Wednesday, October 24, 2012

ژمارەکان چى دەربارەى پەناخوازانى عێراقى و کورد لەوڵاتە بیانییەکان ئاشکرا دەکەن؟


بەشى یەکەم
کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا
هاوڕێیانم لە چەند بەشێکدا هەوڵ دەدەین ژمارەیەک داتا و زانیارى جۆراوجۆر بخەینەڕوو لەبارەى بارودۆخى پەناخوازانى کورد و عێراقى. ئەو ژمارانە زۆر گرنگن کە هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە بیزانن کە زۆرجار قاچاخچییەکان ئەوان هەڵدەخەڵەتێنن بە زانیارى نا دروست، وەکو ئەوەى بەرپرسانى ئوسترالى ئەوە ئاشکرا دەکەن.
بەپێى ئەو زانیارییانەى لەبەردەستدان، پەنابەرە عێراقییەکانى دەرەوەى وڵات 12% یان دامەزراون لە کەرتێکى تایبەت یان کارێک دەکەن لە وڵاتە بیانییەکان و 93%یان لەو ماڵانەدا دەمێننەوە کە حکومەت بۆى بەکرێ گرتوون و هیچ کارێکى جێگیرو باشیان نییە. لەم لینکەدا تەواوى زانیارییەکان دەبینن: http://www.theaustralian.com.au/opinion/columnists/end-the-boatpeople-centrelink-cycle/story-fnbkvnk7-1226476061727
لەماوەى ساڵانى 2007 بۆ 2009دا زیاتر لە 38 هەزار عێراقى 17%ى داخوازى پەنابەرییان لە وڵاتە ئەوروپییەکان پێکهێناوە، کە ئەمەش زۆرترین ڕێژەیە لە هەر وڵاتێکدا. 
لە وڵاتێکى وەکو بەڕیتانیادا ڕێژەى داخوازى پەنابەرى بۆ هەرساڵێک 2000هەزار عێراقى بوون لەنێوان 2003 بۆ 2009، کە تەنها 10%یان توانیان مافى پەناخوازى بەدەست بهێنن.
لە هۆڵەندا بەلایەنى کەمەوە 1300 پەناخوازى عێراقى هەن لە هۆڵەندا کە هەڕەشەى ڕەوانەکردنەوەیان لەسەرە بۆ وڵاتەکانى خۆیان. بەهەمان شێوە سوید ڕایگەیاندووە کە لە 2003ـەوە 20هەزار داخوازى پەنابەرى وەرگرتووە. لەم لینکەدا تەواوى زانیارییەکانى ئەم ژمارانە دەبینن:  http://www.dailymail.co.uk/news/article-2167985/Iraq-refuses-thousands-asylum-seekers-lost-right-stay-Britain.html#ixzz29LchnLr0
هاوڕێیان ئەم زانیارییانەى سەرەوە ئەو ڕاستییە تەواو ڕوون دەکەنەوە کە زۆرێک لە هەوڵەکانى کۆچ کردن بۆ دەرەوەى وڵات تەنها هەوڵێکن ئەگینا زۆرێک لەوان سەرکەوتوو نەبوون. گرفتەکە لەوەدایە کە کوردانى ئێمە وابزانن بەتەنها کۆچ کردنیان بۆ وڵاتێکى بیانى ئیتر هەموو ڕێگاکانیان بەڕوودا دەکرێتەوە.
زۆرجار دەڵێن سوید یەکێکە لەو وڵاتانەى کە زۆر پەناخوازى کورد و عێراقى وەردەگرێت، ئەمە دەکرێت تا ڕاددەیەک لە ڕابردوودا دروست بووبێت. بەڵام لەئێستادا بەو ژمارە زۆرەى داخوازى پەنابەرییەوە، زۆر ئەستەمە ئەو وڵاتە هەموو پەناخوازەکان وەربگرێت. چونکە وڵاتانى ئەوروپاش لەئێستادا لە قەیرانى دارایى خۆیاندان، لەشوێنى ئەوەى پەناخوازانى کورد بخەنەسەر کار ئەوا هەوڵدەدەن کارو ئیش بۆ هاوڵاتیانى خۆیان بدۆزنەوە.
ئەوەى زۆر زیاتر جێگەى مەترسییە وەکو ئەوەى لە ژمارەکاندا دەرکەوتووە ئەوەیە کە لەئێستادا مەترسى ڕەوانەکردنەوەو ڕەوانە کردنەوەى بەزۆرى پەناخوازانى کورد و عێراقیش هەیە. چونکە تاوەکو دێت عێراق و کوردستان بەرەو سەقامگیرى دەچێت، و یەکێک لە مەرجەکانى وەرگرتنى پەناخوازانیش لە وڵاتانى بیانیدا ئەوەیە کە هاوڵاتیەکە لەژێر مەترسى ئاسایش، نەژادى، ئاینى، نەتەوەیى یان هەرجۆرێکى تردا بێت. 
هیوادارم گەنجانى ئێمە بەجیددییەوە ئەو داتایانە بخوێننەوەو ئێمەش هەوڵدەدەین لە چەند بەشێکدا بیان خەینەڕوو...

No comments:

Post a Comment