Wednesday, October 22, 2014

کەنەدا بە پڕۆژەی ستراتیژی بەشداری لە وەبەرھێنانی کوردستان دەکات

راوێژکاری بازرگانی کەنەدا لە عەممان و لوبنان و عێراق پێی وایە ئەگەرچی کەنەدا و کوردستان لەیەکترەوە دوورن، بەڵام دەبێت لە ڕێگەی بازرگانییەوە لەیەکتریان نزیک بکەینەوە.
لە ھەواڵێک کە لە ماڵپه‌ڕی فەرمی ژوورەکانی بازرگانییەوە وەرگیراوە، جۆن فلیپ راوێژکاری بازرگانی کەنەدا لە عەممان و لوبنان و عێراق،لەگەڵ شاندێک سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێری کردووە و شاندێک لە ھەرە گەورەترین کۆمپانیاکانی کەنەدای لەگەڵ بووە بۆ ئەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ببەستن.
جون فلیب لەو سەردانەدا گوتویەتی 'ھەرێمی کوردستان و کەنەدا راستە لەیەکتریەوە دوورن بەڵام دەبێت لە رێگەی بازرگانییەوە لەیەکتریان نزیک بکەینەوە'.
سۆران ئەبوبەکر جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر, لەو دانیشتنەدا گوتویەتی 'کەنەدا وڵاتێکی زۆر پێشکەوتووە لەسەرجەم سێکتەرەکان, بە تایبەتی لە سێکتەری نەوت و کارەبا و کشتوکاڵ و گەشتیاری، ئێمە دەمانەوێت پەیوەندیەکی پتەو لەگەڵ کەنەدا دروست بکەین و پێمان خۆشە کۆمپانیاکانی کەنەدا بێنە ئێرە و بەشداری لە پێشانگاکان و کاری وەبەرھێنانی ھەرێم بکەن بە تایبەتی لە سێکتەری نەوت و کشتوکاڵ و گەشتیاری کە زۆر پێویستیمان پێیەتی'. 
کۆمپانیای ئاس ئێن سی کە یەکێکە لەکۆمپانیا گەورەکانی کەنەدا جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەو کۆمپانیایە ئامادەی دانیشتنەکە بووە, غسان ئەشقر جێگری یەکەمی سەرۆکی کۆمپانیای ئاس ئێن سی کە کۆمپانیایەکی تایبەت بە نەوت و گازە و نزیکەی 15 ھەزار کرێکار لە کۆمپانیاکەیان کاردەکات و لە عێراق لە بوارەکانی وزە و کارەبا لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای چینی کاری ھاوبەشیان ھەیە, ھەروەھا لە کەرتی رێگاوبان و پرد و کەرتی کارەبا و کەرتی ئاو و ژینگەش پرۆژەی گەورەیان ھەیە و بارەگای لە ئەبوزەبیە, غسان گووتویەتی 'ئامادەین لە ماوەی داھاتوو پرۆژەی گەورە و ستراتیژی لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدەین.
 
 

No comments:

Post a Comment