Friday, October 12, 2012

خوێندن وەکو یەکێک لە ڕێگاکانى کۆچى یاسایى


بلۆگى کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا

یەکێک لەو ڕێگایانەى کە دەکرێت گەنجانى ئێمە لەڕێیەوە کۆچ بکەن سەفەرو کۆچ کردنە بەمەبەستى خوێندن. زانکۆکانى دەرەوەى وڵات، لە ئەوروپا و وئوسترالیاوە تاوەکو دەگاتە هەندێ لە زانکۆکانى ئەمریکاش دەرفەتى خوێندنى جیاواز دەبەخشن بە خوێندکارانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. یاخود هەندێ ڕێکخراوى تایبەتى هەن کە دەرفەتى خوێندن دەبەخشن بۆ خوێندکاران و قوتابیان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە بوارەکانى بەکالۆریۆس و ماستەرو دکتۆرا.
ئەم دەرفەتانە لەکاتێکدا دەرفەتن بۆ زیادکردنى ئەزموونى خوێندن و تواناى زانستى و پلەى مەعریفى خوێندکاران و قوتابیان لەهەمانکاتدا دەرفەتێکى زێڕینیشن بەمەبەستى پتەوکردنى بەهرە زانستییەکانى خوێندکاران. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دەرفەتەکانى خوێندن و سکۆڵەرشیپ و پشتیوانییە داراییەکان یەکێکن لەو ڕێگایانەى کە دەکرێت خوێندکاران سوودى لێوەرگرن بەمەبەستى ئەوەى کۆچ بکەن بۆ دەرەوەى وڵات و بۆماوەیەکى دیاریکراو بمێننەوە. لەوکاتەدا خوێندکاران بە تێڕوانینى خۆیان و بەواقعى بارودۆخەکان دەبینن و ئەوکاتە بڕیارى مانەوە یاخود دووبارە گەڕانەوە بۆ کوردستان دەدەن.
جێگەى باسە بەم شێوەیە کۆچ کردن هەندێ جار دەرفەتى ئەوەى لێوە پەیدا دەبێت کە خوێندکارەکە لەو وڵاتە بمێنێتەوەو دەست بەکارێکى جێگیر بکات و تواناکانى خۆى ئەوەندەى دى پەرە پێبدات. 
لەهەمانکاتدا هەندێجار خوێندکارەکە بیروبۆچوونى دەگۆڕێت و لەوانەیە بیر لەوە نەکاتەوە چیتر کۆچ بۆ وڵاتانى ئەوروپى بکاتەوەو لە وڵاتى خۆیدا خزمەتى بەردەوام بکات.
هەرچۆنێک بێت گرنگە گەنجانى ئێمە بە گرنگییەوەو بە تامەزرۆییەوە تەماشاى ئەم جۆرە لە کۆچ و سەفەرکردن بکەن چونکە لەدواجاردا خزمەتى مەعریفى و کۆمەڵایەتى و ژینگەیى و ئابوورى گەنجان دەکات و تواناکانیان پێش دەخات.
هیوادارم گەنجانى ئێمە هەمیشە لەشوێن ڕێگا یاسایى  ئاساییەکانەوە بن بەمەبەستى کۆچ کردن و خۆیان بەدوور بگرن لە مەترسییەکان و کۆچێکى چاوەڕواننەکراو و نادیار. کە چەندان گەنجى ئێمە بەداخەوە لەڕێگەى کۆچى نایاساییدا گیانى لەدەستداوە و ژیانى خۆیى و خانەوادەکەى بەرەو هەڵدێرو بێزارى چووە.

No comments:

Post a Comment