Sunday, October 5, 2014

بەریتانییەكان بۆ بلیتی گەشتی كوردستان نۆرە دەگرن

كاتێك كە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی سەبارەت بە گەشتكردن بۆ ناوچەیەكی ناسەقامگیر، رۆژنامەنووسان تەنیا توێژێكن كە بەم هۆشدارییەوە پابەند نابن، بەڵام ئەمجارە گرووپێكی 30 كەسی ئەو هۆشدارییەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیان پشتگوێ دەخەن و مانگی داهاتوو سەردانی كوردستان دەكەن. 
دیلان هاریس، خاوەنی كۆمپانیای لوپینی گەشتیاری لە شاری مانچستەر، دەڵێ بلیتی گەشتێكی مانگی داهاتوویان و دوو گەشتی دیكەی ساڵی داهاتوویان بۆ كوردستان فرۆشراون. ئێستاش چەند كەسێك لە لیستی چاوەڕوانیدان بۆ گەشتەكانی دیكە.
"لە چەند مانگی رابردوودا نزیكەی 30 كەس ناویان بۆ گەشتكردن لەلای ئێمە تۆماركردووە و لە چەند هەفتەی رابردووشدا داواكاری زۆر هەبوون، بۆیە گەشتێكی دیكەم زیادكردووە بۆ خشتەی گەشتەكانمان". هاریس هەروەها گوتیشی "داواكاری هەبوو بۆ زیادكردنی گەشتێكی دیكە لەمساڵدا، بۆیە رەنگە لە مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ گەشتێكی دیكە رێكبخەین".
ژمارەیەك كۆمپانیای گەشتیاری لە بەریتانیا بۆ ماوەیەكی نادیار گەشتەكانیان بۆ كوردستان و عێراق وەستاندووە.‌ ئەوان چاوەڕێن ئەو توندوتیژییەی ئێستا كۆتایی بێت و بارودۆخەكە هەندێ جێگیر ببێتەوە.  هاریس دەڵێ بە وردی چاودێری بارودۆخی كوردستان دەكات و گەشتەكان كانسڵ دەكات ئەگەر بارودۆخەكە خراپتر بێت.
"نزیكەی چوار هەفتە لەمەوبەر خەریكبوو گەشتەكە كانسڵ بكەین، چونكە باردودۆخەكە مەترسیدار دیار بوو. بەڵام لەپاش هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا خەڵك دڵنیایان كردمە‌وە كە دۆخەكە گۆڕاوە و ئاسایی بووەتەوە. هیچ كەیسێك نییە كە تێیدا بیانییەك رفێندرابێت و هیچ كارەساتێكی نەخوازراو رووبەڕووی خەڵكی بیانی نەبووەتەوە لە كوردستان لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا".
هاریس رێڕەوی گەشتەكانی لە‌ كوردستان گۆڕیوە. ئەو شوێنانەی دەكەونە نزیك سنووری سووریا لە خشتەی گەشتەكەدا لابراون، بەڵام ئەو گۆڕانكارییە هاریس و گەشتیارەكانی نیگەران نەكردووە وەك سكیپی مێسیرۆی تەمەن 27 ساڵ. مێسێرۆ حەزی بە سەركێشییە. ئەو بە تەنیا بەسواری ماتۆڕ گەشتی كردووە بەناو مەكسیك و كوبادا.
"وە‌رزشكارێكی بەتوانام، زیاتر گەشتكردن وەك پێشبڕكێ و مەشقكردن تەماشا دەكەم، ئەوەش مانای ئەوەیە كە دەبێت مەترسییەكان بزانی و لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە خۆتیان بۆ ئامادە بكەیت. هەروەها پێویستی بە پلانی پێشوەخت هەیە". ئەو گوتیشی "ئەگەر شتێك روویدا دەبێت پلانی دەربازبوونت هەبێت. من دڵنیایی گەشتكردنم هەیە، بۆیە ئەگەر شتەكان بگۆڕێن ئەوا گەشتەكەم دوادەخەم یان كانسڵی دەكەم."
