Friday, August 2, 2013

دووەم گروپى پەناخوازانى ئوسترالى بەپێى یاساى نوێ ڕەوانەى گیونیا کران


تایبەت بە بلۆگى کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا

وەزارەتى کۆچ و هاونیشتمانى ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە دووەم گروپى پەناخوازان کە 39 کەس بوون ڕەوانەى دوورگەى پاپوا نیو گینیا کراون و یاساى نوێیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت. 
وتەبێژى وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە ئەم دواهەمین گواستنەوەیە ما دوورگەى مانوس پەیامێکى ڕوون ڕەوانەى ئەوانە دەکات کە بە بەلەم دەگەنە ئەو وڵاتە کە چیتر ناتوانین نیشتەجێ بوون لە ئوسترالیا بەدەست بهێنن. 
بەپێى ڕێککەوتننامەى ئوسترالیا لەگەڵ پاپوا نیو گینیا، هەر پەناخوازاێکى گەیشتوو لەڕێگەى بەلەمەوە ڕەوانەى پاپوا نیو گینیا دەکرێن بۆ هەڵسەنگاندنى کەیسەکانیان و ئەگەر دەرکەوت پەناخوازن ئەوا لەوێ نیشتەجێ دەکرێن. 
ئەوانەى کە دەرکەوت پەناخواز نین ئەوا ڕەوانەى وڵاتەکەیان دەکرێنەوە یاخود وڵاتێک کە مافى نیشتەجێ بوونیان پێبدات، یان لە حاڵەتى گواستنەوەدا دەمێننەوە.
ئەو پەناخوازانە 39 کوڕى ئێرانى بوون، لەلایەن پۆلیسى فیدڕاڵى ئوسترالیاوە دەستگیرکران، لەگەڵ ستافێکى چاودێرى و وەرگێڕ و ستافى پزیشکى دوێنێ دوورگەى کریسمسیان جێهێت. 
ئەو گروپە ئەمڕۆ گەیشتنە پارێزگاى مانووس و نیشتەجێ دەکرێن لەکاتێکدا کە داخوازى پەنابەریان لەلایەن حکومەتى پاپوا نیو گینیاوە هەڵسەنگاندنى بۆ دەکرێت. 
وەزارەتى کۆچى ئوسترالى ڕایدەگەیەنێت ئەو گواستنەوانە بۆ پاپوا نیو گینیا بەردەوام دەبێت، ئافرەتان و منداڵان و کەسانى تریش دەگوازرێنەوە. 
حکومەتى ئوسترالى لەگەڵ پاپوا نیو گینیا کاردەکات بۆ فراوان کردنى سەنتەرى پڕۆسێسکردنى هەرێمى دوورگەى مانووس و هەروەها سەنتەرى نوێ دەکاتەوە لە هەمان وڵاتدا. 
وتەبێژى وەزارەتەکە ڕایگەیاند: ئەگەر خەڵکى چەندین هەزار دۆلار بدەن بە قاچاخچییەکان ئەوا وەکو ئەوەیە تکتى وڵاتێکى تر بکڕن نەک ئوسترالیا. 
لەکاتێکدا کە پەناخوازەکان لە فڕۆکە دادەبەزین ماوەیەکى کەم بەپێ دەڕۆیشتن و هێزى پاسەوانى ئاسایش چاودێرى دەکردن، تاوەکو دەگەیشتن بە پاسەکان کە دەیانگەیاندن بە شوێنى مەبەست. هەریەک لەو پەناخوازانە بڕێکى کەم خواردنى پێدراوە. 
یەکێک لە پەناخوازەکان هاوارى کرد و بەڕۆژنامەنووسان و خێزانەکەى دەوت: 
ئێمە نامانەوێت بێینە ئێرە. 
دەمانەوێت بچینە ئوسترالیا. 
ئۆپۆزسیۆنى پاپوا نیو گینیا لەڕێگەى دەستوورەوە داواى یاسایى ڕووبەڕووى ئەو ڕێککەوتنە دەکاتەوە. شایەنى باسە چەند مانگێک لەمەوبەر داوایەکى ترى یاسایى شکستى خوارد. 

No comments:

Post a Comment