Monday, February 16, 2015

دوو پەنابەر لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی هەولێرەوە دیپۆرت دەكرێنەوە

فیدراسیۆنی پەنابەرانی سەرتاسەری عێراق ئاشكرای كرد، 2 پەنابەر لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، دیپۆرت دەكرێنەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە فیدراسیۆنی پەنابەرانی سەرتاسەری عێراقەوە بە (باسنیوز) دراوە، “خالید . ح”ی پەنابەر، كە ماوەی 13 ساڵە لە وڵاتی بەریتانیا ژیان بەسەر دەبات، ڕۆژی 17ی شوبات بە زۆرەملێ لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانی مەلەكی ئەردەنییەوە، دیپۆرتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەكرێتەوە.
خالید بە فیدراسیۆنەكەی ڕاگەیاندووە، 13 ساڵە لە وڵاتی بەریتانیا ژیان بەسەر دەبات، بەڵام لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە وەرگرتنەوەی قەبوڵ كراوە، بۆیە بلیتی گەشت كردنیان بۆ بڕیوە و سبەی 17/2/2015، لە فڕۆكەخانەی (هیسرۆ)وە بۆ فڕۆكەخانەی (عەمان) و لەوێشەوە بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دیپۆرت دەكرێتەوە.
هەمان فیدراسیۆن بە (باسنیوز)ی ڕگەیاند، پەنابەرێكی دیكە لە وڵاتی نەرویج، بە ناوی “عیرفان .ق”، كە لە گرتووخانەی دەستبەسەری (تراندۆم) لە نزیك فڕۆكەخانەی (ئۆسڵۆ)ی پایتەخت زیندانی كراوە، لە وڵاتی نەرویجەوە دیپۆرتی هەولێر دەكرێتەوە. ئەو پەنابەرەش بە سكرتاریەتی فیدراسیۆنەكەی ڕاگەیاندووە: “خێزانەكەم خەڵكی وڵاتی نەرویجە، كەچی ماوەی مانگێكە لەم گرتووخانەیەدا دەست بەسەرم، پێشیان ڕاگەیاندووم، دەبێت بە زۆر ئیمزا بكەیت و بۆ هەولێر بگەڕێیتەوە”.
عیرفان ئاماژەشی بەوە داوە، كە پۆلیسی گرتووخانەكە پێیان گوتووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕازی بووە وەری بگرێتەوە. دیپۆرت كردنەوەی ئەم پەنابەرانە لە كاتێك دایە، كە چەند جارێك حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، پەنابەری بە زۆرملێ لە فڕۆكەخانەكانی كوردستانەوە وەرناگرێتەوە.

No comments:

Post a Comment