له‌مه‌ودوا هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بێ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی بالیۆزخانه له به‌غدا بكه‌ن، ده‌توانن له ڕێگه‌ی باڵیۆزخانه‌ی یۆنانه‌وه هه‌ردوو ڤیزای یۆنان و شه‌نگن وه‌ربگرن.
پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 28ی ئۆكتۆبه‌ری 2014، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له "دیۆنیسیۆس كیڤێتۆس" باڵیۆزی یۆنان له عیراق كرد كه دوای ده‌ستبه‌كاربوونی له مانگی ئابی ڕابردوودا، یه‌كه‌م جاره سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
له دیدارێكدا ڕه‌وش و پێشهاته ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی عیراق و ناوچه‌كه و جه‌نگی دژی تیرۆر و گرنگیی پێكهێنانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و ڕۆڵی پێشمه‌رگه له شكاندن و پاشه‌كشه‌پێكردنی تیرۆرستانی داعش، هه‌روه‌ها پێشوازیكردن له ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمی كوردستان و كۆمه‌ك و هاوكاریكردنیان له لایه‌ن حكوومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستانه‌وه، له‌گه‌ڵ پێویستیی هاوكاریكردنی زیاتریان له لایه‌ن عیراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، خرایه به‌ر باس و تاوتوێ كرا.
باڵیۆزی یۆنان باسی له سه‌ردانێكی خۆی بۆ پارێزگای دهۆك و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ڕه‌وشی ئه‌و ئاواره و په‌نابه‌رانه كرد كه له كه‌مپه‌كانی سنووری پارێزگاكه‌دا گیرساونه‌ته‌وه و تیشكی خسته سه‌ر كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ ئاواره و په‌نابه‌ران كه له چوارچێوه‌ی هاوكارییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا پێشكه‌شی كردوون و، دووپاتی كرده‌وه وڵاته‌كه‌ی له پێشكه‌شكردنی هاوكارییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش سوپاس و پێزانینی حكوومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستانی بۆ ئه‌م هاوكارییانه دووپات كرده‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و یۆنان و، كار و پرۆژه‌كانی كۆمپانیا یۆنانییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان كرا و، به تایبه‌تیش تیشك خرایه سه‌ر گرنگیدانی زیاتر به‌و بوارانه‌ی كه جێی بایه‌خی هه‌ردوولان.
وه‌ك هه‌نگاوێكی به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانیش، باڵیۆزی یۆنان ڕایگه‌یاند له‌مه‌ودوا هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بێ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی بالیۆزخانه له به‌غدا بكه‌ن، ده‌توانن له ڕێگه‌ی باڵیۆزخانه‌ی یۆنانه‌وه هه‌ردوو ڤیزای یۆنان و شه‌نگن وه‌ربگرن.
هه‌روه‌ها ڕوونی كرده‌وه كه له داهاتوویه‌كی نزیكدا هێڵێكی ئاسمانیی یۆنانی، گه‌شتی ڕاسته‌وخۆ له نێوان یۆنان و هه‌رێمی كوردستاندا ڕێك ده‌خات.
No comments:
Post a Comment