Showing posts with label Tourism. Show all posts
Showing posts with label Tourism. Show all posts

Wednesday, October 29, 2014

یۆنان ڤیزا شه‌نگن ده‌داته‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان


له‌مه‌ودوا هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بێ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی بالیۆزخانه‌ له‌ به‌غدا بكه‌ن، ده‌توانن له‌ ڕێگه‌ی باڵیۆزخانه‌ی یۆنانه‌وه‌ هه‌ردوو ڤیزای یۆنان و شه‌نگن وه‌ربگرن.

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28ی ئۆكتۆبه‌ری 2014، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ "دیۆنیسیۆس كیڤێتۆس" باڵیۆزی یۆنان له‌ عیراق كرد كه‌ دوای ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ مانگی ئابی ڕابردوودا، یه‌كه‌م جاره‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

له‌ دیدارێكدا ڕه‌وش و پێشهاته‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی عیراق و ناوچه‌كه‌ و جه‌نگی دژی تیرۆر و گرنگیی پێكهێنانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ له‌ شكاندن و پاشه‌كشه‌پێكردنی تیرۆرستانی داعش، هه‌روه‌ها پێشوازیكردن له‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان و كۆمه‌ك و هاوكاریكردنیان له‌ لایه‌ن حكوومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ پێویستیی هاوكاریكردنی زیاتریان له‌ لایه‌ن عیراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، خرایه‌ به‌ر باس و تاوتوێ كرا.

باڵیۆزی یۆنان باسی له‌ سه‌ردانێكی خۆی بۆ پارێزگای دهۆك و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ڕه‌وشی ئه‌و ئاواره‌ و په‌نابه‌رانه‌ كرد كه‌ له‌ كه‌مپه‌كانی سنووری پارێزگاكه‌دا گیرساونه‌ته‌وه‌ و تیشكی خسته‌ سه‌ر كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هاوكارییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا پێشكه‌شی كردوون و، دووپاتی كرده‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی له‌ پێشكه‌شكردنی هاوكارییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش سوپاس و پێزانینی حكوومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستانی بۆ ئه‌م هاوكارییانه‌ دووپات كرده‌وه‌. 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و یۆنان و، كار و پرۆژه‌كانی كۆمپانیا یۆنانییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرا و، به‌ تایبه‌تیش تیشك خرایه‌ سه‌ر گرنگیدانی زیاتر به‌و بوارانه‌ی كه‌ جێی بایه‌خی هه‌ردوولان.

وه‌ك هه‌نگاوێكی به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانیش، باڵیۆزی یۆنان ڕایگه‌یاند له‌مه‌ودوا هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بێ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی بالیۆزخانه‌ له‌ به‌غدا بكه‌ن، ده‌توانن له‌ ڕێگه‌ی باڵیۆزخانه‌ی یۆنانه‌وه‌ هه‌ردوو ڤیزای یۆنان و شه‌نگن وه‌ربگرن. 

هه‌روه‌ها ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا هێڵێكی ئاسمانیی یۆنانی، گه‌شتی ڕاسته‌وخۆ له‌ نێوان یۆنان و هه‌رێمی كوردستاندا ڕێك ده‌خات.

Monday, February 17, 2014

ئه‌رمینیا ئاسانكارى گه‌شت بۆ عێراقیه‌كان ده‌كات و كونسوڵگه‌رى هه‌ولێر ده‌كاته‌وه‌


NB-93275-635282318457507288 وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌رمینیا ئاشكرایكرد له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقدا حه‌وت ڕێكه‌وتنامه‌ی  هاوبه‌شیان ئیمزا كراوه‌ یه‌كێكیان تایبه‌ته‌ به‌هه‌ڵگرتنی باج له‌ نێوان هه‌ردو وڵاتداو ، به‌م نزیكانه‌ش كونسوڵگه‌ری خۆی له‌ شاری هه‌ولێر ده‌كاته‌وه‌.
 ئیدوارد نالباندیان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌رمینیا له‌ كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌نوسی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ هۆشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ به‌غدا ڕایگه‌یاند، ئه‌رمینیا هاوڕایه‌‌و شان به‌ شانی عێراق ده‌وستێته‌وه‌ ده‌رباره‌ی چه‌ندین كێشه‌ له‌ عێراقدا. 
 
