Tuesday, May 12, 2015

نەتەوەیەكگرتووەكان: قاچاخچی كورد لە نێو باندەكانی قاچاخچی لە ئاسیادا هەیە

20150512191340713195ئاژانسی ئۆفیسی نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە مادە هۆشبەرەكان و تاوان (UNODC) لە دواهەمین ڕاپۆتی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی قاچاخچێتیكردن بە كۆچبەرانەوە لە ووڵاتانی ئاسیا هۆشداری دەدات و داوا دەكات لە ووڵاتانی ئەو كیشوەرە كە باشتر سنورەكانیان كۆنتڕۆڵ بكەن و هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ لێكۆَلینەوە و بە سزاگەیاندنی باندە قاچاخچیەكانی كۆچبەران.
بە پشت بەستن بەو زانیاریانەی دەست ئەو ئاژانسەی یوئێن كەوتون و لەو ڕاپۆرتەدا باسكراون ، كۆچبەرانی ووڵاتانی ئاسیا لەلایەن قاچاخچیەكانەوە دووچاری خراپ مامەڵەكردن و چەوسانەوە و هەڵخەڵەتاندن دەبنەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا كەلە 28 ووڵات و ناوچەی ئاسیادا ئەنجامدراوە ، ڕەگەزو نەتەوەی چەندین باندی قاچاخچی كۆچبەران ئاشكرا دەكات و لەناویشیاندا باس لە هەبوونی قاچاخچی بەڕەگەز كورد دەكات كە هەندێكیان ، وەك ڕاپۆتەكە دەڵێت، وادەردەكەون كە تەنها شارەزاییان هەیە لە بە قاچاخبردنی كۆچبەرانی بەڕەگەز عێراقی و كورد و هەندێكیشیان بەشداریشن لە بە قاچاخبردنی كۆچبەرانی ووڵاتانی تریش لە باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا.
بەپێی زانیاریەكانی ئاژانسی هەواڵ ڕۆیتەرزیش كە بەشێكیان پشتی بە زانیاریەكانی ئەو ڕاپۆرتە بەستووە ، قەبارەی ساڵانەی بازرگانیكردن بە كۆچبەرانەوە لە ئاسیا بە دوو ملیار دۆلار مەزەندە دەكات و تایلەندو مالیزیایش كە دوو ووڵاتی ئەو كیشوەرەن لەناو خراپترین ناوەندەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە ڕیزبەند دەكات.
هەروەها ڕاپۆرتەكە هۆشداریدەدات كە مانەوە و كاركردنی ئەو كۆچبەرانە بەشێوەیەكی نایاسایی لە ناو ئەو ووڵاتانەی كە بە قاچاخ بۆی چوون دووچاری خراپ مامەڵەكردن و ستەملێكردنیان دەكات و پێشبینی ئەوەش دەكات كە كۆچكردن لەناو خودی ووڵاتانی ئاسیادا بەڕێژەیەك زیاد بكات كەپێشتر تۆمار نەكرابێت.

No comments:

Post a Comment