Monday, May 11, 2015

عێراق دژی ناردنەوەی بە زۆری هاووڵاتییەکانیەتی


وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق نیگەرانی و دودڵی خۆی نیشاندا سەبارەت بە هەوڵی ژمارەیەک لە دەوڵەتانی بیانی بۆ دەکردنی پەنابەرە عێراقییەکان لە خاکی وڵاتەکانیان.
ئەسغەر موسەوی بریکاری پێشکەوتوو لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران لە بەیاننامەکدا، کە دوای پێشوازیکردنی لە یەلیندا لویس جێری باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بڵاویکردەوە ڕایگەیاند، پێویستە گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرە عێراقییانەی کە داواکردنی مافی پەنابەرێتیان ڕەتکراوەتەوە، بەشێوەیەکی خۆویستانە بێت نەک بە زۆر.
ڕوونیکردەوە وەزارەتەکەی لەگەڵ هەردوو وەزارەتی دەرەوە و ناوخۆ کۆبووەتەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی شێوازی گەڕاندەوەی ئەو پەنابەرانە.
موسەوی ئاماژەی بەوەکرد، هیوادارە ئەو وڵاتانەی بە نیازی دەرکردنی پەنابەرە عێراقییەکان پەلە نەکەن لەو بڕیارەیان، چونکە بڕیاری لەو شێوەیە، پێچەوانەی بنەما و پێوەرەکانی مافەکانی مرۆڤە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق جەختیکردەوە، سەرکەوتنی گەڕاندنەوەی خۆویستانەی ئەو پەنابەرانەی مافی پەنابەرێتیان ڕەتکراوەتە، سەرکەوتنە بۆ هەردوو حکومەتی عێراقیش و بەریتانیا.
لای خۆیەوە جێگری باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا ڕایگەیاند، کار کردن بە گوێرەی یاداشتنی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی عێراق و بەریتانیاتا ئێستاش کاری پێدەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نوێنەری نوسینگەی کۆچی بەریتانیا دەگاتە بەغدا، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ئەو نوێکاریانەی کە یاداشتەکەدا گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە، کە جەخت دەکاتەوە لە گەڕاندنەوەی خۆویستانەی ئەو پەنابەرە عێراقییانە کە لەو وڵاتەن.
بەر لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو دەوڵەتانی ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل کۆبوونەوە، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ لە بەرامبەر دیاردەی کۆچ بۆ وڵاتانی یەکێتییەکە، هەروەها قورس کردنی مەرجەکانی پێدانی مافی پەنابەرێتی بەو کۆچبەرانەی کە ڕوویان لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کردووە.

No comments:

Post a Comment