نالباندیان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد هه‌ردو وڵات چه‌ند ڕێكه‌وتنامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان ئیمزا كردووه‌، له‌وانه‌ كردنه‌وه‌ی هێڵی ئاسمانی له‌ نێوان هه‌ردو وڵات‌و كارئاسانی بۆ هاتوچۆی عێراقیه‌كان بۆ ئه‌رمینیاو، له‌ گرنگترینیان هه‌ڵگرتنی باجه‌ له‌ نێوان هه‌ردو وڵاتدا.
 
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌رمینیا ڕونیكرده‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ نیازی كردنه‌وه‌ی كونسوڵگه‌ری خۆیه‌تی له‌ شاری هه‌ولێر له‌ نزیكترین ده‌رفه‌تدا.
 
دوێنی ئیدوارد نالبه‌ندیان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌رمینیاو وه‌فدێكی هاوڕێی له‌ ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غداوه‌ گه‌یشته‌ عێراق‌و له‌گه‌ڵ هاوتا عێراقیه‌كه‌و ژماره‌یه‌ك له‌ لێپرسراوه‌ باڵاكانی وڵات كۆبونه‌وه‌.
 NRT

Thursday, January 23, 2014

له‌ساڵی 2013 نزیكه‌ی‌ سێ ملیۆن گه‌شتیار هاتونه‌ته‌ هه‌رێم


ئەمرۆ پێنج شەمە دەستەی گشتی گەشتوگوزاری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا ئاماری گەشتیاران و شوێنە گەشتیاریەكانی‌ بۆ ساڵی‌ 2013 راگه‌یاندو به‌پێی ئاماره‌كه‌ نزیكه‌ی‌ سێ ملیۆن گه‌شتیار له‌و ساڵه‌دا هاتونه‌ته‌ هه‌رێم.

Rawanduz_Kurdistan_Region_Iraq__2012_08_29_h14m15s49__VR
نادر رۆستی‌ وته‌بێژی‌ ده‌سته‌ی‌ گەشتوگوزاری‌ هه‌رێم رایگه‌یاند لە ساڵی 2012 زیاتر لە (2,217,000 ) گه‌شتیار هاتۆتە هەرێم بەڵام لە ساڵی 2013 زیاتر لە (2,950,000) ژمارەكە لە رێژەی 33% زیادی كردووە. لە ساڵی 2013 لە مانگی ئاب زۆرترین گەشتیار هاتووە و لە مانگی نیسان كەمترین گەشتیار هاتووە. زۆرترین ژمارە لە ناوەراست و خواروی عیراق هاتووە و لە د
ەرەوەی هەرێم هاتووە. زیاتر لە ( 5,619,000) شەوی مانەوە هەبووە". 

ڕێژەی گەشتیاران بە پێی ناوچەكان:

1. ناوەوەی هەرێم = 16%
2. دەرەوەی هەرێم ( خوارو و ناوەڕاستی عێراق) = 66%
3. بیانی ( دەرەوەی وڵاتی عێراق) = 18%
...................................

ئاماری بنكە گەشتیاریەكان

میوانخانە= 524، مۆتیڵ= 282، گوندی گەشتیاری= 72، چیشتخانە و كافتریا= 1580، ژمارەی قەرویلە= 44793، ژمارەی ژوور= 
18640
بە شێوەی تێكرا لە 19% بنكە گەشتیاریەكان زیادیان كردووە.


پرۆژەی گەشتیاری لە 
2013
1- قەرزی گەشتیاری بە بری 20 ملیار دینار حكمەت لە رێگەی دەستەی گەشتوگوزار بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی دابین كرد و 100 پرۆژە سوود مەند بوون لەم قەرزە.

2- 45 پرۆژە بە بری 77 ملیار رەزامەندی بۆ وەرگیرا و لە 2014 دەچنە بواری جێبەجێكردن.

3- ماستەر پلانی گەشتیاری جێبەجێكرا و 67 پرۆژە دیزاینی سەرەتای بۆ كرا و 410 شوێنیش بۆ پرۆژەی ئایندە دەستنیشان كران.

4- ئامادەی گەشتیاری كرایەوە و بەشی گەشتیاری لە زانكۆی سلاحەدین و سلێمانی كرایەوە و 45 خولی جۆراوجۆر سازكراوە.

