا راگرن. مۆگەرینى دەیەوێ لەرێگەى بڕیارێکى واى نەتەوە یەکگرتووەکان رێگە لە" بازرگانى بە ئازارى کۆچبەران" بگیرێت و دەڵێت" ئەمە تەنها بارى نائاسایی نییە بۆ مرۆڤەکان بەڵکو ئەمە قەیرانێکى سیاسەتى ئاسایشیشە" دەشڵێت کە قاچاخچییەکان پەیوەندییان بە گروپە توندڕەوەکانەوە هەیە و تەمویلى چالاکییە تیرۆریستییەکانیان دەکەن و بۆ رووبەرووبوونەوەى قەیرانى کۆچبەران یەکێتى ئەوروپا پێویستى بە هاوکارى نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە.
پاش ئەوەى ٧٥٠ کۆچبەرى نایاسایی لە کەنارەکانى لیبیا خنکان سەرانى یەکێتى ئەوروپاش لە دانیشتنە لوتکەکەیاندا بۆ باسکردنى ئەم قەیرانە بڕیارى تێکشکاندنى ئەو بەلەمانەیان دا کە قاچاخچییەکان بۆ کواستنەوەى کۆچبەران بەکاریان دێنن. یەکێتى ئەوروپاش لەبەر رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و سنوورە ئاوییەکانى لیبیا ناتوانن هیچ رێکارێکى بەرەنگاربوونەوەى ئەو قاچاخچییانە بگرنەبەر و پێویستیان بە رێگەپێدانى نەتەوەیەکگرتووەکانە. لە سەرەتاى ئەمساڵیشەوە پتر لە ١٨٠٠ کۆچبەرى نایاسایی لەم رێگەى مەرگەدا لە دەریاى ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە. مۆگەرینى لە وتەکەیدا لە ئەنجومەنى ئاسایشدا دەڵێت کە رەوشێکى ئاوەهاى بێوێنە پێویستى بە وەڵامدانەوەیەکى نائاساییە. ئێستەش چەندین وڵاتى یەکێتى ئەوروپا بەسەرپەرشتیاریی بەریتانیا و فەرەنسا کار لەسەر داڕشاتنى پرۆژەبڕیارێک دەکەن کە شەرعیەت بداتە هەموو ئەو رێکارانەى بۆ رێگەگرتن لە بەلەمى قاچاخچییەکان پێویستن. پێشدەچێت لە چەند رۆژى داهاتوودا تەواوبێت تەنها کێشە لێرەدا روسیایە کە دژى هەر تێکشاندنێکى ئەو بەلەمانەیە و دەنگۆ هەیە لە رێی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە حکومەتى روسیا قایل بکرێت. لەبارەى گفتوگۆکانى پشت دەرگا داخراوەکانیشدا مۆگەرینى دەڵێت هیچ کام لە ١٥ وڵاتە ئەندامەکەى ئەنجومەنى ئاسایش لە بنەڕەتدا دژى ئەو بڕیارە نییە کە خواستەکەى رزگارکردنى ژیانى خەڵکە و لێدان و نەهێشتنى باندەکانى تاوانە. گرنگیش ئەوەیە چیدى کەشتییەکان بۆ کارى وا بەکارنەهێنرێن.
لەبەر ئەوەى زۆربەى ئەو بەلەمانە لە لیبیاوە بەرەو ئەوروپا بە دەریاى ناوەڕاستدا دەڕۆن بۆیە مۆگەرینى لیبییەکانى دڵنیاکردەوە کە بەبێ رەزامەندى ئەوان هیچ کارێک ناکەن و لایەنە پەیوەندیدارەکانى لیبیاش پلانەکانى یەکێتى ئەوروپایان رەتنەکردووەتەوە. یەنس شتۆلنبێرگى سکرتێرى گشتى ناتۆش پشتگیرى لە پرۆژەبڕیارەکە دەکات بەڵام بەشدارى بە هێزەکانى ناکات و دەڵێت کە یەکێتى ئەوروپا دەبێ وەڵامێکى گشتگیر بۆ ئەم تراجیدیایە بدۆزێتەوە. سەرانى پەرلەمانى وڵاتانى دەریاى ناوەڕاست داوایان لە حکومەتەکانى خۆیان و لە یەکێتى ئەوروپا کرد کە "ڤیزاى مرۆیی" بداتە کۆچبەران و هاوکارییەکانى بۆ رزگارکردنیان چڕتربکەنەوە. بان کیمۆنی سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەنیازە لە ٢٦ى ئایاردا لەبەردەم پەرلەمانى ئەوروپادا قسەبکات وداوایان لێبکات کە رێکارەکان بۆ هاتنى خەڵک بۆ ئەوروپا ئاسانتر بکەن. پێشتریش هۆشدارى دایە ئەوروپا لە مەترسى هەر رێکارێک بۆ لێدانى سەربازیی قاچاخچییەکان.     

No comments:

Post a Comment