Sunday, May 31, 2015

كاركردنی نایاسایی دەبێتە تاوان

524172352015_panabar-NRTحکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند پوختەی ژمارەی کۆچبەران بۆ بەریتانیا لە ساڵی ڕابردوودا بەرزبۆتەوە بۆ ٣١٨هەزار کەس، ئەمەش دوو هێندەی ساڵی پێشترە. کە دیارە پوختەی ژمارەی کۆچبەران بریتیە جیاوازی ژمارەی ئەو کەسانەی دێنە وڵاتەکەوە لەگەڵ ژمارەی ئەوی کەسانەی وڵاتەکە جێدەهێڵن.
بەپێی نوسینگەی ئاماری نەتەوەیی بەریتانیا، سێ بەشی ئەو کەسانە بۆ کارکرد و خوێندن گەشت دەکەن بۆ بەریتانیا، کۆچکردنی هاوڵاتیانی یەکێتی ئەوروپا بە پلەی یەکەم و هەروەها هاوڵاتیانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بۆ بەریتانیا بەرێژەیەکی بەرز زیادیکردووە. ئەمەش شکاندنی ئەو پەیمانە بوو کە دەیڤد کامیرۆن لە ساڵی ٢٠١٠دا دابووی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەران بۆ ١٠٠هەزار کەس.
لەلایەکی ترەوە، هەر ئەمڕۆ هەریەك لە دەیڤد کامیرۆن سەرۆك وەزیران و تێریزا مەی وەزیری ناوخۆ پلانی حکومەتی بەریتانیایان خستەروو، بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەران بۆ بەریتانیا لە پێنج ساڵی داهاتوودا.
لە وتارەکەیدا کە لە وەزارەتی ناوخۆیی وڵاتەکەی پێشکەشی کرد، دەیڤد کامیرۆن باسی لە پرۆژە یاساکەی کرد، کە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆچکردن دەخرێتەبەردەم پەرلەمان، تاوەکو ئەو فشارەی لەسەر خزمەتگوزایەکانی کەرتی گشتیە کەمبکرێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد جێبەجێکردنی ئەم یاسایە پێویستی بە هەماهەنگی سەرجەم بەشەکانی حکومەت هەیە.
پرۆژە یاساکەی حکومەتی نوێی بەریتانیا سێ خاڵی سەرەکی دەگرێتەخۆ.
یەکەم، ڕێگەگرتن لە کارکردنی نایاسایی ئەو کەسانەی کە ڤیزەکانیان بەسەرچووە، یاخود ڤیزەی کاریان نیە، بەشێوەیەك کە کارکردنی نایاسایی دەبێتە ئەنجامدانی تاوان و دەستبەسەر ئەو هەقدەستەدا دەگیرێت کە وەریانگرتووە.
خاڵی دووەم، هاندانی خاوەنکارەکانی بەریتانیایە بۆ دامەزراندنی توانای ناوخۆیی و لێپرسینەوە لەو خاوەنکارانەی کە هەقدەستێکی کەم بە کرێکاران دەدەن. هەروەها بۆ ئامادەکردنی لێهاتوویی و شارەزایی ناوخۆیی بۆ پڕکردنەوەی ئەو هەلی کارانەی کە لەئارادان.
سێیەم ، مەسەلەی ئەنجامدانی گۆڕانکاریە لە یاساکانی یەکێتی ئەوروپادا، بەشێوەیەك کە هاندانی هاوڵاتیانی ئەوروپی بۆ هاتنە بەریتانیا کەم بکەنەوە. ئەم خاڵە قورسترینیانە لەبەرئەوەی پەیوەندی بە سەرجەم ئەندامەکانی یەکێتی ئەوروپاو و دانوستاندن هەیە لەگەڵیاندا. هەندێك لە خاڵەکانی پرۆژە یاساکە دەچێتە خانەی هێڵی سوری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوە.
هەر لە پڕۆژە یاساکەدا باس لە مەسەلەی ڕوبەڕووبونەوەی قەیرانی کۆچی هاوڵاتیانی ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەڕێگەی نایاسایی و مەترسیدارەوە بۆ ئەوروپا کراوە.
دوای خستنەروی پلانەکانی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆچکردن، ڕاستەوخۆ کاردانەوەی لایەن و رێکخراو و کەسایەتیە جیاجیاکان هاتە ئاراوە، بەشێوەیەک پەنجە دەخەنە سەر چەند بەربەستێک لەبەردەم پرۆژە یاساکەدا و هەندێکیش ڕەخنە لە حکومەت دەگرن لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتە هەستیارەدا.
یەکێک لە پەرلەمانتارەکانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا ڕایگەیاند، بابەتی دۆزینەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچکردوانی نایاساییدا، هەم مەسەلەیەکی هەستیارە، وەك ئاماژەی پێداوە و هەم زحمەتە بۆ هێزەکانی پۆلیس، وەك سەرۆکی فیدراسیۆنی پۆلیسی بەریتانیا باسی لێوەکردووە.
لە کاردانەوەیەکیشدا هەندێك لە نوێنەرانی سەرمایەدار و بازرگانیەکان ناڕازی بوونی خۆیان پیشانداوە بەرامبەر بە پرۆژە یاساکە و وردەکاریەکانی ناوی.
لە سەرەتای ئەمسالەوە شەپۆلی کۆچکردنی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بە تایبەت دوای تەشەنە سەندنی قەیرانی ناوخۆیی هەریەکە لە وڵاتانی میسر و لیبیا و سوریا و عێراق و چەند دەوڵەتێکی تری باکوری ئەفریقا.

No comments:

Post a Comment