5- زیاتر لە 100 هەزار دەلیل و نەخشە و برۆشەر و چاپەمەنی كراوە و رێبەری ئەلەكترۆنی سەرمۆبایل و مالپەری تایبەت بە گەشتیاری بە چەند زمانیك دروست كراون.
.....................................
پرۆژەی 2014
1. بە بری 100 ملیار دینار پرۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێ دەكرێن كە بەشێكیان درێژكراوەی ساڵی 3013 
2. بە بری 3 ملیۆن دۆلار پرۆژەی بە بازاركردن (ناساندنی گەشتوگوزاری كوردستان) جێبەجێ دەكرێت.
3. بە بری 2 ملیۆن دۆلار پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شوێن گەشتیاریەكان جێبەجێدەكرێت.
4. قەرزی گەشتیاری بەردەوامی دەبێت

Sunday, October 20, 2013

ژماره‌ی گه‌شتیاران له‌ سلێمانی روو له‌زیادبوونه‌


به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربانی پیرۆز ژماره‌ی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی روویان له‌پارێزگای سلێمانی كرد، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كرد به‌به‌راورد به‌جه‌ژنی ره‌مه‌زان و له‌ماوه‌ی شه‌ش رۆژدا ژماره‌ی گه‌شتیاران گه‌یشته‌ زیاتر له‌ 30 هه‌زار كه‌س. 

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ راگه‌یاندنی گه‌شتوگوزاری سلێمانی به‌خه‌ندانی راگه‌یاند، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرا ژماره‌ی گه‌شتیاران بۆ پارێزگای سلێمانی به‌هۆی هاتنی وه‌رزی سه‌رما، روو له‌كه‌مبوون بكات به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بەراورد بە جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ رووی له‌زیادبوون كرد. 

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، " له‌ جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵدا ته‌نها ٢٢ هەزار گەشتیار ڕوویان لە شاری سلێمانی کردبوو، بەڵام هاتنی وەرزی سەرما نەبووه‌ هۆکار بۆ کەمبوونەوەی هاتنی گەشتیاران و بگرە هاتنی گەشتیاران زیادیکرد تەنها لە ماوەی ٦ ڕۆژدا له‌رۆژانی (11/10 تا 16/10) ژماره‌ی گەشتیاران لە سنووری شاری سلیمانی گه‌یشته‌ ٣١١٧٥ كه‌س". 

سه‌رچاوه‌كه‌ رایگه‌یاند، " له‌ڕێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی 2 هه‌زار و 600 گه‌شتیار و له‌ بازگەی (عەربەت- تاسڵوجە) 21 هه‌زار و 208 گه‌شتیار و له‌ مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ  7 هه‌زارو 367 گه‌شتیار له‌ماوه‌ی ئه‌و شه‌ش رۆژه‌دا هاتوونه‌ته‌ ناو شاری سلێمانی. 

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌رۆژانی دوایی جه‌ژن و دواتریش روو له‌زیادبوون ده‌كات و خه‌ندان له‌دوا ئاماری ژماره‌ی گه‌شتیاران بۆ پارێزگای سلێمانی ئاگادا ده‌كاته‌وه‌. 
خه‌ندان – 

Wednesday, August 21, 2013

لە هەولێر ڤیزای ئەڵمانیا دەدرێت


كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر رایدەگەیەنێت، لەماوەیەكی نزیكدا لە هەولێر ڤیزای ئەڵمانیا بە هاونیشتیمانیانی هەرێمی كوردستان دەدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21-8-2013، ئەلفرێد سیمس، كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر لەگەڵ بەهرۆز محەمەد ساڵح، پارێزگاری سلێمانی كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری سلێمانی داوای لە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا كرد هانی كۆمپانیا ئەڵمانییەكان بدات بۆ بنیاتنانی پڕۆژەی پیشەسازی لە شارە پیشەسازییەكان و دووپاتیكردەوە هەلومەرجێكی گونجاو هەیە بۆ سەرمایە گوزاری لەهەرێمی كوردستاندا.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی ئاستەنگەكانی پێدانی ڤیزای ئەڵمانیاو پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی هەرێمی كوردستان گەشت بۆ ئەڵمانیا دەكەن بە تایبەت بۆ چارەسەركردنی هەندێك نەخۆشی و داوایكرد لەرووی پێدانی ڤیزاوە كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان بكرێت.
لەبەرامبەردا كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر رایگەیاند، ئێستا سەرقاڵی زیادكردنی ستافەكەیانن و لە ماوەیەكی نزیكدا لە كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر مامەڵەی ڤیزای هاووڵاتیان رایی دەكەن.
رووداو- سلێمانی

Tuesday, August 13, 2013

سه‌ردانیكردنی‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێم بۆ ئێران زیادیكردوه‌


جیاواز له‌بۆنه‌و یاده‌كانی‌ پێشوو له‌م جه‌ژنه‌دا تاكو ئه‌مڕۆ ڕێژه‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌گه‌شتیار ڕوویان له‌كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران كردووه‌.

