Monday, August 19, 2013

ئەمریکیە کوردەکە !!!


هێمن مام ڕەش/ پێنسیلڤانیا، ئەمریکا


کریسچیەن دیگرێگۆریۆ بەرێوەبەری وەرگرتن لە زانکۆی (Marywood) لە ویلایەتی پەنسیلڤانیا دوای دوو سەردانی بۆ کوردستان و بینینی ئەو هەموو ڕێز و خۆشەویستیەی کە هاوڵاتیانی کورد نیشانیان داوە دەبێتە دۆستێکی باش و لە ئێستادا سەرۆکایەتی زانکۆکەی هێناوەتە ئەو باوەرەی کە چەندین ئاسانکاری بۆ خوێندکارانی کورد بکەن.
‌ئەو دەڵێت: "پێشتر تەنها چەند زانیاریەکی کەمم لەسەر هەرێمی کوردستان و خەلکەکەی هه بوو، بەڵام لە ئۆکتۆبەری ٢٠١١ لەواشنتۆن لەگەڵ پرۆفیسۆرێکی تر بەناوی (Alex) لەنووسینگەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ كاك قوباد تاڵەبانی یەکترمان ناسی و زانیاری زۆرترمان لەسەر کوردستان وەرگرت، هاوکات چەندین کەسیتری پێناساندین، هەر ئەو کات دەرفەتی سەردانێکی کوردستانی بۆ ڕێکخستین تا لە نزیکەوە بتوانین ئاشنای کەلتووری کورد بین و ببێتە هەلێکی باشیش بۆ خستنە ڕووی کۆلیژ و بەرنامە و خزمەتگوزاریەکانی زانکۆی Maraywood بەڕووی خوێندکارانی کورد".

