لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌سه‌ر پێشنیازى په‌رله‌مانتارێكى كورد، پێشنیاز ده‌كات بۆ هه‌ردوو وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و په‌روه‌رده بۆ ئه‌وه‌ى پێنج یه‌كه‌مه‌كانى سه‌ر هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كى گشتى په‌روه‌رده له عیراق، ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه بكرێن به‌مه‌به‌ستى درێژه‌دان به‌خوێندن، راشیده‌گه‌یه‌نێت، كه هه‌رسێ پارێزگاكه‌ى هه‌رێم‌و ئیداره‌ى گه‌رمیانیش ده‌گرێته‌وه‌و پێشبینیش ده‌كه‌ن به‌م نزیكانه ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر داواكه‌یان ده‌رببڕدرێت.
بورهان محه‌ممه‌د فه‌ره‌ج، ئه‌ندامى لیژنه‌ى په‌روه‌رده له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بۆ خه‌ندان رایگه‌یاند :"له سه‌ر پێشنیازێكم، لیژنه‌كه‌مان نووسراوى كرد بۆ هه‌ردوو وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و په‌روه‌رده بۆ ئه‌وه‌ى پێنج یه‌كه‌مه‌كانى سه‌ر هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كى گشتى په‌روه‌رده بنێردرێنه‌وه ده‌ره‌وه به مه‌به‌ستى درێژه‌دان به خوێندن".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره كورده‌ى لیژنه‌ى په‌روه‌رده، روونشیكرده‌وه، كه پێشنیازه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كه كه پێنج یه‌كه‌مه‌كه‌ى پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی كه ده‌كاته به‌رامبه‌ر پۆلی (12) له هه‌رێمى كوردستان، له‌سه‌ر ئاستى هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كى گشتى بنێردرێنه‌وه ده‌ره‌وه، وتیشی :"داواكارییه‌كه هه‌رسێ پارێزگاكه‌ى هه‌رێم‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى گه‌رمیانیش ده‌گرێته‌وه، پێشبینیش ده‌كه‌ین به‌م نزیكانه هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه داواكه قبوڵ بكه‌ن‌و ئه‌و خوێندكارانه ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه بكرێن به‌مه‌به‌ستى درێژه‌دان به خوێندن".
بورهان محه‌ممه‌د فه‌ره‌ج، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه هه‌فته‌ى داهاتووش سه‌رجه‌م یه‌كه‌مه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان خه‌ڵات ده‌كرێن، وتیشی :" ژماره‌ى ئه‌و خوێندكارانه‌ى دیاریكراون بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵات بكرێن، بریتین له (27) خوێندكار له هه‌رسێ پارێزگاكه‌ى هه‌رێم‌و ئیداره‌ى گه‌رمیان‌و خوێندنى كوردى كه‌ركوك".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه خه‌ڵاته‌كه مادییه‌و بڕى دوو ملیۆن دینار ده‌درێت به‌هه‌ر خوێندكارێك.
خه‌ندان- سۆران كه‌ریم
No comments:
Post a Comment