نه‌قیب ( زرار عه‌زیز) به‌رپرسی‌ بنكه‌ی‌ پاسپۆرتی‌ مه‌رزی‌ حاجی‌ ئۆمه‌ران ڕایگه‌یاند، له‌سه‌رجه‌م بۆنه‌‌و یاده‌كانی‌ پێشوو ژماره‌ی‌ سه‌ردانیكه‌رانی‌ ئێران بۆ هه‌رێم كوردستان زۆرتربوو له‌ژماره‌ی‌ گه‌شتیارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ئێران 
نه‌قیب زرار ڕوونیشی‌ كرده‌وه‌، له‌ماوه‌ی‌ پشووی‌ جه‌ژنی‌ ڕه‌مه‌زان تاكو ئه‌مڕۆ زیاتر له‌پێنج هه‌زار هاوڵاتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ڕێگه‌ی‌ مه‌رزی‌ حاجی‌ ئۆمه‌رانه‌وه‌ ڕوویان له‌كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران كردووه‌ له‌به‌رامبه‌ردا ته‌نیا دوو هه‌زار هاوڵاتی‌ ئێرانی‌ ڕوویان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كردوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ڕوونی‌ ده‌ری‌ ده‌خات كه‌ هاتنی‌ گه‌شتیاری‌ ئێرانی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ مه‌رزی‌ حاجی‌ ئۆمه‌رانه‌وه‌ ئه‌م جه‌ژنه‌ كه‌می‌ كردوه‌. 

لای‌ خۆشیه‌وه‌ (هاوكار عه‌زیز) پسپۆری‌ بواری‌ ئابوری‌ به‌ NNA ڕاگه‌یاند، به‌هۆی‌ دابه‌زینی‌ به‌های‌ پاره‌ی‌ ئێرانی‌ له‌به‌رامبه‌ر پاره‌ی‌ عێراقی‌‌و ئه‌و دۆخه‌ ئابوریه‌ی‌ ڕوویكردووه‌ته‌ ئێران، كاریگه‌ری‌ ڕاسته‌وخۆی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر كه‌مبونه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ گه‌شتیاران بۆهه‌رێمی‌ كوردستان. 

له‌ بۆنه‌و یاده‌كانی‌ پێشوتردا گه‌شتیارێكی‌ زۆر ڕوویان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كرد به‌لاَم ئه‌مساڵ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ كه‌می‌ كردوه‌.
-----------------------------------------------------------------
زانا ڕواندزی‌ _ ڕانیه‌/

Tuesday, May 14, 2013

له‌ كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی خۆته‌وه‌ به‌ سێ خوله‌ك ڤیزه‌ی توركیا به‌ده‌ست بهێنه‌


رووداو- هەولێر
 
له‌ هەنگاوێكی نوێدا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، خزمه‌تگوزاری ڤیزه‌ی ئه‌لیكترۆنی (E.VIZE) راگه‌یاند، كه‌ 94 وڵات و له‌وانه‌ش هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش ده‌گرێته‌وه‌.
 
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ رێگه‌ی ئه‌م هه‌نگاوه‌وه‌، ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییانی ئه‌و وڵاتانه‌ كردووه،‌ كه‌ پێشتر له‌ فڕۆكه‌خانه‌كان ڤیزه‌یان وه‌رده‌گرت و ماوه‌یه‌كی زۆریان له‌ چاوه‌ڕوانیدا به‌سه‌ر ده‌برد.
 
له‌ ئێستاوه‌ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانن به‌ سه‌ردانی ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌، فۆڕمێك پڕبكه‌نه‌وه‌ و له‌ماوه‌ی سێ خوله‌ك نامه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنییان پێده‌گات، كه‌ ره‌زامه‌ندیی ڤیزه‌كه‌یانه ‌و كاتێك بێ ڤیزه‌ ده‌چنه‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی توركیا، كۆپییه‌كی ئه‌و ئیمه‌یله‌ له‌سه‌ر كاغه‌ز له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌به‌ن و راسته‌وخۆ مۆری چوونه‌ژووره‌وه‌ له‌ پاسپۆرته‌كانیان ده‌درێت.
 