ئەو دۆستەی کورد لە ماوەی ساڵێکدا بۆ بەشداریکردن لە پێشانگا پەروەردەییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دوو جار سەردانی کوردستانی کردووە، کرێسچیەن دەڵێت:
"لەیەکەم سەردانماندا دوای ئەوەی لە فرۆکەخانە بەرەو شوێنی حەوانەوەمان بەرێکەوتین لەپەنجەرەی ئۆتۆمبێلەوە دیمەنی ئەو هەموو پڕۆژە بیناسازی و ئاوەدانیەی کە لە جێبەجێکردندابوون سەرنجیان ڕاکێشام ، تێگەیشتم کە کورد لەهەوڵی پێشکەوتنێکی خێرایە و نایەوێت لەگەڵ میللەتاندا بە دوا بکەوێت" لەوەسفی هوڵاتیانی کوردیش کرێسچیەن ووتی: " لەزۆر شوێنی ئەمریکا گەراوم، زۆر ووڵات و گەلانم لە جیهان بینیووە، بەڵام ئەو گیانی هاورێیەتی و هاوکاری و دۆستایەتیەی کە من لە ماوەی مانەوەم لە کوردستان لە هاوڵاتی کوردم بینی هاوتای زۆرکەمە "
کرێسچیەن بە شێوەیەک سەرسامە بە کوردستان و کەلتوور و خەڵکەکەی کە هەمیشە باسی دەکات، بۆیە لە پرۆگرامی دایە دوای ئەوەى مناڵە ساواکانیان تۆزێک گەورەتربن ئەو کات بەگەشتێکی خێزانی بێتە کوردستان و شار و ناوچە جیاوازەکان زۆرتر ببینن.
‌‌دوای گەرانەوەی بۆ ئەمریکا کرێسچیەن هەوڵدەدات توانا و پێگەکەی خۆی بۆ یارمەتیدان و هاوکاریکردنی کورد بەگشتی و خوێندکارانی کورد بەتایبەتی بخاتە گەڕ، بە حوکمی ئەوەی کە بەڕێوەبەری وەرگرتنە لە زانکۆی مێری وود، سەرۆکایەتی زانکۆی هێناوەتە ئەو قەناعەتەی کە چەندین ئاسانکاری بۆخوێندکارانی کورد دەستەبەر بکات وەک: لێبوردن لە پارەی فۆڕمی پێشکەشکردن و داشکاندنی ڕێژەی ١٠٪ی پارەی کۆرسەکانی زمان و ٢٠٪ ی پارەی کۆرسەکانی ئەکادێمی و قبوڵکردنی خوێندکاران کە دەتوانن سەرەتالە دوورەوە بڕوانامە و بەڵگەنامەکانیان بنێرن پشان کە وەرگیران ئینجا نوسخەی ئەسڵی لەگەڵ خۆیان بێنن، هەروەها لابردنی مەرجی تاقیکردنەوەکانی GRE و GMAT لە ١١ پرۆگرامی خوێندن.
لە ئێستادا ٦ خوێندکاری کورد بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە بوارەکانی (پزیشکی، کارگێڕی، ڕاگەیاندن، ئەندازیاری، هونەر) لەو زانکۆیە دەخوێنن، بەدەیان خوێندکاری تریش داوایان پێشکەش کردووە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە خوێندن دەکەن.
‌بێوار معروف یەکەم خوێندکاری کوردە کە لەم زانکۆیە وەرگیرابێت خەریکی خوێندنی ماستەرە لە سەر کارگێری تەندروستی، بەدەر لە پڕۆگرامی تواناسازی لەسەر ئەرک و خەرجی خۆی دەخوێنێت، ئەو دەڵێت: "لەرێگەی (کرێسچیەن)ەوە وەرگیرام، ئاسانکاریەکی زۆری بۆ کردم، وا پێدەچێت خەڵکی تریشی ڕاسپاردبێت کە پێویستە هاوکاری خوێندکارەکوردەکان بکەن، چونکە زۆر جار لە زانکۆ لەهەر یەکێک لە ئۆفیسەکان کارم هەبوبێت کە دەیانزانی کوردم ڕێزی زیاتریان دەگرتم و ئاسانکاری زیاتریان بۆ دەکردم، من دڵنیام بەشێکی زۆری کاریگەری قسەکانی (کرێسچیەن)ە لە لای هاورێ و هاوکارەکانی بە باشی لەسەر کورد کردویەتی"
لەباسی ئایندەی گەلی کورددا کرێسچیەن بە بەراوردکردن لەگەل ووڵاتی چیک کە لە کۆتایی هەشتاکاندا لێی ژیاوە دەڵێت: "خیرایی ئاوەدانی و پێشکەوتن لە کوردستان زۆر زیاتر هەستی پێدەکرێت وەک لەوەی دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت چیک هەوڵی بۆ دەدا، بۆیە لام ڕوونە هەرێمی کوردستان ئایندەیەکی گەشتری دەبێت، هواداریشم کە ئەو پرۆسەیە بەردەوام بێت و کوردستانیش بگاتە ئامانجی خۆی"
کارۆخ کەریم کە خوێندکاری پرۆگرامی تواناسازیە و ماوەی چەند مانگێکە لەزانکۆی Marywood کۆرسی زمان دەخوێنێت بەنیازی بەدەستهێنانی بروانامەی ماستەرە لە کارگێڕی گشتی، لە باسی ئەو دۆستەی کورددا دەڵێت: " کرێسچیەن یەکێکە لە دۆستە هەرە بەوەفاکانی کورد، بەدەر لە کاروباری خوێندنیش بۆ هەرکارێکیتر و هەر شتێکیتر کە پێویستمان بە هاوکاری ئەو بووبێت بێگوێدانە کات و هەستکردن بە ماندووبوون بەتەنگمانەوەیە، هەندێکجار هەست دەکەم خۆی لە ئێمە بە کوردتر دەزانێت! "
‌کرێسچیەن هیواخوازە پەرە بە پەیوەندیەکانی بدات لەگەڵ کورد و لەئێستادا بەهاوکاری بەشی ئەکادیمی لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان خەریکی داڕشتنی نەخشەیەکە بۆ دروستکردنی پەیوەندی نێوان زانکۆیەکەیان و زانکۆکانی کوردستان، کە رەنگە سەرەتا بەکردنەوەی نووسینگەیەکی زانکۆکەیان لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکەن بۆ ئاسانکاری زیاتری وەرگرتنی خوێندکاران.
‌ئەگەرچی بەشێک لە کارەکانی کرێسچیەن پەیوەندی بە ئەرکەکانی خۆیەوە هەیە بەڵام وەفاداری و دڵسۆزی ئەو دۆستەی گەلەکەمان بۆ کوردستان و خوێندکارانی کورد لە دەرەوەی ئەرکەکانی خۆی مایەی ڕێز لێگرتنە.

No comments:

Post a Comment