ئەو شوێنانەی لە لیستی گەشتەكانی هاریسدان، لەو ناوچانە نین كە زۆر سەلامەت بن بۆ گەشتكردن وەك كۆریای باكوور و ئۆكراینا و شوێنی دیكە. هاریس راهاتووە بە گۆڕینی پلانەكانی گەشت لە دواساتەكاندا، بەڵام ئەو داواكارییە زۆرەی گەشت بۆ باشووری كوردستان بە دڵنیاییەوە سەرسامی كردووە.
هاریس دەڵێت "كاتێك گەشتێك بۆ ئۆكراینا رێكدەخەین، نزیكەی 10%ی گەشتیارەكان پەشیمان دەبنەوە، بەڵام بۆ كوردستان و عێراق ئەوە نابینم". رەنگە ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك بێت، وەك هاریس گوتی "هەندێك كەس پێشتر نەیانزانیوە كە گەشتكردن بۆ عێراق مەحاڵە. چەندین كەس هەبوون كە ماوەیەكی زۆر بووە ویستوویانە بچنە عێراق، بەڵام چاوەڕێ بوون بارودۆخەكە ئاسایی بێتەوە".
گەشتیارانی ئەو گەشتە تەنیا بەدوای خۆشیدا ناگەڕێن. مێسیرۆ خاوەن بزنسێكە كە ماڵپەڕێكی هەواڵی نێودەوڵەتی نوێی كردووەتەوە. هەروەها هیوایەتی كۆكردنەوەی زانیارییە. 
"قوتابیم لە بەشی سیاسەتە گشتیەكان. دمەوێت ئەوەندەی بتوانم خۆم ببەمە دەرەوەی شتە ئاساییەكان. لەم گەشتەمدا دەڕۆمە عێراق و لەوێشەوە بۆ ئێران و پاشان ئیستانبوڵ و لەوێوەش دەگەڕێمەوە ئەمریكا. رەنگە بتوانم چەند كتێبێك بخوێنمەوە لە هەفتەیەكدا بەڵام كتێب هەموو شتێكت فێرناكات، بەبڕوای من پێویستە لەگەڵ خەڵكانی دیكە مامەڵە بكەی بۆ شكاندنی ئەوە."
مات بەیرۆنی تەمەن 29 ساڵ كە خەڵكی لەندەنە، لاپەڕەی گەشتی هەیە لە تۆڕی ئینتەرنێت. چەند مانگێك لەمەوبەر بلیتی گەشتەكەی بۆ كوردستان كڕیوە.
"كاتێك بلیتی گەشتەكەم كڕی لە مانگی نیسانی رابردوو، كوردستان و عێراق سەقامگیر بوون، هەروەها گەشتكردن لە برەودا بوو. چونكە ئەوێ هەلێكی زۆرباشە بۆ من، بۆ نیشاندانی تایبەتمەندییەكانی ئەو شوێنە لە یەكێك لە چیرۆكەكانمدا".
بێرن هەروەها بلیتی گەشتەكەی بۆ ئۆكراینا كاتێك كڕی كە بارودۆخی ئەو وڵاتەش سەقامگیر بوو، بەڵام لەسەرەتای دەستپێكردنی شەڕی لەو وڵاتەدا گەشتی كرد.
هاریس چەند داوایەكی لە گەشتیارەكانەوە پێگەیشتووە بۆ سەردانیكردنی كامپی ئاوارەكان و پێشكەشكردنی یارمەتی، ئەو گوتی ئەوە كارێكی پیرۆزە، "بەڵام تەنانەت ئەگەر نیازیشت باش بێت، بڕواناكەم سەردانی كامپی ئاوارەكان كارێكی دروست بێت، بۆیە قسەم لەگەڵ رێكخراوە خێرخوازەكان كردووە و داوام لێكردوون ئەگەر هەندێك لە گەشتیارەكان بەشداربن لەگەڵیان. ئەوان پرسیاریان كرد، دەتوانین چی لەگەڵ خۆمان بەرین، چی ببەخشین؟ هەوڵدەدەم بزانم چ رێكخراوێك پێشنیازی بردنی چ شتێك دەكات بۆ كوردستان، ئەگەر گوتیان باشە ئەوا ئەوە دەكەین".
لە گەشتەكەدا، دەچنە قەڵای هەولێر و مۆزەخانە و لەگەڵ هەندێك لە شوێنە مێژوویی و جوانەكانی كوردستان. بەڵام بۆ مێسیرۆ، هەلی چاوپێكەوتن و قسەكردن لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە كە لەژێر كاریگەری ناسەقامگیریدان، زۆر گرنگترە لە بینینی شوێنان.
ئەیمی گەتمان
رووداو- لەندەن

No comments:

Post a Comment