به‌پێی زانیارییه‌كانی رووداو، كاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ ئێستا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان، كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌م ڤیزه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ له‌ خاڵی سنووری ئیبراهیم خه‌لیل كاری پێبكرێت.
 
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌م ڤیزه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ هاووڵاتییانی سووریا و ئێران ناگرێته‌وه‌.
 

سەردانى گروپ و پەیجەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى کۆچ، مینحەى خوێندن، دەرفەتى کار لە وڵاتانى دەرەوە و کۆچى یاسایى:
https://www.facebook.com/kochikurdan
https://www.facebook.com/groups/102175996536494/
http://kochikurdan.wordpress.com/
http://immigration2australia1.blogspot.com/
https://twitter.com/Kurd_Migration

Tuesday, August 14, 2012

به‌راورد به‌ ساڵی‌ رابردوو رێژه‌ی‌ گه‌شتیارانی‌ هه‌رێم سه‌دا 66 زیادیكردووه‌


ژماره‌ی‌ گه‌شتیارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان  به‌رزده‌بێته‌وه‌
تادێت ژماره‌ی‌ گه‌شتیارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان  به‌رزده‌بێته‌وه‌ و به‌گوێره‌ی‌ ئاماره‌كانی‌ ده‌سته‌ی‌ گه‌شتوگوزاریش له‌شه‌ش مانگی‌ ئه‌مساڵدا، گه‌شتیارانی‌ هه‌رێم ژماره‌یه‌كی‌ پێوانه‌ییان تۆماركردووه‌ و زیاتر له‌ 941 هه‌زار گه‌شتیار  هاتونه‌ته‌ هه‌رێم،  رێژه‌كه‌ش به‌ به‌راورد به‌ ساڵی‌ رابردوو 66% زیادی‌كردووه‌.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا كه‌ ئه‌مرۆ 14ی‌ ئاب له‌ ده‌سته‌ی‌ گشتی‌ گه‌شتوگوزاری‌ هه‌رێم سازكرا و په‌یامنێری‌ خه‌ندان تێیدا ئاماده‌بوو، نادر روستی‌، وته‌بێژی‌ ده‌سته‌ی‌ گشتی‌ گه‌شتوگوزاری‌ هه‌رێم، ئاماری‌ شه‌ش مانگی‌ رابردووی‌ گه‌شتیارانی‌ هه‌رێم و ژماره‌ی‌ میوانخانه‌ و چێشتخانه‌ و كافتریاو شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی‌ ئاشكرا كرد.

 به‌پێی‌ ئه‌و ئاماره‌ له‌ شه‌ش مانگی‌ رابردوودا  هه‌رێمی‌ كوردستان دوو ملیۆن و 520 هه‌زار سه‌ردانكه‌ری‌ هه‌بووه‌ و له‌و رێژه‌یه‌ش 941 هه‌زار و 258 كه‌س به‌مانای‌ وشه‌ گه‌شتیار بوونه‌و شه‌وانه‌ ماونه‌ته‌وه‌‌و سه‌رمایه‌یان بۆ هه‌رێم هێناوه‌.

به‌وته‌ی‌ روستی‌: "ژماره‌ی‌ گه‌شتیاران ئه‌مساڵ له‌ ئاستێكی‌ پێوانه‌یدایه‌، چونكه‌ له‌ شه‌ش مانگی‌ سه‌ره‌تای‌  ساڵی‌ رابردوو 568 هه‌زار و 466 گه‌شتیار رویان له‌ هه‌رێم كردبوو،  به‌وپێیه‌ش به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ گه‌شتیاران  سه‌دا(66)ه‌".

