Thursday, February 26, 2015

ئامادەكاری دەكرێت بۆ دووبارە دیپۆرتكردنی پەنابەران

پاش ئەوەی حكومەتی ئوسترالیا گەشتە ڕێكەوتنێك لەگەڵ ووڵاتی كەمبۆدیا بۆ ڕاگواستن و نیشتەجێكردنی بەشێك لەو پەناخوازانەی كە بەشێوەیەكی نایاسایی و لەڕێگەی دەریاوە دەگەنە ئوسترالیا،  لەئێستادا ئامادەكاری دەكرێت بۆ گواستنەوەی بەشێك لەو پەناخوازانەی كە پێشتر نێردراون بۆ دوورگەی ناورۆ بۆ ووڵاتی كەمبۆدیا كە هۆكارەكەشی قەرەباڵغی ئەو كەمپانەیە كە پێشتر حكومەتی ئوسترالیا لەو دوورگەیە بۆ ئەو پەناخوازانەی كردۆتەوە. 

سەروبەندی ئەم ئامادەكاریانەش لەپاش ئەوە دێت كە ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی چەندین مافی مسۆگەر كردووە بۆ ئەو پەناخوازانەی كە پێدەچێت لەداهاتوودا بگوێزرێنەوە بۆ ووڵاتی كەمبۆدیا. 

بەپێی زانیاریەكانی ئاژانسی هەواڵی ئەی بی سی نیوز ، ئەو پەناخوازانە لە پاش ئەوەی دەیسەلمێنن پەنابەرن ئەگەری ئەوە هەیە بتوانن ئەندامانی خێزانەكانیشیان لە ووڵاتەكانی خۆیانەوە ڕابكێشن بۆ كەمبۆدیا و ئەمە جگەلەوەی كە ئەو پەنابەرانە مافی خزمەتگوزاری تەندروستی و خوێندنیان پێدەدرێت.

ئەو سەرچاوەیەی ڕێكخراوەكە كە بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەی بی سی نیوز دواوە دەڵێت هۆكاری بەشداریكردنیان لەو پرۆسەیەدا ئەوەیە كە ئەوان دڵنیا بوون لەوەی كە ئەو پەناخوازانە لەلایەن ئوسترالیاوە وەرناگیرێن و بەوەش لەو دوورگەیە داهاتوویان نادیارەو بە ووتەی ئەو سەرچاوەیە ئەوان بەرژەوەندی ئەو پەناخوازانەیان خستۆتە سەرو هەموو شتێكەوە. 

ماوەی چەند ساڵێكە حكومەتی ئوسترالیا بەردەوامە لە دیپۆتكردنی ئەو پەناخوازانەی بە شێوەیەكی نایاسایی و لەڕێگەی دەریاوە دەگەنە ئەو ووڵاتە بۆ چەند ووڵاتێكی دراوسێی خۆی وەك ووڵاتانی پاپانیوگینیا و ناورۆ ئەویش لەپاش ڕێكەوتن لەگەڵ ئەو ووڵاتانە و هاوكاریكردنیان لە بوژانەوەی كەرتی ئابووری ئەو ووڵاتانە ، كە ئەمەش بۆتە جێگەی نیگەرانی ڕێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی پەنابەران و ئەو جۆرە لە دیپۆرتكردن لە دەرەوەی ویستی ئەو پەناخوازانە بە پێشێلكاریەكی ئاشكرای پەناخوازانی لە قەلەم دەدەن.

بەپێی زانیاریەكانی ئەو ئاژانسە ، تائێستا هیچ پەناخوازێك بڕیاری ئەوەی نەداوە بە ویستی خۆی لەو دوورگەیەوە بگوازرێتەوە بۆ كەمبۆدیا ئەویش پێدەچێـت بەهۆی نیگەرانیان بێت لە خراپی دۆخی ئەو ووڵاتە كە پێشتر ڕێكخراوەكانی تایبەت بە داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ ئیدانەی ئەو ڕێكەوتنەیان كرد بەوەی ئەو ووڵاتە یەكێكە لەو ووڵاتانەی كە ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لەوپەری خراپیدایە و بەوەش سەلامەتی گیانی ئەو پەناخوازانە دەكەوێتە مەترسیەوە. 

هەرچەندە ئاماری دروستی پەناخوازانی عێراق لەو ووڵاتانە لەبەردەسیتدا نیە ، بەڵام پێشتر بە ووتەی ئەندامێكی پەرلەمانی ئوسترالیا بەگشتی نزیكەی 500 پەناخوازی بەڕەگەز عێراقی لە هەردوو دوورگەی پاپانیوگینیا و ناورۆ دەستبەسەرن ئەمە جگە لە هەبوونی چەندین پەناخوازنی تری بەڕەگەز كورد كە ڕەگەزیان وەك نەتەوەیەك لە خۆپیشاندانە بەردەوامەكانی ئەو پەناخوازانەدا ناودەبرێن .

شایانی باسە تائێستا دوو پەناخواز لە دوو دوورگەیە گیانیان لەدەست داوە كەیەكێكیان بەهۆی پشێوی لەنێوان پۆلیسی ئەو دوو دوورگەیە و پەناخوازانی خۆپیشاندەرەوە گیانی لەدەستداوە كە ئەویش بەڕەگەز كورد بووە. 

No comments:

Post a Comment