ئاماده‌كاریه‌كان بۆ رۆژانی‌ جه‌ژن به‌شێوه‌یه‌ك رێكخراوه‌ كه‌ 233 هۆتێلی‌ گه‌شتیاری‌ و 177 هۆتێلی‌ میللی‌ و 1400 رێستۆرانت و كافتریای‌ میللی‌ و گه‌شتیاری‌ و 50 گوندی‌ گه‌شتیاری‌ ده‌كرێنه‌وه‌ و 29 هه‌زار و 816 قه‌ره‌وێڵه‌ی‌ گه‌شتیاری‌ و نۆ هه‌زار و 514 قه‌ره‌وێڵه‌ی‌ میللی‌ بۆ گه‌شتیاران ئاماده‌كراون، كه‌ ته‌واوی‌ ئه‌وشوێنانه‌ به‌ به‌راوردی‌ ساڵی‌ رابردوو له‌ سه‌دا 11 تا 20 زیادیانكردووه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كرد له‌ رۆژانی‌ جه‌ژن كۆمه‌ڵێك چالاكی‌ مه‌یدانی‌  به‌ سپۆنسه‌ر بۆ پێشوازیی‌ گه‌شتیاران ئه‌نجامده‌درێن، ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد"به‌ هه‌موو توانایه‌كیانه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن سیمایه‌كی‌ جوان نیشانی‌ گه‌شتیارانی‌ هه‌رێم  بده‌ن، چه‌ندین لیژنه‌شیان پێكهێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ رۆژانی‌ جه‌ژن نرخی‌ شتومه‌ك و پێویستیه‌كان زۆر به‌رزنه‌كرێته‌وه‌ و له‌ شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان بایه‌خێكی‌ زۆر به‌ پاكوخاوێنی‌ بدرێت، له‌ حاڵه‌تی‌ كتوپریش خێوه‌ت به‌سه‌ر گه‌شتیاران دابه‌شده‌كرێت".

 نادر روستی‌ راشیگه‌یاند: به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ گه‌شتیاران له‌ كاتێكدایه‌  كه‌ ده‌سته‌ی‌ گه‌شتوگوزار پلانێكی‌ ستراتیژی‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ تا كۆتایی‌ ئه‌مساڵ  رێژه‌ی‌ گه‌شتیاران بگه‌یه‌نێته‌ دوو ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌روو چه‌ندین میوانخانه‌ ژماره‌ی‌ ئه‌ستێره‌كانیان كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ شایه‌نی‌ ئه‌و ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ نه‌وبوونو به‌گوێره‌ی‌ ئه‌ستێره‌كان خزمه‌تگوزارییان تێدا نه‌بووه‌.
خه‌ندان- ده‌رباز ساڵح


Thursday, March 22, 2012

له‌ سێ رۆژدا 82 هه‌زار گه‌شتیار هاتونه‌ت هه‌رێمى كوردستان


چاوه‌رِێ ده‌كرێت ئه‌و ژماره‌یش زۆر زیادبكات 
له‌ماوه‌ى سێ رِۆژدا زیاتر له‌ 82 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانى شاره‌ جیاجیاكانى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه‌و وته‌بێژى ده‌سته‌ گه‌شت و گوزارى هه‌رێمیش رایده‌گه‌ێنێت ژماره‌ى گه‌شتیاران له‌زیادبوندایه‌و ژماره‌كه‌ش له‌چاو ساڵى رِابردودا نزیكه‌ى دووهێنده‌ بووه‌ته‌وه‌.
نادر رۆستى وته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتو گوزارى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ لێدوانێكى تایبه‌تدا به‌كوردیوى راگه‌یاند: له‌رۆژانى 18 و 19, 20 ئه‌م مانگه‌دا 82 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كردوه‌و ئه‌و ژماره‌یه‌ش له‌ زیادبوندایه‌ .
وته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتو گوزارى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وتیشى " گه‌شتیاره‌كان كوردانى باكو رۆژ هه‌لاَت و رۆژئاوان و ژماره‌یه‌ك عه‌ره‌بى عێراقیش به‌هۆى چه‌ژنى نه‌ورۆزه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ شاره‌ جیاجیاكانى هه‌رێمى كوردستان و له‌و ژماره‌یه‌ش 31 هه‌زارگه‌شتیار سه‌ردانى شارى سلێمانیان كردووه‌ 26 هه‌زاریشیان سه‌ردانى شارى هه‌ولێریانكردووه‌ 13 هه‌زارى تریشیان سه‌ردانى پارێزگاى دهۆكیان كردووه‌ ئه‌وانی تریشیان سه‌ردانى شارۆچكه‌كانى ترى كوردستانیانكردووه‌"
نادر رۆستى ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا " ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌چاو ساڵى رابردوودا زۆر زیادى كردووه‌ له‌ساڵى رابردوودا ته‌نها 57 هه‌زارگه‌شتیار له‌ئاهه‌نگه‌كانى نه‌ورۆزدا سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیانكردبوو، چاوه‌رِێش ده‌كرێت ئه‌و ژماره‌یش زۆر زیادبكات و هێشتا ئامارى رۆژانى 21 و22 شمان پێنه‌گه‌یشتوه‌ "

كوردیو